
لە بەردەوامیی پشتگیریەکان بۆ هاوپەیمانی پارتەسیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێران بە لێدوانێک پشتگیری خۆی بۆ هاوپەیمانیەکە نیشاندا و ڕایگەیاند: یکێتی کوردستان هەنگاوی یەکەمی یکێتی هێزە دموکراتیکەکانی ئێرانە.
پێنج پارتی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەنگاوێکی مێژووییدا هاوپەیمانییەکیان ڕاگەیاند. ئەو هەنگاوە وەڵامێکی بەجێ بوو بۆ ڕێزگرتن لە گیانبەختکردوانی ڕێگەی ئازادی کوردستان، گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی مانگی بەفرانبار و هەموو شەهیدانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە سەرتاسەری ئێران.
پلاتفۆمی دیموکراتیکی ئێران لە لێدوانێک دا پشتگیری خۆی بۆ ئەو هاوپەیمانیە ڕاگەیاند و باس لەوەدەکات: ئەو هەنگاوە ژیرانە، تەنها سنوردار ناکرێت بە وەڵامێک بۆ دواخوازی گەلانی ئێران و یەکێتی گەلی کورد. بەڵکو یەکێتی کوردستان خاڵی دەستپێک و ناوەندی هاوپەیمانی هەموو هێزە دیموکراتیکەکانی ئێرانە.
پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێران ڕایدەگەیەنێت: ئامانجی هاوبەشی ئازادی، یەکسانی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ بۆ هەموو هاوڵاتیان و لایەنەکان دەبێت ئەوەندە گرنگ بێت کە تەواوی ناکۆکی و کێشەکانی فکری و مێژویی هێزە دیموکراتیکەکان لەپێناو کۆتاییهێنان بە دیکاتۆریەتی ئیسلامی ئێران تێپەرێنێت.
باس لەوە دەکات: هاوپەیمانی کوردستان میراتگرانی ڕاستەقینەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادین کە بە پێشەنگایەتی ژنانی کوردستان هەموو نەتەوە ئازادیخوازەکانی لەدەوری یەک کۆکردەوە.
دەردەکەوێت، ڕژێمی ئێران بەتەواوی لە هاوپەیمانی هێزە کوردیەکان دەترسێت و دەیەوێت ئەو هاوپەیمانییە تەنها لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا سنوردار بمێنێتەوە. هەروەها هەوڵ دەدات بە ناوی جوداخوازی بنەماکانی هێرش بۆسەر هاو پەیمانی کوردی ئامادە بکات.
لەلایەکی دیکە زهنییەتی فاشیستی ڕەزا پەهلەوی وچواردەوریشی دژی گەلی کورد لە شێوازی بەلاڕێدابردنی ڕایگشتی کەڵک وەردەگرێت. ئەو شێوازەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، سەدام، بەشار ئەسەد و فاشیزمی ئاتاتورک و پاشماوەکانی داعش لە سوریا دژی گەلی کورد کەڵکی لێوەردەگرن، واتا دەستەواژەی کوردان وڵاتەکەمان پارچە دەکەن.
پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێران ئەوە دەخاتەڕوو: گەلی کورد لە سەد ساڵی ڕابردوو، بۆتە پێوانەی دیموکراسی و پێکەوە ژیانی ئازادانەی گەلانی ئێران و ڕێکخستنە سیاسییەکان.
ئاشکرا بووە، ئەو هێزانەی سەرەتا هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد، پاشان هێرش دەکەنە سەر ژیان، ئازادی، وڵات و ماڵی هەموو کەس. ئەو دیکتاتۆرانە، سەرەتا بە هێرش بۆسەرکوردان بە شێووازێکی گێرەشێوانە و بە بیانوی جوداخوازی، سیستەمی دیکتاتۆری خۆیان دادەمەزرێنن. ئەو ئەرتەشانەی کوردستانیان غەرقی خوێن کردووە، هەر ئەوانیش گەلانی ئێرانیان لە سەرهەڵدانی مانگی بەفرانبار کۆمەڵکوژ کرد. دەبێت بزانن کوردستان هەرگیز چۆک دانادات، هەر بەو شێوازەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی هەرگیز شکست ناخوات.
