ئیمارات بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانەوە تاوتوێی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکات

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێرانە تاوەکوو بتوانێ ڕێگری بکات لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی.
 
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی “ئاکسیۆس”، دوو سەرچاوەی ئاگادار ڕایانگەیاندووە، ئیمارات مافی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ خۆی پاراستووە.
 
ئاکسیۆس دەنووسێت: هێرشی ئیمارات بۆ سەر ئێران کارێکی بێ وێنە دەبێت؛ تاوتوێکردنی ئەم بژاردەیە نیشانەی تووڕەیی توندی وڵاتانی کەنداوە بەرامبەر بە هێرشەکانی ئێران کە ژێرخانە ئابوورییەکان و دامەزراوەکانی نەوت و گازی کردووەتە ئامانج. ئیمارات لە سەرەتای شەڕەکەوە تەنانەت زیاتر لە ئیسرائیلیش کەوتووەتە بەر هێرشەکانی ئێران.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوەندەکانی بڕیاردانی ئیمارات گوتی: “ئیمارات خەریکی تاوتوێکردنی گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەرگریی چالاکە دژ بە ئێران. هەرچەندە ئەم وڵاتە بە هیچ شێوەیەک دەستی لە جەنگەکەدا نەبووە، بەڵام بەرگەی ٨٠٠ موشەک و درۆنی گرتووە”. ئەو سەرچاوەیە وتیشی: “تێڕوانینی ئیمارات وایە کە هیچ وڵاتێک لە جیهاندا نییە لە بارودۆخێکی وەهادا، پێداچوونەوە بە دۆخی بەرگریی خۆیدا نەکات.”
 
جێی ئاماژەیە لە ڕۆژی یەکەمی جەنگدا، ئێران هێرشی کردە سەر ئیمارات، کووەیت، قەتەر و بەحرەین. لە ڕۆژی دووەمدا، مەودای هێرشەکان فراوانتر بوون و عومان و عەرەبستانی سعوودیەشی گرتەوە. ئەم هێرشانە بوونە هۆی ئەوەی قەتەر بەشێکی زۆری بەرهەمهێنانی گازی سروشتی ڕابگرێت.
 
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئێران ١٨٦ موشەکی بالیستیکی بەرەو ئیمارات هاویشتووە، کە ١٧٢یان تێکشکێنراون، ١٣یان لە دەریا کەوتوونەتە خوارەوە و دانەیەکیشیان لە خاکی ئیمارات کەوتووەتە خوارەوە.
 
هەروەها ٨١٢ درۆن ناسراونەتەوە کە ٧٥٥یان تێکشکێنراون و ٥٧یان لە ناوخۆی وڵاتەکەدا کەوتوونەتە خوارەوە. لەم هێرشانەدا ٣ هاوڵاتیی بیانی کوژراون و نزیکەی ٧٠ کەسیش بریندار بوون. وەزارەتی بەرگری ئیمارات هەروەها ڕایگەیاند: “ئیمارات مافی تەواوی خۆی دەپارێزێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پەرەسەندنانە و گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی خاک و هاوڵاتییان و دانیشتووانی.”
 
هێرشەکانی ئێران، شەڕەکەی گۆڕیوە بۆ قەیرانێکی هەرێمیی و تەنانەت ئەو وڵاتانەی هەرگیز نەیاندەویست ببنە بەشێک لەم ململانێیە، ڕاکێشراونەتە ناو شەڕەکەوە.
 
لە کاتی دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، ئێران بنکەکانی ئەمریکا و چەندین ئامانجی دیکەی لە ئیمارات، بەحرەین، کووەیت، قەتەر، عومان، ئوردن، عەرەبستانی سعوودیە و عێراق (لەوانەش هەرێمی کوردستان) کردووەتە ئامانج.
Live
Hide picture