
حکومەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای تەقەکردن لە دوو ئەندامی گاردی نیشتمانی لە واشنتۆن کە تۆمەتبارەکەی هاوڵاتییەکی ئەفغانستانی بوو، پرۆسەی داواکاریی پەنابەری لە ویلایەتە یەکگرتووەکان راگرتووە.
ترەمپ شەوی یەکشەممە لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند کە ئەم راگرتنە لەوانەیە «ماوەیەکی زۆر درێژ» بەردەوام بێت و وتی: «ئێمە ئەم کەسانەمان ناوێت، بەخۆمان کێشەمان کەم نییە».
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە مەبەستی لەم « کەسانە» چییە، ڕایگەیاند: خەڵکی ئەو وڵاتانەی کە دۆستی ئێمە نین و ناتوانن خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها لە سەر پلاتفۆرمی «تروس سۆشاڵ» نووسیویەتی کە پێویستە «کەسانی خراپ» بە خێرایی لە وڵات دەرکرێن و ئەوەی حکومەتی جۆ بایدن بەسەر ئەمریکای هێناوە، قەت نابێت لە بیر بکرێت.
ڕووداوی تەقەکردنەکە ڕۆژی ٢٦ی نۆڤەمبەر ڕوویدا و لەو ڕووداوەدا سارا بێکسترۆم، تەمەن ٢٠ ساڵ، کوژرا و ئەندامێکی دیکەی گاردی نیشتمانی بە سەختی بریندار بوو. چەند کاتژمێر دواتر، «ڕەحمانوڵڵا لەکنوال»، هاوڵاتییەکی ئەفغانستانی تەمەن ٢٩ ساڵ، وەک تۆمەتباری سەرەکی قۆڵبەست کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی «فۆکس نیوز» بە وتەی جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (CIA)، لەکنوال لە ماوەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە قەندەهار پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە «هێزە هاوکارەکانی» CIA هەبووە و دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١دا، لە چوارچێوەی بەرنامەی نیشتەجێبوونەوەدا بۆ ئەمریکا گوازرایەوە. ئەو لە ساڵی ٢٠٢٤ داوای پەنابەری کردووە و حکومەتی ترەمپ لەم ساڵەدا داواکەی پەسەند کردووە.
بەڵام بەرپرسانی ئێستای حکومەت، حکومەتی پێشووی جۆ بایدن بە کەمتەرخەمی و لێنەکۆڵینەوە لە پێشینەی ئەمنی ئەو لە کاتی گواستنەوەی بۆ ئەمریکا تۆمەتبار دەکەن.
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارە بە لایەنی کەمەوە ١٩ وڵات دەگرێتەوە کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە گەشتەکانیان بۆ ئەمریکا سنووردا دەکرێتەوە. لەم لیستهدا ناوی ئێران، ئەفغانستان، کووبا، هایتی و میانمار بە شێوەیەکی دیاریکراو ئاماژەی پێدراوە.
کریستی نۆم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆ، بە تۆڕی NBC وتی: «ئێمە پرۆسەی داواکاریی پەنابەری رادەگرین».
ترەمپ هەروەها ڕایگەیاند کە بەنیازە «کۆچکردن لە هەموو وڵاتانی جیهانی سێیەمەوە بە شێوەیەکی هەمیشەیی بوەستێنێت» تاکوو سیستەمی کۆچ لە ئەمریکا «بە تەواوی نوێ بکرێتەوە».
