دەم پارتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەرمەزار کرد

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بەیاننامەیەکدا، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەرمەزار کرد و داوای لە حکوومەتی ئێران کردووە کۆتایی بە سیاسەتی بەڕێوەبردنی وڵات لە ڕێگەی توندوتیژی و گوشارەوە، بهێنێت.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە بەهۆی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و زیادبوونی گوشارە ئەمنییەکان، ژنان، گەنجان و هاووڵاتییان، بە گرووپ و ناسنامە جیاوازەکانەوە، لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، بەڵام ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی توندی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە.

بەپێی ئامارەکان کە لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانەوە بڵاوکراونەتەوە، لانیکەم ١٩ کەس لە ڕەوتی ئەم ناڕەزایەتییانەدا گیانیان لەدەست داوە و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.

دەم پارتی،  ڕاگرتنی بریندارانی لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و ناچارکردنی منداڵان بە دانپێدانانی زۆرەملێی، بە “نامرۆڤانە” وەسف کردووە.

ئەم پارتە بە ئاماژەدانێکی تایبەت بە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕایگەیاندووە کە هێرشی هێزە ئەمنییەکان لەم ناوچانە و شوێنەکانی دیکەی ئێران بووەتە هۆی زیانی گیانی و ئەم کردەوانە بە توندی شەرمەزار دەکات.

لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەیەدا، داوا لە حکوومەتی ئێران کراوە بەپەلە ڕێگا دیموکراسییەکان بکاتەوە و جەخت کراوەتەوە کە داواکاریی خەڵک بۆ خۆشگوزەرانی، یەکسانی و دادپەروەری تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆ و چارەسەری سیاسییەوە وەڵام دەدرێتەوە.

دەم پارتی هەروەها بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی هێزە جیهانییەکان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا، ڕایگەیاندووە کە بەرەنگاربوونەوەی دەستێوەردانی دەرەکی تەنها لە کاتێکدا دەکرێت کە دەوڵەتانی ناوچەکە ڕێز لە ئیرادەی ئازادی گەلەکەیان بگرن، ئازادییەکان پەرە پێ بدەن و دەرفەتی دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراسی بدەن.

لە کۆتایی ئەم بەیاننامەیەدا جەخت کراوەتەوە کە ئەم پارتە لە تەنیشت “خەباتی ڕەوا و شکۆمەندانەی خەڵکی ئێران” وەستاوە و پشتیوانی لە داواکارییەکانیان دەکات.

Live
Hide picture