
شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کە لە ٢ی دێسەمبەری ٢٠٢٥ لە گەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری گەلی کورد، لە زیندانی ئیمراڵی کۆبوونەتەوە، ڕایگەیاندووە کە ڕێبەر ئۆجالان ئەم پڕۆسەیەی بە «پڕۆسەی بنیاتنانی کۆمارێکی دیموکراتیک بە پشت بەستن بە پاڵپشتیی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی» داناوە.
بەپێی بەیاننامەیەکی ئەم شاندە، کۆبوونەوەکە کە نزیکەی چوار کاتژمێری خایاندووە، تێیدا ئەنجامە ئەرێنییەکانی کۆبوونەوەی ئەم دواییەی لیژنەی پەرلەمانی تورکیا هەڵسەنگێندراوە.
شاندەکە لە بەیاننامەکەیدا نووسیویەتی کە ڕێبەر ئۆجالان لەم کۆبوونەوەیەدا سەبارەت بە «دۆخی درووستکراو و دەربڕینەکان» کە لەم ڕۆژانەی دواییدا دژی پڕۆسەکە توندتر بوونەتەوە، هۆشداریی داوە و ئەمانەی بە درێژەی هەمان ئەو هەوڵانە داناوە کە لە ڕابردووشدا «بۆ تێکدان و لەناوبردنی ڕێگای چارەسەری» پێکهاتبوون.
ڕێبەر ئاپۆ جەختی کردووەتەوە کە ئەم دۆخە نابێت «وەک کۆدەتایەکی کلاسیک» لێک بدرێتەوە، بەڵکوو دەبێ وەک میکانیزمێک کە «لەگەل هەر هەنگاوێکی ئەرێنی و بەرەو پێش، هەوڵ دەدات دۆخێکی لاواز و مەترسیدار دروست بکات» ببیندرێت.
رێبەر ئاپۆ هەروەها وتویەتی کە کۆمەڵێک گرووپ چالاک بوونەتەوە کە نوێنەرایەتیی «هێزەکانی دەرەوەی رێسا» دەکەن. لە بەرامبەردا، ویستی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ «سەرکەوتن بەسەر کلتووری کۆدەتا» بەهێزتر دەبێت؛ کلتوورێک کە بە وتەی سەرۆک ئۆجالان «سەدەی یەکەمی کۆماری تورکیای پێکهێناوە».
ڕێبەر ئاپۆ بە ئاماژەدان بە «قۆناغی گواستنەوە»ی ئێستا وتویەتی کە بە دانانی «یاسای ئاشتی»ی لەسەر بنەمای مافی گشتگیر و ڕەسەن، دەکرێت «توندوتیژی سیاسی و دەستێوەردانی نادیموکراتیک» لە سیاسەتی تورکیا بسڕدرێتەوە. ئەو، ئەم چوارچێوەیەی بە «یاسای بەرەو سەدەی ئاشتی» ناو ناوە و ئەوەی بیر هێناوەتەوە کە «بەیاننامەی ٢٧ی شوبات»یش بە هەمان ئاراستەدا «بەرنامەیەکی ڕێگا خۆشکەر» بووە.
بە وتەی سەرۆک ئاپۆ، هەموو ئەو هەنگاوانەی کە لەم ڕێگایەدا هەڵدەگیرێنەوە، دەربڕی «بەرپرسیارێتی»ن و «ئامانجیان ژیانێکی هاوبەش و یەکسان» لە سەرانسەری وڵاتدایە. رێبەر ئۆجالان، جەختی کردووەتەوە کە هەر هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە لە دوای بەکارهێنانی دەسەڵات و بەڕێوەبردن بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە لە تورکیا بێت، پێویستە تێگەیشتنێکی یەکگرتوو و ئاشتیانەی بەرامبەر کێشە سیاسییەکان هەبێت و «لە پڕۆسەی چارەسەری دیموکراتیکدا بەشدار بێت».
سەرۆک ئاپۆ وتویەتی کە ئەم پڕۆسەیەی ئێستا «ڕێگایەک بۆ بەشداریی یاسایی کوردەکان لە کۆماردا و بنیاتنانی کۆماری دیموکراتیک لەسەر بنەمای فراوانترین هاوپشتی کۆمەڵایەتی»یە.
ئەو لە درێژەدا وتویەتی: «جارێکی تر جەخت دەکەمەوە کە ئێمە لە بەرامبەر پرۆسەیەک کە بەم ئاراستەیەدا دەڕوات، خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێز و هەڵوێستێکی قایمین.»
