
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی بەپەلە و بە ئاماژەدان بە ڕاپەڕینی نوێی گەلی ئێران لە ڕۆژی ٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا، رایگەیاند کە ئەم ڕاپەڕینە نیشانەی ناڕەزایەتی خەڵک بەرامبەر بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و بەهەمی کۆمەڵێک قەیرانی قووڵی ئابووری، گوزەران و کۆمەڵایەتییە.
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی لە ماوەی نزیک بە نیو سەدەدا، بە کوشتن، سەرکوتکردن، بەسەربازیکردنی کۆمەڵگە و هەژارکردنی خەڵک، هێزی کۆمەڵایەتیی ئێرانی بە ئامانج گرتووە و بە سەپاندنی قەیرانگەلی سیستەماتیک، دەسەڵاتی خۆی بەردەوام کردووە.
پەژاک، ناوەندگەرایی، سەرکوتکردنی نەتەوەکان، پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین، زیندانیکردنی ڕۆشنبیران و ناچارکردنی لاوان بە کۆچکردنی، بە بەشێک لە سیاسەتە بەردەوامەکانی دەسەڵات داناوە.
بەیاننامەکە بە ئاماژەدان بە تاڵانکردنی سەرچاوە نیشتمانییەکان و خەرجکردنیان لە پرۆژە سەربازییەکان، دەستێوەردانە ناوچەییەکان و پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکان، ئەم ڕەوتەی بە هۆکاری سەرەکی داڕووخانی ئابووری و هەژاری خەڵک زانیووە و جەختی کردووەتەوە کە دەسەڵاتی دامەزراوە سەربازییەکان و تۆڕە مافیاکان بەسەر ئابووریدا، بناغەی بەرهەمهێنان و بازاڕی تێکداوە.
لە درێژەدا، ڕاگەیەندراوەکە ڕوونی دەکاتەوە کە ڕاپەڕینی هەر بەشێک لە کۆمەڵگە، دەنگی هەموو ئەو چین و توێژانەیە کە لە ژێر گوشاردان. راگەیەندراوە دەڵێت کە رێگای دەربازبوون لە قەیرانەکانی ئێران، تەنیا لە ڕێگەی هاوپەیوەندییەوە دەبێت.
پژاک بە جەختکردنەوە لەسەر ئاسۆی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»، ڕایگەیاند کە بە تەواوی پشتیوانی لە هەر کردارێکی دیموکراتیک لە دژی دیکتاتۆری دەکات.
ئەم ڕاگەیەندراوە چوار خاڵی سەرەکی دیاری کردووە:
١) شکستی سیاسەتی بەئەمنیکردنی داواکارییەکانی خەڵک و گرینگی گوێگرتن لە «دەنگی شۆڕش»؛
٢) هۆشداری سەبارەت بە قۆڕغکاری و هەلپەرەستی سیاسی و هەوڵ بۆ دەستبەسەرداگرتنی جووڵانەوە؛
٣) دانپێدانان بە هەموو ناسنامە و داواکارییەکان، بە تایبەتی نەتەوە ستەملێکراوەکان، وەک بەشێکی جیانەکراوە لە جووڵانەوەیەکی دیموکراتیک؛
٤) پێویستی پێشەنگایەتی ژنان و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لاوان بۆ بەردەوامی ڕاپەڕین.
پژاک لە کۆتاییدا جەختی کردووەتەوە: گەلی ئێران بە پشت بەستن بە شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» دیموکراسی و ژیانی ئازادی هەڵبژاردووە و «کاروانی ئازادی گەلی ئێران بە یەکگرتوویی و هاوپەیوەندیی دیموکراتیک سەردەکەوێت».
