کۆتاییەک بۆ سەرەتایەکی شکۆمەندتر

کەناڵی ئاریەن تی‌ڤی ڕایدەگەیەنێت کە دوای ٩ ساڵ چالاکیی میدیایی، لە کۆتایی ئەم مانگەدا (ئاپریلی ٢٠٢٦) کۆتایی بە وەشانی خۆی دەهێنێت. ئاریەن تی.ڤی بە درێژایی ٩ ساڵی ڕابردوو، میدیاییەکی ئازاد بوو کە هەوڵی دەدات ئازادیی ڕادەربڕین بە بنەما بگرێت و بە ڕووماڵ‌کردنی پرسە کۆمەڵایەتی، ژینگەیی، سیاسیەکان و پرسەکانی ژنان و گەنجان لە ئێران و کوردستان ببێتە سەکۆیەک بۆ هەموو دەنگە کپ‌کراوەکان و پەراوێزخراوەکان.

لە مانگی تیرى ١٣٩٦، لە گەرمای ڕۆژى سیانزدەی تیر (٣ی ژوئیەى ٢٠١٧)، کاتێک شنەی ئازادی لە مێشکی ئازاداندا هەڵکرا، ئاریەن تی‌ڤی (Aryan TV) لەدایک بوو. ئاریەنێک کە دەبوو ببێتە مشەعەڵێک لە ناو تاریکیدا، دەنگێک بۆ بێدەنگکراوان، بۆ ژنان و ببێتە پردێک لە نێوان ڕاستی و کۆمەڵگایەک کە تینووی ئاگایی بوو.

ئارین تی‌ڤی بە پەیامێکی ڕوون هاتە مەیدان: پڕکردنەوەی بۆشایییەکی میدیایەکی راستگو، ئازاد و دیموکراتیک لە وڵاتێکدا کە دەنگی ڕاستی زۆرجار خنکێندرا بوو. ئێمە هاتین بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ئێران و کوردستان زانا بکەینەوە، بۆ ئەوەی بیرۆکەیەکی دیموکراتیک و ئازاد لە نێو خەڵکدا بەرز بکەینەوە؛ بیرۆکەیەک کە تێیدا هەموو مرۆڤێک مافی خۆی هەبێت بیری لێ بکاتەوە، هەڵبژێرێت و چارەنووسی خۆی بە دەست خۆی بگرێت.

سەرنجمان دا بە فرەیی و جیاوازیی نەتەوەکانی ئێران و بووینە تریبوونی ئازادیان. تا ئەو جێگایەی کە ئەرک و پەیاممان هەبوو، پرس و قەیرانەکانی ئێران و کوردستانمان خستە بەرباس و مشتومڕ و بووینە دەنگی خەڵکێک کە لە ئێراندا لە ژێر خەفەقاندان. سەرەڕای بەربەستە گەورەکان و سەختییە زۆرەکان کە لەبەردەمماندا بوون، هەوڵمان دا بە شێوەیەکی وێژدانی ئەم ئەرکانە جێبەجێ بکەین.

لەم ڕێگایەدا، ئاریەن تی‌ڤی زمانەکانی فارسی، بەلووچی، تورکی، لوڕی و کوردی بە هەموو شێوەزارە بەنرخەکانی — کەلهوڕی، کرمانجی، سۆرانی و هورامی — بەکار هێنا تا هیچ دەنگێک لە لێوارەوە نەخاتە ناو تەنیایی. ئێمە پرسەکانی گەلان، خەباتی دیموکراتیک و ئازادیخوازی، خەباتی ژنان بۆ ئازادی، هەوڵەکانی ئێکۆلۆژیک و پاراستنی سروشت، و هەموو چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانمان بە دڵسۆزی و بەبێ سانسۆر پێشکەش کرد.

وێژەی ئازادیخوازیی کوردیمان وەک یەکێک لە بنەماکانی فکری خۆمان دانا لە بەرامبەر شۆڤینیزم و فاشیزم کە کوردستانی لە ژێر چەوسانەوەدا هێشتبووەوە، و لە گفتوگۆکانماندا بەهاکانی وەک ژیانی ئاشتیانە، یەکسانی و دیموکراسی لە نێو گەلانی ئێراندا بڵاو کردەوە.

ئاریەن تی‌ڤی تەنها میدیا نەبوو، بەڵکو هەوڵێکی دڵسۆزانە بوو بۆ دروستکردنی کەلتوورێک کە تێیدا گفتوگۆ جێگای توندوتیژی ، ئاگایی جێگای نەزانی  و ئازادی جێگای ستەمکاری بگرێتەوە. ئێمە هەوڵمان دا دەنگی ئەوانە بین کە ساڵانێک سەرکوت کرابوون و بە هیوایەک بین بۆ داهاتوویەکی ڕووناکتر.

ئەمڕۆ، دوای ساڵانێک چالاکیی بەردەوام و بەرهەمدار، بە دڵێکی پڕ لە هەستی بەرپرسیاریەتی و شانازی بەوەی کە ئەنجاممان داوە، ڕادەگەیەنین کە چالاکییە تەلەفزیۆنی و میدیاییەکانی «ئاریەن تی‌ڤی» لە کۆتایی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٦ (سەرەتای گوڵانی ١٤٠٥) بە فەرمی کۆتایی دێت.

ئەم کۆتایییە، نەک کۆتاییەکی تەواو، بەڵکو بەشێکە لە ڕێڕەوی سروشتی ژیان و چوونە ناو قۆناغێکی دیکەی پێشکەوتن بە هەنگاوەکانی میدیایی دیکە. ئێمە باوەڕمان وایە کە تۆوەکانی کە لەم ساڵانەدا چاندومانە، لە مێشک و دڵی زۆرێک لە ئێوەدا ڕەگیان داکوتاوە و دەپشکوێت. هیوادارین ئەم ئاگایییە، ئەم هەستە ئازادیخواز و دیموکراتیکە، هەر بە زیندوویی لە ناو ئێوەدا بمێنێتەوە و ڕۆژێک بەرهەم بهێنێت.

سوپاس لە هاوڕێیەتی، پشتگیری و متمانەی یەک بە یەکتان دەکەین. ئاریەن تی‌ڤی لەوانەیە پەخشەکەی بکوژێتەوە، بەڵام دەنگێک کە هەڵی کردووە، هەرگیز ناکوژێتەوە.

ئاریەن تی‌ڤی

٢ی گوڵانی ١٤٠٥

٢٢ی ئەپریلی ٢٠٢٦

Live
Hide picture