
گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) ڕایگەیاندووە کە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ئەم هێزانە، پێش کۆتایی ساڵی میلادی سەردانی دیمەشق دەکات.
بە گوێرەی قسەکانی فەرهاد شامی، قەسەدە و حکومەتی کاتیی سوریا لەسەر پێویستی یەکخستنی هێزە سەربازییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا/ڕۆژئاوا لە چوارچێوەی سوپای سوریادا لێک تێگەیشتنی هاوبەشیان هەیە و لە هەندێک بابەتیشدا کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشیان دۆزیوەتەوە.
فەرهاد شامی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی تەلەفزیۆنی «ئەلعەرەبیە»، بە ئاماژەدان بە پرۆسەی دانوستاندنەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیک و حکومەتی کاتیی سووریا لە چوارچێوەی «ڕێککەوتننامەی ١٠ی مارس»دا، وتی ئەم گفتوگۆیانە هێشتا بەردەوامن و هەردوو لایەن لەسەر میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی کار دەکەن.
ئەو جەختی کردەوە کە بابەتی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە سوپای سوریادا یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم دانوستاندنانەیە و لەم بارەیەوە لە نێوان قامیشلۆ و دیمەشقدا تێگەیشتنی هاوبەش هەیە.
ڕەتکردنەوەی بانگەشەی ڕاهێنانی سەربازی لە سوەیدا
گوتەبێژی قەسەدە هەروەها بە ڕاشکاوی ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە ڕاهێنانی سەربازیی هێزە دروزییەکان لە پارێزگای سوەیدا لەلایەن قەسەدەوە دەکەن، ڕەت کردەوە.
شامی وتی: «ئێمە راهێنانمان بە هێزەکانی گرێدراوی حیکمەت ئەلهجری نەداوە. پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگەی دروزی، تەنیا لە ئاستی سیاسی و لەگەڵ خەڵکی دروزدایە. ئەوان خۆیان خاوەنی ئەزموونی سەربازین و پێویستیان بە ڕاهێنانی سەربازی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە نییە.»
هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە
فەرهاد شامی لە بەشێکی دیکەی ئەم گفتوگۆیەدا، بانگەشەکانی هەبوونی پەیوەندی لە نێوان قەسەدە و ئیسرائیلدا بە بێ بنەما دانا و وتی: «ئێمە هیچ جۆرە پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئیسرائیل نییە. ئەگەر پەیوەندی وا هەبووایە، کەس زاتی نەدەکرد هێرش بکاتە سەر قەسەدە. ئەوانەی ئەم دەنگۆیانە بڵاو دەکەنەوە، هەمان ئەوانەن کە پرۆژەیەکی نەتەوەیی گشتگیریان بۆ سوریا پێ نییە.»
جەختکردنەوەی مەزڵووم عەبدی لە بەردەوامی دانوستاندنەکان
هاوکات، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری تەبقە، کۆمەڵیک هەڵوێستی هاوشێوەی گرت.
ئەو بە جەختکردنەوەی دووبارە لەسەر پابەندبوونی قەسەدە بە ڕێککەوتننامەی ١٠ی مارسەوە، وتی وێڕای هەبوونی هەندێک پێشێلکاری، بەڵام دانوستاندنە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ حکومەتی کاتیی سوریا نەوەستاون و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی هاوبەش لە نیوان هەردوو لادا بەردەوامن.
