
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیاندراوێکی نوێدا داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە لە بەرامبەر هێرشە درۆنی و مووشەککییەکانی ڕژێمی ئێران بۆسەر کەمپەکانیان هەڵوێستێکی جدی بگرێتە بەر و بە کردەوە هەوڵ بدات بۆ پاراستنی گیانی پەنابەرانی سیاسیی نیشتەجێی عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە ڕاگەیەندراوکەدا هاتووە: “ڕوو لە حکوومەتی عێراق دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە پێویستە هەڵوێست و کاردانەوەی جدییان هەبێت و هەنگاوی بەکردەوە، یاسایی و ڕاشکاوانە بنێن بۆ پاراستنی گیانی پەنابەرانی سیاسی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە.”
ڕاگەیەندراوەکە هەروەها بەگوێی بەرپرسانی عێراقیدا داوەتەوە کە “پاراستنی سەروەریی خاک و گیانی نیشتەجێبووانی هەرێم، ئەرکێکی دەستوورییە” و ئەو هێرشانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەک پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئەمنییەتیی نێوان دوو وڵات ناو بردووە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی خاکەلێوە بڵاو کراوەتەوە، ئەم هێرشانەی بە توندی شەرمەزار کردووە و وەک تاوانی تیرۆریستی و تاوانی جەنگ ناوی بردووە.
ئەم ڕاگەیەندراوەی هاوپەیمانی لە کاتێکدا هاتووە کە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ڕژێمی ئێران بەردەوامن بۆ سەر کامپ و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان.
لە نوێترین هێرشەکانی ڕژێمی ئێراندا، دوێنێ ١٧ی ئاپریل، سێ پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون و دوو کەسێکی دیکەش بریندار بوون. هەروەها ڕۆژی١٤ی ئەم مانگەش، هەر بەهۆی هێرشەکانی ڕژیمی ئێران، ژنە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان شەهید و دوو کەسی دیکە بریندار بوون.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ڕەخنەی توند لە بێدەنگیی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان گیراوە و داوای لێ کراوە ئەم هێرشانە بە فەرمی وەک تاوانی نێودەوڵەتی بناسێنێت.
هاوپەیمانی، لە هەمان کاتدا، سیاسەتی وڵاتان بەرامبەر بە ئێرانی بە “ساتوسەودا” وەسف کردووە و هۆشداریی داوە کە ئەو ڕژێمە سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان دەخاتە مەترسییەوە.
هاوپەیمانیی هیزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا داوای لە کوردانی دەرەوەی وڵات کراوە بە شێوەی ڕێکخراو و بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و چالاکیی مەدەنیی دیکە دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان لەدژی ئەم تاوانانەی ڕژێمی ئێران بەرز بکەنەوە.
هاوپەیمانییەکە لە هەمان کاتدا جەختی کردۆتەوە کە ئەم هێرشانە هەرگیز ئیرادەی خەباتیان لاواز ناکات، بەڵکو باوەڕیان بە دروستیی ڕێگایان بەهێزتر دەکات.
