ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە داهاتووی سووریا: ئەگەر گۆڕانکاری دیموکراتیک نەکرێت، دیسان بۆ سەر رێچکەی دیکتاتۆری و ئازار دەگەڕێتەوە

گولستان کۆچ‌ییگت، ئەندامی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا، زانیاری نوێی لەسەر کۆبوونەوەی شاندی پارتەکەیان لەگەڵ رێبەر ئۆجالان لە زیندانی ئیمراڵی سەبارەت بە دۆخی سووریا ئاشکرا کرد.

سەرۆک ئاپۆ لەم کۆبوونەوەیەدا هۆشداری داوە کە ئەگەر پێشکەوتنەکانی سووریا بەرەو دیموکراتی‌بوون نەڕوات، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی کاتی سووریا، لەوانەیە ببێتە دیکتاتۆرێکی نوێ و ئەم وڵاتە جارێکی دیکە بکەوێتە ناو ئازار و کارەساتەوە.

کۆچ‌ییگت کە ڕۆژی ٢٤ی نۆڤەمبەر لەگەڵ شاندێکی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی چاوی بە ریبەر ئۆجالان کەوتبوو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی «T24» سەبارەت بەو کورتە ڕاپۆرتە کە دوێنێ لە پەرلەمانی تورکیا خوێندرایەوە، وتی: بەشێکی زۆری هەڵسەنگاندنە گشتگیرییەکانی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان سەبارەت بە سووریا لەم تۆماری چاوپێکەوتنەدا باس نەکراوە.

هۆشداری سەبارەت بە ئەگەری بە دیکتاتۆر بوونی ئەحمەد شەرع

کۆچ‌ییگت بە ئاماژەدان بە شیکاری سەرۆک ئاپۆ سەبارەت بە داهاتووی سیاسی سووریا وتی: «بەڕێز ئۆجالان بە ئاشکرا وتی کە لە دژی پرەنسیپی دەوڵەتی یەکگرتوو نییە، بەڵام جەختی کردەوە کە سووریا دەبێ دیموکراتیک بێت و دیموکراسی ناوچەیی و هەرێمی پێویستییەکی حاشا لێنەکراوە. ئەو وتی ئێستا بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ئەحمەد شەرع گۆڕدراوە، بەڵام ئەگەر گۆڕانکارییەکە گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک نەبێت، شەرعیش دەبێتە دیکتاتێک و جارێکی دیکە ئازار و ژان بۆ گەلی سووریا دەگەڕێنێتەوە.»

 

پێشنیاری سەرۆک ئاپۆ بۆ هێزەکانی سووریای دیموکراتیک

بە وتەی کۆچ‌ییگت، سەرۆک ئاپۆ لەم کۆبوونەوەیەدا فۆرمولێکی دیاریکراوی بۆ داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) پێشکەش کرد: «ئەو وتی بەشی سەربازی دەتوانرێت لە سوپادا یەکبخرێت و لە تەنیشتیدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی بە شێوەی ناوچەیی بمێننەوە. تەنانەت کاتێک ئەم بابەتەی ڕووندەکرده‌وە وتی: “لە تورکیاش وابزانم شتێک بە ناوی ‘بەکچی’ هەیە.” مەبەستی ئەوە بوو کە هێزێکی ناوەندی بچێتە ناو سوپا و هێزێکی دیکەش ئاسایشی ناوخۆیی دابین بکات.»

هەروەها ڕوونی کردەوە کە رێبەر ئۆجالان هەرگیز نەیووتووە کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەبێ بە بێ هیچ مەرجێک هەموو چەکەکانیان دابنێن و وەک پەکەکە خۆیان هەڵبوەشێننەوە، و ئەم جۆرە لێکدانەوەیەی بە هەڵە زانیوە.

 

«هێزە کوردەکان نابنە بەشێک لە دیکتاتۆری»

کۆچ‌ییگت بە ئاماژەدان بە هەڵسەنگاندنە مێژووییەکانی ڕابەری گەلی کورد سەبارەت بە پێکهاتەی دەسەڵات لە سووریا وتی: «بەڕێز ئۆجالان لە سەردەمی حافز ئەسەدەوە بەملاوە، دەسەڵاتی بنەماڵەیی ئەسەدی بە “زنجیرە دەسەڵاتی بنەماڵەیی” دانا و وتی سووریای ئەمڕۆ بریندارترین و ئازارچەشتووترین جوگرافیای ناوچەکەیە. ئەوەشی گوت ئەگەر بە ڕاستی شەرع گۆڕدراوە، ئەم گۆڕانکارییە دەبێ بەرەو دیموکراتیبوون بێت، ئەگینا ئەویش دەبێتە دیکتاتۆر. لەم حاڵەتەدا ئەنجامەکە ڕوونە: بەردەوامی هەمان سیستمی بنەماڵەی ئەسەد، بەڵام بە ناو و شێوازێکی نوێ.»

