ئێران دەستبەرداری ئۆرانیۆمی پاشەکەوتکراوی خۆی نابێت

ئێران دەستبەرداری ٤٠٠ کیلۆگرام ئۆرانیۆمی خۆی کە بەڕێژەی سەرووی ٦٠ لەسەد پیتێندراوە، نابێت، بەڵام ئامادەیە لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا، لە خەستیی ئۆرانیۆمەکە کەم بکاتەوە. سەرچاوە ئاگادارەکان لە ئێران ئەمەیان بە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕاگەیاندووە.

ئەمە  ئەو پلانەیە کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئێران پێشکەشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لە ساتەوەختی چارەنووس‌سازی بڕیاردان لە نێوان بەکارهێنانی هێزی سەربازی یان بەردەوامیدان بە وتووێژەکان لەگەڵ ئێراندایە.

ئێران لە ئێستادا ۴۰۰ کیلۆگرامی ئۆرانیۆمی تا ئاستی ٦٠٪  پیتێندراوی هەیە (کە نزیکە لەو ئاستەی دەتوانرێت چەکی ئەتۆمیی پێ بەرهەمبهێندرێت)، بەڵام ئێران خوازیارە ئاستی پیتاندنەکەی بۆ ٢٠٪ یان کەمتر دابەزێنێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گاردیان، عەباس عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، دەڵێت ویلایەتە یەکگرتووەکان تەنانەت داوای “دەستبەرداربوون لە مافی پیتاندن لە ناو خاکی ئێران”یشی نەکردووە. لەبری ئەوە، تەئکیدی دانوستانەکان لەسەر ئاستی خەستیی پیتاندن و ژمارەی سانتریفیوژە ڕێگەپێدراوەکان چڕبووەتەوە.

پێشتر باس لە گواستنەوەی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ ڕووسیا و بەستنەوەی بەرنامەی پیتاندنی ناوخۆیی ئێران بە کۆنسێرسیۆمێکی دەرەکییەوە کرابوو. بەڵام سەرچاوە ئێرانییەکان جەخت دەکەنەوە لەوەی کە بیرۆکەی کۆنسێرسیۆم هەر باس نەکراوە.

میدیاکانی نزیک لە حکوومەتی ئێران لە زمانە دیپلۆماتکارێکی ئەو وڵاتەوە نووسیویانە: “لە کاتی دانوستانەکانی شاندی ئێرانی لەگەڵ ئەمریکا، ئێران جەختی کردووەتەوە کە ئۆرانیۆمەکەی هەرگیز لە وڵات ناچنە دەرەوە.”

ئەم هەڵوێستە تا ڕادەیەک توندە بە واتای ئەوە دێت کە ئێستا قورسایی سەرەکی لەسەر ئاستی دەستڕاگەیشتنی ئاژانس دەبێت بۆ پشکنینی سایتە ئەتۆمییەکان. پێشنیازەکەی ئێران ڕەنگە دیاریکەری ئەوە بێت ئایا ترەمپ ناچار دەبێت بڕیاری هێرشی کردەوەی سەربازی دژی ئێران بدات یان نا.

هاوکات لەگەڵ کێشمەکێشە دیپلۆماسییەکان، ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەردەوامە و ئەمڕۆ لەهەندێک زانستگەی ئێران لەوانە، زانکۆی زانستە پزیشکییەکان مەشهەد و دوو زانکۆی دیکە لە تاران، ناڕەزایەتیی بەڕێوەچوو کە توندوتیژی لێکەوتەوە.

زانکۆکانی ئێران، مانگی ڕابردوو لەترسی بەردەوامبوونی سەرهەڵانەکان داخرابوون، بەڵام ئەمڕۆ زانکۆکان کرانەوە.

لە زانکۆی شەریف، خوێندکاران درووشمیان دژی عەلی خامنەیی گوتەوە و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە سەرۆکی زانکۆ هەڕەشە بکات ئەگەر ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بێت، دیسان زانکۆکە دادەخرێت و پڕۆسەی خوێندن لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بەڕێوە دەچێت.

Live
Hide picture