ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ساڵڕۆژی لەسێدارەانی پێشەوا قازی محەمەد

هاوپەیمانی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران لە٧٩هەمین ساڵوەگەری لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و یارانی بەدەستی ڕژێمی دیکتاتۆری پەهلەوەی لە لێدوانێک دا ڕایگەیاند: بە پێداگری لە سەر هاوپەیمانیمان خەبات بۆ وەدیهێنانی مافی چارەی خۆنوسی نەتەوەکەمان بەردەوامە. 

ئەمڕۆ ١٠ی خاکەلێوە ٧٩هەمین ساڵوەگەری لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد سەرۆکی کۆماری کوردستان و یارانی بەدەستی ڕژێمی دیکتاتۆر و دژە کوردی حەمە ڕەزا شای پەهلەوی.

لەو بارەیەوە هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لێدوانێکی بڵاوکردەوە کە تێێدا هاتووە: ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی پێشەوا قازی محەممەد، سەیفی قازی و سەدری قازی لەلایەن حکومەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی لە چوارچرای شاری مەهاباد لەسێدارە دران.

لە ڕۆژانی پێش و دوای لەسێدارەدانی پێشەواش، کۆمەڵێکی زۆر لە ڕێبەران و کاربەدەستانی کۆماری کوردستان لەسێدارە درابوون.

لە ڕاگەیاندراوەکە دا ئەوەش هاتووە: بێگومان دامەزرانی کۆماری کوردستان لەلایەن پێشەوا و هاوبیرانی لەوکات و سەردەمەدا بڕیارێکی بوێرانە و بیرێکی بەهێزی نەتەوەیی کە بە لەخۆبوردویی و گیانفیداییەوە خەونی نەتەوەیەکی بندەستیان بەدی هێنا.

هەروەها به‌ڕێوه‌بردنی‌كۆماری‌كوردستان به‌و په‌ڕی ‌لێوه‌شاوه‌یی‌، به‌شداری تێکۆشەرانی کورد بۆپشتیوانی لە کۆمار، پێکهێنانی زۆرترین تەبایی لەنێو کۆمەڵی کوردەواری، بەدیهێنانی کۆمەڵێک دەستكەوتی مێژوویی کە تا ئەوكاتە لەمێژووی كورد و تەنانەت ناوچەکەشدا وێنەی نەبیندرابوو، ژیری و پێگەیشتوویی و گەورەیی كەسایەتی پێشوا دەردەخەن.

ئاماژە بەوەکراوە: دادگاییکردنی قازی محەممەد لە بێ‌دادگایی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی ڕەهەندێکی دیکەی کەسایەتیی پێشەوای کوردی سه‌لماند. پێشەوا بوێرانە لە بەندیخانەی حکومەتی پەهلەوی به‌رگریی لە مافە ڕەواکانی نەتەوەکەی کرد و بەسەربەرزییەوە گیانی خۆی فیدای کورد و نیشتمانەکەی کرد.

ئێستاش لە ساڵوه‌گه‌ڕی شەهیدکردنی پێشەوا قازی محەممەد لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بە درێژەپێدانی هەمان سیاسەتی سەرکوتکەرانەی ڕێژیمی پەهلەوی، نەک هەر نەتەوەی کوردی لە سەرەتاییترین مافەکانی بێبەش کردووە، بەڵکوو بە سیاسەتە شەڕخوازانەکانی، چارەنووسی ئێران و سەرجەم پێکهاتەکانی ئەم وڵاتەی بەرەو هەڵدێر بردووە. بێگومان هەتا ئەو ڕێژمەش مابێت، نە نەتەوەکانی ئێران مافەکانیان وەدی دێن و نە ئەمنییەت و سەقامگیری لە نێوخۆی ئێران و هەروەها لە وڵاتانی ناوچەشدا سەقامگیر دەبێت.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران جەخت دەکاتەوە لەسەر ڕێبازی پێشەوا و هەموو ئەو سەرکردە و تێکۆشەرانەی لە شۆڕشی نوێی کوردستان ڕۆڵ وکاریگەریی تایبەتیان بووە  و ڕادەگەیەنێت: خەباتیان بۆ وەدیهێنانی مافی چارەی خۆنوسی گەلی کورد بەردەوام دەکەن.

جەختیش دەکەنەوە، ڕژێمی ئێران ئیدی ناتوانێت دەنگی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان کپ بکات. بۆیە خەباتیان هەتا ڕووخانی ئەو ڕێژیمە بەردەوام دەبێت. پێداگری لەسەر ئەوەشدەکەنەوە یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان تاکە وەڵامی بەهێزە بۆ مایەپووچکردنی پیلانەکانی ڕژێم و پاراستنی کوردستان لە هەر ئاڵۆزییەکی ناوخۆیی و ناوچەیی.

Live
Hide picture