ڕۆیتەرز: ئەمریکا سووریای ئاگادارکردۆتەوە بەرامبەر هەندێک داوای کورد نەرمێ بنوێنێت

ڕاپۆرتێکی تایبەتی ڕۆیتەرز ئاماژە بەوە دەکات، هێشتا دۆخی چەندوچۆنی دەسەڵاتی کورد لە ڕۆژاوا ناڕوونە. لەڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، ئەگەرچێ ڕؤژی ٢٩ی مانگی ڕابردوو، ڕێککەوتنی ئاگربەست لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە پشتیوانی ئەمریکا ڕاگەیەندرا، بەڵام دیسان چەند پرس بە ناڕوونی ماوەنەتەوە.

 بە پێی ئەم ڕاپۆرتە هەنگاوە سەرەتاییەکان لە دوای ڕێککەوتنی ٢٩ی مانگی ڕابردوو، بە باشی بەڕێوەچوون. بۆ نموونە یەکە بچووکەکانی هێزە حکومییەکان لە دوو شاری قامیشلۆ و حەسەکە جێگیرکراون، شەڕڤانان لە هێڵەکانی پێشەوە کێشاونەتەوە، و دیمەشق ڕازی بووە پارێزگارێک کە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)ەوە کاندید کرابوو، دەست بەکار بێت.

بەڵام ١٢ بەرپرسی حکوومەتی سووریا و کوردەکان بە ڕۆیتەرزیان وتووە کە هێشتا پرسە سەرەکییەکان چارەسەر نەکراون، لەوانە چۆنیەتی تێکەڵکردنەوەی شەڕڤانانی هەسەدە، چارەنووسی چەکە قورسەکانیان، و ڕێوشوێنەکانی دەروازەیەکی سنووریی نێوان ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان کە وەک ڕێڕەرەێکی بەکار دەهنێندرێت.

ڕاپۆرتەکە  باس لەوە دەکات کە هێزە سوورییەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە کۆنتڕۆلی ناوچە کوردییەکان بکەن و هەسەدە کۆنترۆڵی بەسەر ئەو ناوچانەدا هەیە کە لەژێردەستیدا ماونەتەوە.

بەڵام نۆوا بۆنسی لە گروپی نێودەوڵەتیی قەیرانەکان بە ڕۆیتەرزی گوتووە: پرسی ئەوەی هەسەدە چەندە دەسەڵاتی دەمێنێت، هێشتا وەڵام نەدراوەتەوە. ناوبراو ئەوەشی گوتووە کە ئێستا بەرەوپێشچوونی زیاتر لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا وەک ئەگەرێکی بەهێز دەبینرێت، “بەڵام مەترسیی هەڵە و هەڵکشانی دووبارەی گرژییەکان هێشتا هەر زۆرە.”

 

واشنتۆن بە کارەکان ڕازییە و داوای نەرمی دەکات

بەرپرسێکی ڕۆژئاوایی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتوویەتی: واشنتۆن ئەم هەفتەیە هەندێک لە هێزەکانی لە سووریا کشاندۆتەوە. بە وتەی ئەو بەرپرسە ڕۆژئاواییە، ئەمریکا داوای لە ئەحمەد شەڕع کردووە تا دەتوانێت نەرمی بەرامبەر بە داواکارییەکانی هەسەدە بنوێنێت.

ئەو بەرپرسە گوتی ئامۆژگاریی ئەمریکا ئەوەیە: حکوومەتی سووریا وەک نیاز پاکی، لە هەندێک لە هەڵوێستە توندەکانیان بەرامبەر کورد پاشگەز بێتەوە. هەروها واشنتۆن ڕای وایە ئۆتۆنۆمییەکی سنووردار بەشەرتێک هەڕەشە نەبێت بۆ دەسەڵاتی ناوەندیی سووریا بە کوردەکان بدرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرزدا هاتووە: بەپێی کۆپییەکی ڕێککەوتنەکەی نێوان سووریا و هەسەدە کە ڕۆیتەرز بینیویەتی، وەزارەتی بەرگری فەوجێک بۆ باکووری ڕۆژهەڵات دادەمەزرێنێت و هێزەکانی هەسەدە لە سێ لیوادا تێکەڵ دەکرێن. ڕێککەوتنەکە دەڵێت ١٥ ئۆتۆمبێلی ئەمنیی حکومەت لە هەر یەک لە شارەکانی قامیشلۆ و حەسەکە جێگیر دەکرێن و “تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوا دەست پێدەکات.

جێگیرکردنی هێزەکانی حکومەت لەم مانگەدا بەبێ کێشە لە ناوچە کوردییەکان جێبەجێ کراوە. بەڵام بە پێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، نیشانەی گرژیش لە مەیدانەکەدا هەیە.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دێموکڕات، هەسەدە، ڕایگەیاندووە: سێ لیواکەی هەسەدە لە قامیشلۆ، حەسەکە و دێرک لە نزیک سنووری باشووری کوردستان جێگیر دەبن. بەڵام بەرپرسانی هەردوولا دەڵێن لە کاتێکدا لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی لەسەر شوێنێکی نزیک قامیشلۆ هەیە، لەسەر دوو شوێنەکەی تر هێشتا ڕێکنەکەوتوون.

بەرپرسێکی کورد: ئاسایش لە دەستی کورددا دەبێت

عەبدولکەریم عومەر، بەرپرسێکی باڵای کورد بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: هێزە ئەمنییەکانی حکومەت دوای هەماهەنگی و کۆتایی‌هێنان بە “میکانیزمەکانی تێکەڵکردنەوە” دەکشێنەوە.

ناوبراو وتووشێتی: “ئاسایشی ڕۆژئاوا دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆ و ئەوانن کە ئەم ناوچەیە لە ناوخۆوە دەپارێزن”. عەبدولکەریم عومەر، ئاماژەی بەوەش کردووە کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە پێویستی بە “گفتوگۆی درێژخایەن” هەیە.

Live
Hide picture