
لە یەکەمین ساڵیادی “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”، پەیامێکی نوێ لەلایەن ڕێبەر ئۆجالان بڵاوکرایەوە کە تێیدا جەختی لەسەر پێویستی گواستنەوە لە قۆناغی نەرێنی بۆ “قۆناغی بنیادنان و ئەرێنی” کردووە.
ئەم پەیامە لەلایەن شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان، دەمپارتییەوە بڵاوکرایەوە و لە ڕێوڕەسمێکدا لە هۆڵی ییلماز گۆنەی لە ئەنکەرە خوێندرایەوە. بە وتەی ڕێکخەران، دەقەکە لە دیداری ١٦ی شووباتی ٢٠٢٦ لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی ئامادە کراوە.
ڕێبەر ئۆجالان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە بانگەوازی ٢٧ی شووباتی ٢٠٢٥ بە مانای بێواتابوونی چەک لە بەرامبەر سیاسەتی دیموکراتیک بووە و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری نیشانەی هەڵبژاردنی ڕێگای سیاسی و «ئاشتیی دەروونی لەگەڵ کۆمار»ە. بە وتەی ئەو، پڕۆسەی یەک ساڵی ڕابردوو «توانا و هێزی دانووستان»ی سەلماندووە و زەمینەی گواستنەوە لە توندوتیژی بۆ ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکی خۆشکردووە.
ڕیبەر ئاپۆ هەروەها سوپاسی ڕۆڵی کەسایەتییە سیاسییەکانی تورکیا، لەوانەش ئەردۆغان، باخچەلی و ئوزگور ئوزەل کردووە و یادی سری سورەییا ئۆندەری بە ڕێزەوە بەبیر هێناوەتەوە.
لە پەیامەکەدا جەخت لەسەر یەکێتیی مێژوویی تورک و کورد، پێویستی دڵنیایی یاسایی بەهێز، ناساندنی هاوڵاتیبوون وەک بنەمای پەیوەندی بە دەوڵەت نەک نەژاد، و مافی ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕێکخستن کراوە. هەروەها ڕیبەر ئۆجالان ڕۆڵی ژنانی وەک هێزی پێشەنگی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک ناو بردووە و بانگەوازی زمانێکی نا فەرماندەرانە و بنیاتنراو لەسەر ڕێزگرتنی هاوبەشی لە ئەم قۆناغە نوێیەدا کردووە.
دەقی پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجالان بەمشێوەیەیە:
“بانگەوازەکەمان لە ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥، بەیاننامەیەکە بۆ ئەوەی سیاسەتی دیموکراتیک جێبەجێ بکرێت ئەوا چەک مانای خۆی لەدەست دەدات، بەیاننامەیەکی ڕوونە کە سیاسەت پەسەندکراو و تەواوکەرە. بە ئیرادە و پراکتیکی تاکلایەنە بەشێوەیەکی بنەڕەتی قۆناغی سەرهەڵدانی نەرێنیمان تێپەڕاندووە. پڕۆسەی ڕابردوو توانا و هێزی ئێمەی بۆ دانووستان سەلماند و دەتوانین ڕێگا خۆش بکەین سیاسەتی توندوتیژی و دووبەرەکیی بگوازینەوە بۆ سیاسەتی دیموکراتیک و ئەنتێگراسیۆن. بانگەواز و کۆنفڕانس و کۆنگرەمان بۆ ئەو مەبەستە بوو. بڕیارەکانی ڕێکخستنەکە بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە ستراتیژی خەباتی چەکداری نەک هەر ڕەتکردنەوەی فەرمی و پراکتیکی توندوتیژی، بەڵکو گۆڕانکارییەکی دەروونی بەرەو ڕێبازێکی سیاسی نیشان دا. لە هەمان کاتدا ئەمە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی دەروونی لەگەڵ کۆمارب بوو.