ئەو رایگەیاند  کە لە ڕوانگەی سەرۆک ئاپۆوە، سیستمی دڵخواز لە سووریا دەبێ سیستمیک بێت کە هەموو گەلان بە ناسنامەی خۆیانەوە بەشدار بن. «ئەگەر ئەم جۆرە سیستمە پێک نەهێنرێت، ئەنجامەکەی شتێک جگە لە دیکتاتۆری نابێت و لەو حاڵەتەدا هێزە کوردەکان هەرگیز بەشێک لەم دیکتاتۆریە نابن.»

 

«نەخشە ڕێگای رێبەر ئۆجالان بۆ سووریا، سووریایەکی دیموکراتییە»

لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کە «نەخشە ڕێگای بەڕێز ئۆجالان بۆ سووریا چییە؟»، کۆچ‌ییگت وتی: «وەڵامەکە زۆر ڕوونە؛ سووریایەکی دیموکراتیک. ئەگەر ئەم جۆرە سیستمە پێک بێت، ئیتر پرسەکانی دیکە بێ مانا دەبن. ئەوەی کە یەپەگە لە سوپادا یەکبخرێت یان ڕۆڵی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیی هەبێت، دەبێتە بابەتی پلە دووەم و سێیەم. چونکە لە چوارچێوەیەکی دیموکراتیکدا، یەکێتی سیاسی پێشوەختە پێک هاتووە.»

بە وتەی ئەو، رێبەر ئۆجالان ئەم مۆدێلە دیموکراتییەی بۆ هەموو ناوچەکانی کوردستان لە باکوور، باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان پێشنیار کردووە.

 

بانگەواز بۆ «گەڕانەوە بۆ بنەمای پرسەکە»

کۆچ‌ییگت بە ئاماژەدان بە جەختکردنەوەی سەرۆک ئاپۆ لەسەر سروشتی سیاسی قەیرانەکە وتی: «لە ڕوانگەی ئەوەوە، تەرکیزکردنی بیروڕای گشتی لەسەر پرسی چەک، جۆرێکە لە دوورکەوتنەوە لە بنەمای پرسەکە. جارێکی دیکە پێی وتین: “بگەڕێنەوە سەر بنەمای پرسەکە.” بنەمای پرسەکە ئەوەیە کە چ جۆرە سیستەمێک لە سووریا پێک دێت. ئەگەر ئەحمەد شەرع گۆڕانکاری دیموکراتیکی بەسەردا هاتبێت، کێشە نییە؛ بەڵام ئەگەر وا نەبێت نەبێت، ئامانجی ئەو دیکتاتۆرییە و لە ژێر سایەی دیکتاتۆریدا کەس ناتوانێت بژی.»

 

ئاماژەی ڕاستەوخۆ بە مەزڵووم عەبدی و ئیلھام ئەحمەد

کۆچ‌ییگت هەروەها ڕایگەیاند کە سەرۆک ئاپۆ لەم کۆبوونەوەیەدا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناوی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، و ئیلھام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە دەرەکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای هێناوە و وتی: «ئەوان گوێ بۆ قسەکانم دەگرن و گرنگی بە من دەدەن.»

ئەو هەروەها گوتی کە رێبەر ئاپۆ داوای دەرفەتی زیاتری بۆ پەیوەندی گرتن لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای کردووە.

 

ڕەخنە لە سانسۆرکردنی تۆماری چاوپێکەوتنەکەی ئیمراڵی

کۆچ‌ییگت بە ڕەخنەگرتن لەوەی کە هەڵسەنگاندنە بەرفراوانەکانی رێبەر ئاپۆ سەبارەت بە سووریا لە کورتەی بڵاوکراوەی تۆماری چاوپێکەوتنەکەی ئیمراڵی نەهاتووە، وتی: «هیچ شتێکی شایانی بڵاونەکردنەوە لەم کۆبوونەوەیەدا نییە. بە پێچەوانەوە، ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک پێویستە شفافیەت هەبێت. بەڕێز ئۆجالان بە ئاشکرا وتی ئەگەر مەرجەکان ئامادە بن، دەتوانێت یارمەتی چارەسەری پرسی سووریاش بدات، بەڵام ئەم بەشەش لە ناو کورتەکەدا نەهاتووە.»

ئەو جەختی کردەوە کە سڕینەوەی ئەم بەشانە، تێگەیشتنی پێکناکۆک و هەڵەی لە بیرەڕای گشتیدا لێ دەکەوێتەوە.

 

Live
Hide picture