
مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە حوکمێکدا، عەلی شەمخانیی وەک سەرۆکی “ئەنجومەنی بەرگری” دیاری کرد. ئەنجومەنی بەرگری، ناوەندێکی نوێی کۆماری ئیسلامییە کە دوای شەڕی دوازدە ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل پێکهاتووە.
بەپێی ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی، ئامانجی پێکهێنانی ئەم ئەنجوومەنە بریتییە لە: “داڕشتن و بەهێزکردنی هەمەلایەنەی ئامادەباشیی بەرگری، داڕشتنی میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە نوێیەکان و هەماهەنگی لە نێوان توخمەکانی تری هێزی بەرگریی کۆماری ئیسلامی”، هەروەها وەک وەڵامێکیشە بۆ هەر جۆرەهەڕەشەیەک کە لەسەر ئێران هەبێت.
عەلی شەمخانی لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم ئەنجوومەنەوە، وەک نوێنەری عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، تێیدا بەشدار بووە.
ناوبراو هاوکات ڕاوێژکاری باڵای سیاسیی خامنەییە.
شەمخانی لە شەڕی دوازدەڕۆژەدا لە لایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج و بە سەختی بریندار بوو.
دانانی شەمخانی بۆ ئەم پۆستە لەکاتێکدایە کە ئەمریکا گوشارە هەمەلایەنەکانی بۆ سەر ئێران چڕ کردووەتەوە. هەرئێستا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری “ئابراهام لینکۆڵن” لە نزیک ئاوەکانی ئێران لە ئامادەباشیدایە تا ئەگەر لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە فەرمانی پێ کرا، هێرش بکاتە سەر ئێران.
عەلی شەمخانی لە لایەن خەڵک و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە وەک یەکێک لە کەسایەتییە سەرکوتکارەکان لە قەڵەم دەدرێت.هاوکات گومانی ئەوەی لەسەرە کە خۆی و بنەماڵەکەی لە چەندین دۆسیەی گەندەڵییەوە گلاون و سەدان ملیۆن دۆلاریان بە دەست هێناوە.