بە هەستێکی گەورەوە سری سورەیا ئۆندەر بەبیر دەهێنمەوە
ئیرادەی بەڕێز ئەردۆغان، بانگەوازەکەی بەڕێز باخچەلی، بەشداریی بەڕێز ئۆزەل و هەوڵەکانی هەموو کەسایەتی و دامەزراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی تر کە ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشدارییان لە پڕۆسەکەدا کرد، بە زۆر گرنگ دەبینم. بە تایبەتیش جارێکی تر یادی هەڤاڵمان “سری سورەیا” بە ڕێز و هەستێکی گەورەوە دەکەمەوە.
دیالێکتیکی پەیوەندییەکانی کورد و تورک
تورک بێ کورد و کوردیش بێ تورک نابن. ئەم دیالێکتیکە پەیوەندییە خاوەن کارەکتەرێکی مێژوویی ڕەسەنە. نووسینە بنەڕەتییەکان لە پڕۆسەی دامەزراندنی کۆماردا، یەکێتیی تورک و کوردیان نیشان دەدا. بانگەوازەکەمان لە ٢٧ـی شووباتدا هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕۆحی یەکێتییە و داواکارییەکە بۆ کۆمارێکی دیمۆکراتیک. ئامانجمان بوو میکانیزمی خوێن و ململانێ بشکێنین. لەبری بینینی مێژووییبوون، جدییەت و مەترسییە شاراوەکانی کێشەکە، ئەگەر بەپێی بەرژەوەندیی سیاسیی کاتی و تەسک بجوڵێینەوە، ئەوا هەموومان لاواز دەبین. هەوڵدان بۆ درێژەدان بە ئینکار و سەرهەڵدان، هەوڵدانە بۆ بەردەوامبوونی گەورەترین ناڕێکی. ئەو کۆسپانەی بەردەم یەکێتی لادەبەین کە لە دوو سەد ساڵی ڕابردوودا هەوڵدەدرا ئەم یەکێتییە بشێوێندرێت؛ مەرجەکانی یاسای یەکێتی جێبەجێ دەکەین. دەمانەوێت گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی چۆن بگەینە لای یەک و ژیانی پێکەوەیی بنیاد بنێین.
پێویستە دەربازی قۆناغی ئەرێنی بین
ئێستا دەبێت لە قۆناغی نەرێنییەوە بەرەو قۆناغی ئەرێنیی بنیادنان هەنگاو بنێین. ڕێگە بۆ سەردەم و ستراتیژێکی نوێی سیاسەت دەکرێتەوە. ئامانجمان ئەوەیە سەردەمی سیاسەتی توندوتیژی کۆتایی پێ بهێنین و پڕۆسەیەک لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سەروەریی یاسا بکەینەوە. داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەین لەم بوارەدا دەرفەت بخوڵقێنن و بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.
دەبێت دەوڵەت وەڵامی گۆڕینی دیموکراتیک بداتەوە
کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کۆدەنگی دیموکراتیک و ئەنتێگراسیۆن هەوێنی هۆشیاریی قۆناغی ئەرێنین. قۆناغی ئەرێنی شێوازەکانی تێکۆشانی زۆرەملێ و توندوتیژی وەلاوە دەنێت. ئامانجی بنیادنانی ئەرێنی دەستبەسەرداگرتنی هیچ دامەزراوە یان پێکهاتەیەک نییە، بەڵکو ئامانج ئەوەیە هەر تاکێکی کۆمەڵگە بتوانێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و بەشداری لە بنیادنانی کۆمەڵایەتیدا بکات. ئامانج ئەوەیە بونیادنانەکە بە یەکەوە و لە ناو کۆمەڵگەدا بێت. گرووپە چەوساوەکان، گرووپە نەتەوەیی، ئاینی و کولتوورییەکان دەتوانن لە ڕێگەی تێکۆشانی دیموکراتیکی بەردەوام و ڕێکخراوەوە، خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانیان بکەن. لەم پڕۆسەیەدا زۆر گرنگە کە دەوڵەت وەڵامی وەرچەرخانی دیموکراتیک بداتەوە.
