هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندرا

ئەمڕۆ، پێنج پارت و لایەنی سیاسی کوردستانی ئێران هاوپەیمانێتییەکیان ڕاگەیاند، بەئامانجی دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردستان لە ئێرانی داهاتوو دامەزراندنی سیستەمی بەڕێوەبەری و دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئەو هاوپەیمانێتییە بانگەوازی لە هەموولایەنەکان و کۆمەڵگای کوردستان دەکات بەیەکێتی و یەکڕیزی بەشداری هاوپەیمانێتییەکە ببن.

ڕۆژی ٣ی ڕەشەممە، پێنج پارت و لایەنی سیاسی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش دا هاوپەیمانی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران یان ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بزوتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیان ساڵە بەشێوەی ڕێکخرا و بەردەوام دژی سەرەڕۆیی و دەسەڵاتی دیکتاتۆری ناوەندگەرا، لە پێناو مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی خەبات دەکات.

ئاماژە بەوەدەکەن، کوردستان لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ و هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، سەنگەر و ناوەندی سەرەکی خەبات و خۆڕاگری دژی ئەو ڕژێمە سەرکوتکارە بوە.

لەو ماوەیەدا کوردستان تێچوویەکی زۆری بۆ خەبات و خۆڕاگری داوە، شەڕی بەسەردا سەپاوە و بەدەیان ڕێبەری سیاسی لە سێدارە و تیرۆرکراون و هەزاران ڕۆڵەی تێکۆشەر و چالاکی سیاسی شەهیدبوون، لە زیندانەکان دا ژیانیان لێ سەندراوەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هێما بۆ ئەوەکراوە، کوردستان وەک جوگرافیایەیکی داگیرکراو میلیتاریزە کراوە و سیاسەتی سەرکوت و تاڵانکاری لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوەبراوە.

ڕایدەگەیەنن وەک ئەو لایەنە سیاسیانەی هاوپەیمانی هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران، بە پشت بەستن بە مێژووی تێکۆشان و سەرنج دان بە پێداویستی وەڵامدانەوەی و خۆ بینینەوە لە دۆخی ئێستای سیاسی ئێران، کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هیچ ڕەوایەتییەکی سیاسی نەماوە، بە مەخابنییەوە بەهۆی پەرتەوازەیی هێزە سیاسیە دژبەرەکان ماوەتەوە و لە کوردستان ووزە و ڕیزەکانی خەباتگێڕی خۆمان یەک خستوە و هاوپەیمانییەکی سیاسی ڕادەگەیەنن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەوە دەخەنە ڕوو، مەبەستی سەرەکی ئەم هاوپەیمانییە دوای گۆڕینەوەی بیروڕا و کاری مەیدانی لە ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری پێکهات و یەکڕیزی و هاوخەباتی زیاتر بۆ پەرەدان بە بزوتنەوەی سیاسی کورد لە ئێران و پێدانی سەنگ و ڕۆڵی زیاتری کوردستان و بزوتنەوە سیاسیەکەی لە تێکۆشان دژی کۆماری ئیسلامی، دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردستان و چۆنییەتی داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتوو.

ڕاشی دەگەیەنن، ئامانجە سەرەکی و هاوبەشەکانی هاوپەیمانێتییەکە خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ئێران.

بە دیهێنانی مافی دیاری کردنی چارەنوسی کورد و بنیاتنانی دامەزراوەی نیشتیمانی و دیموکراتیک لە سەر بنەمای ئیرادەی سیاسی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

پشتیوانی لە خەبات و ناڕەزایەتی سەرانسەری نەتەوەکانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی، لەم قۆناغەدا پێداگری دەکەن لەسەر پێویستی هەماهەنگی و هاوخەباتی سیاسی و مەیدانی نێوان لایەنە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستانی ئێران، لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی بەشەکانی دیکەی ئێران.

جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە وێڕای داکۆکی لەسەر شکڵگرتنی قۆناغی گواستنەوەی دیموکراتیک و گشتگیر، بنەمای هەر هاوکاری و هاوپەیمانیی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بە فەرمی ناسینی مافی نەتەوەکان، قبوڵکردنی دیموکراسی و ڕەتکردنەوەی هەرجۆرە دیکتاتۆرییەک دەبێت.

وەک هاوپەیمانییەکە لەسەر بنەمای باوەڕبوون بە  پاراستنی ژینگە و دادپەروەریی کۆمەڵاتیی، مافی یەکسانی ژنان و پیاوان، چەسپاندنی هەڵبژاردنی ئازاد، دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستان و دامەزراندنی سیستەمی بەڕێوەبەری دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

هاوکات بەئەرکی خۆیانی دەزانن بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسیی دیموکراتیک و سێکۆلار لە ئێران کە مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکان دەستەبەر بکات.

جارێکیتر جەخت لەسەت ئەوەکراوەتەوە لە ئێستادا زیاتر لە هەرکاتێک یەکێتی سیاسی و هاوگوتاری لایەنە سیاسیەکان و تێکۆشانی هاوبەش مەرجی بەهێزکردنی پێگەی کورد لە هاوکێشە سیاسییە بگۆڕەکانی ئێران.

لەسەر ئەو بنەمایە ئامادەی هاوکاری کردنن لەگەڵ هەموو پارت و لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی هاوپەیمانییەکە و هەموو خەڵکی کوردستان و بانگەوازی دەکەن بۆ خۆبینینەوە لە هاوپەیمانییەکەدا بانگهشێتی هەموولایەن بکەن.

هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پێکهاتوون لە هەریەکە لە:

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان

حیزبی دیموکرات کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

پارتی ئازادیی کوردستان.

Live
Hide picture