
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پەژاک، بە بۆنەی٢١ ـی فێببرییە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە. پەژاک لە پەیامکەیدا جەختی کردەوە کە لەم قۆناغەدا کە گەلی کورد ڕووبەرووی پاکتاوی کەلتووری بووەتەوە، پاراستنی زمان و شوناسی نەتەوەیی کوردی بەشێکی دانەبڕاو لە تێکۆشانی دەبێت.
لە پەیامەکەدا هاتووە کە زمانی دایک مافێکی سروشتی و بنەڕەتیی مرۆڤە و دەبێ لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەکاربهێنرێت.
پەژاک بە ئاماژەدان بەوەی کە بە درێژایی سەد ساڵ رابردوو، کورد ڕووبەڕووی سیاسەتی قڕکردنی کولتووری و نکۆڵیکردن لە زمانی خۆی بووەتەوە، ڕایگەیاندووە: خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و کولتووری هۆکاری پاراستنی زمانی کوردی بووە.
پەژاک هەروەها بانگەوازی لە گەلی کورد کردووە هەر ماڵ و شوێنێک بکەن بە ناوەندی فێربوون و پاراستنی زمانی کوردی، و گرنگی بە پەروەردە بە شێوەزارە جیاوازەکانی زمانی کوردی بدەن.
پەژاک جەختی کردۆتەوە کە مسۆگەربوونی مافە سیاسی و کولتوورییەکان بنەمای گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئازادە.
دەقی پەیامەکەی پژاک بەم شێوەیەیە:
“لە کاتێکدا ٢١ـی شوبات، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بەرز ڕادەگرین، کە نەتەوەی کورد ڕووبەڕووی قڕکردنێکی بەردەوامی کلتوورییە، لە ئەنجامی شەڕخوازیی دەوڵەتە باڵادەستەکان لە هەر چوار بەشی کوردستان، هەبوون و کولتووری نەتەوەی کورد لە ژێر هەڕەشەدایە، لەم دۆخەدا پاراستنی زمان و شووناسی نەتەوەیی کورد بەشێکی دانەبڕاوە لە تێکۆشانی دیموکراتیک و ئازادیخوازیی نەتەوەکەمان، کە تا گەیشتن بە ئامانجەکان بەگوڕ دەمێنێ و بەردەوام دەکات، ئاخاوتن و پەروەردە بە زمانی دایک لە هەموو ژیاندا، مافێکی بێ ئەملاولای مرۆڤە، تەنانەت لە نەبوونی هەر پەیمان و یاسایەکی نووسراویشدا، ڕەوایی خۆی هەیە، چونکە مافێکی سروشتی و دەست لێبەرنەدراوە.
بەداخەوە لە سەردەمێکداین، کە بە هۆی لەمپەر و ئاستەنگەکانی ژیانکردن بە زمانی دایکی و بۆ پاراستنی مافە زمانییەکان، تەنیا ڕۆژێک بەم بۆنەیەوە تەرخانکراوە و پارتییمان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، ئەم بۆنەیە پیرۆز دەکات و لەسەر بنەمای باوەڕیی خۆی، جەخت لە پێویستیی ژیان بە زمانی دایک دەکاتەوە.
سەد ساڵ زیاترە، قڕکردنی کولتووریی دژ بە گەلەکەمان بەڕێوەدەچێت و بەرخۆدان لە بەرانبەریشیدا، بە هەمان درێژاییە، تێکۆشان لەپێناو پاراستنی زمانی دایک بۆ کورد، وەک پاراستنی هەبوون و پووچەڵکردنەوەی سیاسەتی قڕکردنی کولتووری بەڕێوەچووە و دەوڵەتە باڵادەستەکانی هەر چوار بەشی کوردستان، وەها سیاسەتی نکۆڵیکردنیان داڕشتبوو، کە لە سەدەی رابردوودا، کوردستان کرایە شوێنی شەڕێکی بەردەوام و کۆمەڵکوژیی بەربڵاو، لە ئێستاشدا شەڕی سێهەمی جیهانی، کە ناوەندەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانە، بەردەوام دەکا و ئەم دەوڵەتانە لە هەوڵی ئەوەدان، دوا قۆناغی شەڕە کۆمەڵکوژییەکانی خۆیان بەڕێوەببەن.
