هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران: هێرشەکانی ڕژیمی ئێران یەکڕیزیمان بەهێزتر دەکات

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا، وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشە درۆنییەکانی ئەمدواییەی ڕژێمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە کاتی ئاگربەستدا، ئەو هێرشانەی وەک نیشانەیەک لە بنبەستی سیاسی و سەربازیی ئەو ڕژیمە ناو بردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئەم پەلامارانە نەک نیشانەی هێز نین، بەڵکوو دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ڕژێم لە ئاست ئیرادەی گەلەکەمان و ئەو بنبەستە سیاسی و سەربازییەی تێی کەوتووە، تووشی شڵەژان و نائومێدی بووە.”

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی چەند هێرشی درۆنیی ڕژیمی ئیران بۆسەر کەمپ و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشمەرگەیەکی ژن بە ناوی غەزاڵ مەولان شەهید بوو و چەند پێشمەرگەی دیکە بریندار بوون.

ڕاگەیەندراوەکە ئەم هێرشانەی بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناو بردووە و داوای لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان کردووە هەنگاوی کردەیی بۆ وەستاندنیان بگرنە بەر.

هاوپەیمانی جەختی کردۆتەوە کە خەباتیان بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکان بەردەوام دەبێت و هێرشەکان ناتوانن ئیرادەیان بشکێنن.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیە:

“هێرش لە کاتی ئاگربەستدا، نیشانەی بنبەستی سیاسی و سەربازیی ڕژێمی ئێرانە

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

ڕای گشتی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان!

کۆماری ئیسلامیی ئێران، جارێکی دیکە لە ڕێگەی هێرشی درۆنییەوە، سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستانی پێشێل کرد و کامپی پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە ئامانج گرتەوە. ئەم هێرشانە کە لە کاتی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا کران، جارێکی دیکەپەردەی لەسەر ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ڕژێمێک لادا کە هیچ کات بڕوای بە ئاشتی و چارەسەری سیاسی نەبووە و سەرکوت، زەبروزەنگ و تیرۆر کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەیەتی. ئەم پەلامارانە نەک نیشانەی هێز نین، بەڵکوو دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ڕژێم لە ئاست ئیرادەی گەلەکەمان و ئەو بنبەستە سیاسی و سەربازییەی کەوتووە، تووشی شڵەژان و نائومێدی بووە.

بەداخەوە، لە نوێترین شەپۆلی ئەم هێرشانە بۆ سەر کامپەکانی “ئازادی”ـی حزبی دیموکرات و “سوورداش”ـی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، دوو پێشمەرگە بریندار بوون و “غەزاڵ مولان”، کچە پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، شەهید بوو.

هاوپەیمانیی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێت کە بە ئامانجگرتنی شوێنی ژیانی خەڵکی سڤیل و پەنابەران، پێشێلکردنێکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەروەها کۆنڤانسیۆنی ژنێڤە. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات، تەنیا بە ئیدانەکردنی ئەو هێرش و دەستدرێژییانە نەوەستن و هەنگاوی کردەیی بۆ ڕاگرتنی ئەم پەلامارانە بنێن کە هەم بێڕێزی و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و هەرێمە و هەم بەهێندنەگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

ڕژێمی ئێران دەبێت بزانێت کە تیرۆر، تۆقاندن و درۆنباران، ناتوانێت ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی سست بکات و ئەم هێرشانە یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستان بۆ کۆتایهێنان بە ستەمکاری و داگیرکاری بەهێزتر دەکات.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان وێڕای نوێکردنەوەی بەڵێن لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری ڕادەگەیەنێت کە هەتا ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و بەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەمان، لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبێت.

Live
Hide picture