
لە ١٩یەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی دیموکراسیی خوشک و برایەتی و یەکڕیزیی نەتەوەیی پەرلەمانی تورکیا، کورتە تۆمارەکانی چاوپێکەوتنی شاندی کۆمیسیۆن لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە زیندانی ئیمڕاڵی ئاشکرا کران.
لەم کۆبوونەوەیەدا، کە بە سەرۆکایەتیی نوعمان کوڕتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوە چوو، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کلیچ کۆچییگیت، جێگری سەرۆکی مەهەپە فەتی یڵدز و جێگری سەرۆکی ئاکەپە حوسێن یایمان، کە بەشداربوون دیدارەکەی ئیمرالی بوون، وردەکارییەکانیان بۆ ئەندامانی کۆمیسیۆن خستەڕوو.
ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا دووپاتی کردۆتەوە کە «بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە هەوڵی بەردەوامدام» و ڕایگەیاند کە ئەگەر مەرجەکان دەستەبەر بکرێن، دەرفەتی تیۆری و کردەیی بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە هەیە.
رێبەر ئۆجالان لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا وتوویەتی ئەو لەسەر بەڵێنەکانی سەرەتای پرۆسەکە وەستاوە و «وازی لە ڕێبازی چەک هێناوە، ڕێبازی سیاسی هەڵدەبژێرێت». هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە پەکەکە نەک تەنیا لە دەستیدا، بەڵکوو لە هۆشیاری خۆشیدا چەک دابنێت.
ڕێبەر ئاپۆ باسی لە خوشک و برایەتیی مێژوویی کورد و تورک کردووە و وتوویەتی: «بێ کورد تورک نابێت، بێ تورک کورد نابێت» و نموونەی سوڵتان سەنجەری هێناوەتەوە. لەسەر مردنی سەربازانیش رایگەیاندووە: «مردنی هەر سەربازێک کارەساتە، پێویستە ئەم گەنجانە بەم شێوەیە نەمرن».
ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەو بیری سۆسیالیزمی ڕاستەقینەی لە ساڵی ١٩٩٥دا بەجێ هێشتووە و ویستوویەتی پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٣دا خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام هەمیشە دەستێک هەوڵەکانی ئەوی تێکداوە و ئەو تێکدانەی وەک میکانیزمی کودەتا پێناسە کردووە.
لە ڕێبەر ئۆجالان پرسیار کراوە، “مەزڵووم کۆبانی گوێی لێ دەگرێت یان نا؟” رێبەر ئاپۆ لە وڵامدا گوتوویەتی ئەو یەکێکە لەو کەسانەی کە لێیەوە نزیکە و پابەندە پێیەوە.
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا، ڕێبەر ئاپۆ بە بەشداربووانی وتووە کە سڵاوێکی من بە بزووتنەوەی ژنان بگەیەنن.
شایانی باسە لە کۆبوونەوەی پەرڵەماندا نوعمان کوڕتوڵموش سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاندووە کە ئەوان ئەم تۆماری چاوپێکەوتنانە بڵاو ناکەنەوە و لەبری ئەوە کورتەی تۆمارەکانی چاوپێکەوتنەکە بڵاو دەکەنەوە.
نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن کاردانەوەی توندیان بەرامبەر بەمە نیشان داوە. ئەحمەد شیک، نوێنەری پارتی کرێکارانی تورکیا (TIP) ڕایگەیاند: « ئێوە تەنیا دەتانەوێت دەسەڵاتی خۆتان بەردەوام بێت و ئەمە نەک هەر لە گەل، بەڵکوو لە ئەندامانی پەرلەمانیش کە ئێوە بەرپرسیارن لێی، دەشارنەوە، ئایا ویستی چارەسەری ئەمەیە؟ ئایا شتێک کە لە گەل شاردراوەتەوە، ڕەوا دەبێت؟».
مورات باکان لە جەهەپەش وتوویەتی: « کێشەی کورد تەنیا کێشەی ئاسایش نییە و بە دیموکراسی چارەسەر دەکرێت و وتی: پێویستە کۆمار دیموکراتی بکرێت و تۆمارەکانی چاوپێکەوتن بۆ ڕای گشتی بڵاو بکرێنەوە».