نەخشەڕێگەی گەلەکەمان لە بەرانبەر ئەم هێرشە دڕندانە، دیموکراسییە لە بەرانبەر فاشیزم؛ کە ئەمڕۆ لەلایەن ڕێبەر ئاپۆ، بە شێوەیەکی ژیرانە، لە چوارچێوەی پڕۆسەی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک»دا، سیمایەکی سیاسی و ڕێکخستنیی بەخۆوە گرتووە و بە ڕێکاری سیاسیی «ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک» داڕێژراوە، لەم پڕۆسەیەدا داواکاریی بەفەرمی ناسینی زمانی دایک بۆ گەلەکەمان و هەموو گەلانی دیکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە، ئەمەش ئەوپەڕی نەرمینواندنە لە بەرانبەر فاشیزمی توندڕە و شەڕخواز و گومانی تێدا نییە، هێزە نکۆڵیکارەکان بە هەڕەشەی شەڕ و تۆقاندن، هەروەها بە سیاسەتی نوێی قڕکردن، ناتوانن نەتەوەی کورد لە بەردەوامیی تێکۆشان پاشگەز و نائومێد بکەن.
ئەوەی لەم سەد ساڵەدا، نەتەوەکەمان کردوویەتی بە بەشێک لە تێکۆشانی بەردەوامیی خۆی، بەرەنگاربوونەوەی شۆفێنیزمی کولتووری و سیاسییە، شۆفێنزیمێک کە بەرزترین ئاستی خۆیدا، پێشی لە بەکارهێنانی زمانی دایک کردووە و لە هەوڵی سڕینەوەی شووناسی گەلەکەمان دایە، دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ لە جێگیرکردنی سیستمی دەوڵەت-نەتەوە، نەتەوەکەمان بە تێکۆشانی خۆی، هەموو سیاسەتە کۆمەڵکوژ و نکۆڵیکارەکانی پووچەڵ و ڕووبەڕووی تێچووی قورسی کردەوە، گەلەکەمان لەم پێناوەدا دەستکەوتی زۆر بەنرخی بەدەستهێناوە و زمانی کوردیی وەک پێویستییەکی مێژوویی پاراستووە، بێگومان ئەمە بەواتای ئەوە نییە، مەترسییەکان بە تەواوی کۆتاییان هاتووە، بەڵکوو پێویستە، تێکۆشانی کولتووریی نەتەوەکەمان ئاوێتەی تێکۆشانی سیاسی بکرێ، بۆ ئەوەی ئامانجی ئازادیخوازانەی خۆی بپێکێت، گەیشتن بە مافە سیاسییەکان، بنەمایەکی بنەڕەتییە بۆ مسۆگەربوونی مافە کولتووری و زمانییەکانی نەتەوەی کورد.
لە ئێستاشدا حکومەتی ئێران و تورکیا وەک دوو سیستمی نکۆڵیکاری کولتووریی و زمانیی، وەرچەرخانێکی مێژوویی دەرگای پێ گرتوون، پێویستە ڕێکارێکی نوێ دەست پێ بکات و مافە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد، بە فەرمی بناسرێن و گەلەکەمان هاوکات لەگەڵ گەلانی دیکە، لە داڕشتنەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بگەنە ستاتۆی سیاسی.
دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧ لە ئێران، مافەکانی کورد، بەتایبەت مافی ژیان و خوێندن و بەکارهێنانی زمانی دایکی نکۆڵی لێکرا، بەشێکی بەرچاو و گرنگی وزەی نەتەوەکەمان، کە دەبوو خزمەتی پێشکەوتنەکانی دیکەی بکردایە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی نکۆڵیی بەکار هێنرا. گەلەکەمان لە ڕێگەی ڕێکخراو و ناوەندە مەدەنی و کولتوورییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەباتی گرنگیان بۆ پەروەردە، گەشەپێدان و پاراستنی زمانی کوردی بەڕێوەبرد و لە ڕێگەی پەروەردەی نافەرمی و پێشخستنی بەرهەمە زمانی و کولتوورییەکان، تێکۆشان و بەگژداچوونەوە بەرانبەر نکۆڵیکردنیان، ئەنجام دا و ئێمە ئەم چالاکییانە بە تێکۆشانی بەنرخی کولتووریی دەزانین و ڕێزی لێ دەگرین، لە ئەنجامی ئەم خەبات و تێکۆشانانەی نەتەوەی کوردە، کە ئەمڕۆ زمانەکەمان پارێزراوە.
