خولی داهاتووی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە ژنێڤ بەڕێوە دەچێت

لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، بڕیارە خولی نوێی دانوستانەکان ڕۆژی پێنجشەممە لە ژنێڤ بەڕێوە بچێت. لەلایەکی دیکەوە سبەینێ عەلی لاریجانی بەرەو مەسقەت بەڕێدەکەوێت.

بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان ڕایگەیاند، خولی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە ژنێڤ بەڕێوەدەچێت و پێدەچێت ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بێت.

هاوکات محەمەد ئەلعەریمی، سەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی عومان نووسیویەتی، بڕیارە عەلی لاریجانی وەڵامی ئێران بۆ پرسی ئەتۆمی ڕابگەیەنێت و بەو مەبەستەش سبەینێ سەردانی مەسقەت دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، دەزگایەکی ڕاگەیاندنی نزیک لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی، ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کردووە. ئەو دەزگایە هۆشداریی داوە، کە سەقامگیریی ئابووریی جیهانیی بەستراوەتەوە بە ئاسایشی گەرووی هورمزەوە و هەر ناکۆکییەک، دەتوانێت قەیرانی وزە و هەڵاوسانی جیهانیی دروست بکات.

ئەمە سێهەم دانیشتنی ئێران و ئەمریکا دەبێت و ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی کردوە، کە باشترە ئێران لەڕێگای دیپلۆماسییەوە لەگەڵیان ڕێکبکەوێت.

Live
Hide picture