لەم هەلومەرج و دەرفەتەی کە پێی گەیشتووین، سیاسەتی ڕێگری لە پەرەوەردە بە زمامی دایک، لەلایەن دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان، کە لەسەر بنەمای دیدگایەکی شۆڤێنیزمی؛ کە یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک کولتوور، یەک مێژوو و یەک ئاڵا دەسەپێنێت، چیتر توانای کۆنتۆڵکردنی شەپۆلی تێکۆشانی کورد نەماوە، سیستمی دەوڵەت-نەتەوەی پشتئەستوور بە ئایدیۆلۆزی نەتەوەپەرەستیی سەرەتایی، چیتر بۆ تواندنەوەی کورد، کەڵکی نەماوە.
ئیتر کوردەکان لە پردی سیڕاتی قڕکردنی کولتووری پەڕیونەتەوە و گەیشتوونەتە قۆناغی جێگیرکردنی مافە سیاسی و کولتوورییەکانی خۆیان، ئەمڕۆ هەوڵ و تێکۆشانی نەتەوەکەمان لەو ئاراستەدایە، کە بە جێگیربوونی مافەکان لە دەستوورە بنەڕەتییەکاندا، ببن بە پرەنسیپی یاسایی و قۆناغی سیاسی بەفەرمی بەدیبهێنن، پەروەردە بە زمانی دایکیش، یەکێک لەو خاڵە یاسایی و پرەنسیپە دەست لێبەرنەدراوانەیە، کە جێگەی مشتومڕ نییە، درووستبوونی جیهانێکی دیموکراتیک، بە بێ مافی پەروەردە بە زمانی دایک مەحاڵ و بێبەشکردنی کورد لە مافی پەروەردە بە زمانی دایک لەسەر بنەمای سیاسەتی تواندنەوە، ئاماژەیە بە داڕمانیی مافە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان.
لە سۆنگەیەکی دیکەشەوە، گەشە و پەرەسەندنی زمانی کوردی و شێوەزارەکانی، بە پێشخستنی ڕێکار و سیاسەتگەلێک بەدیدێت، کە بنەما و پێوەرەکانی فرەچەشنی و فرە کولتووری قبوڵ بکات، باوەڕیی قووڵی پارتی و ڕێکخستنمان ئەوەیە، کە ئەم بابەتە لە نێوخۆی کۆمەڵگەی کوردیشدا، ڕاستە و دەبێت هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی، لە ئاستێکدا مافدار بن، سروشت و جەوهەری کوردستان تایبەتمەندیی جیاوازی هەیە و پێویستە ئەم تایبەتمەندییانە لە هەموو بوارەکاندا بایەخی پێ بدرێت، کوردستان گوڵستانی هەمەڕنگی و فرەیی ناوخۆییە، هەر جۆرە پلانێک بۆ زمانی دایک لە هەر شوێنێک کە نەتەوەی کوردی تێیدا دەژیت، دەبێ بە گوێرەی جیاوازی و تایبەتمەندییەکانی ئەو ناوچەیە بێت، زمانی کوردی بۆ نەتەوەکەمان یەکێک لە ڕەهەندە بنەڕەتییەکانی هەبوونە کە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی بەرفراوان لە ئاستی جیهانییدا، حکومەتە باڵادەستەکان لە کوردستاندا، نکۆڵی لێدەکەن و هێزە هێژمونگەرا نێودەوڵەتییەکانیش پشتیوانیان لەو سیاسەتە کردووە.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە هەموو نەتەوە چەوساوەکان، بەتایبەت نەتەوەی کورد، داوا لە نەتەوەکەمان دەکات، بۆ پاراستنی زمانی کوردی تێکۆشانی خۆیان بگەیەننە لووتکە و پێویستە هەر ماڵ و هەموو شوێنێک ببێتە خوێندنگەی پەروەردە و پاراستنی زمانی کوردی.
پەروەردە بە شێوەزارەکانی؛ سۆرانی، کرمانجی، کوردیی خوارین، هەورامی، لەکی و شێوەزار و زاراوەکانی دیکە، لە پێویستییەکانی سەرکەوتن و گەیشتنی کۆمەڵگەکەمانە بە ئازادی، ئەمە تاکە ڕێگەی ڕزگاربوون لە چەوسانەوەی نەتەوەیی و کولتوورییە و ئاخاوتن بە زمانی دایک، ئەرکێکی حاشاهەڵنەگری تاک بە تاکی ئێمەیە، بە پاراستنی زمانی کوردی دەتوانین پەرە بە مافە کولتوورییەکان بدەین و هاوکات بیانپارێزین ، پاراستنی زمانی کوردی، بەشێک لە ئازادییەکانی ئێمەیە، بژی کۆمەڵگەی ئازاد.”
