
گوندی لاجان کە لە سنووری شاری هەولێر لە هەرێمی باشووری کوردستان هەڵکەوتووە، چەند ڕۆژێکە بووەتە شوێنی خۆپیشاندان و پێکدادانی توند لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقن (پارتی) و دانیشتووانی ناوچەکە. زۆرینەی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە لە هۆزی هەرکین.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەری «ڕۆژنیوز»، زیاتر لە پێنج هەزار هێزی سەربازی و ئەمنی بە چەکوچۆڵی قورسی وەک تانک و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش، گوندەکەیان گەمارۆ داوە و خەڵکەکەیان ناچار بە کۆچی زۆرەملێ کردووە.
پاڵاوگەیەکی نەوت بە ناوی کۆمپانیای «لاناز» کە دەگوترێت سەر بە مەنسوور بارزانی یەکێک لە کوڕەکانی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لەگەڵ چەند کۆمپانیا و کارگەیەکی تری بنەماڵەی بارزانی لە دەوروبەری ئەم گوندە دامەزراون و دانیشتووان دەیانەوێت لەم شوێنانە دامەزرێن و کاریان پێ بدرێ.
قەیرانەکە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد. بارزان قەساب، نوێنەری پارتی دیموکرات (پارتی)، بە بەڵێنی دامەزراندن لەم کۆمپانیایانە، داوای لە دانیشتووانی ٢٥٠ خێزانی گوندەکە کرد دەنگ بەم پارتە بدەن. خەڵکەکە بەدوای ئەم بەڵێنەدا ١٢٤ تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنیان کڕی، بەڵام پارتی بەڵێنەکەی خۆی جێبەجێ نەکرد.
خۆپیشاندانەکان بە کۆبوونەوە لەبەردەم کۆمپانیای «لاناز» پەرەی سەند. بەرپرسی کۆمپانیا بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دا، بەڵام خەڵکەکە هەڕەشەیان کرد کە ڕێگە بە کارکردنی کۆمپانیا نادەن.
لە درێژەدا، دەستبەسەرکردنی یەکێک لە دانیشتووان دوای چاوپێکەوتنێک لەگەڵ میدیاکان، خۆپیشاندانی گەورە کردەوە و پێکدادانی توندوتیژی لێ کەوتەوە. بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کەسێک کوژرا و ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە سێ ڕۆژ پێش ئێستاوە، هێزە ئەمنییەکان، لەنێویاندا یەکە سەربازییەکانی گۆڵان کە فەرماندەکەی مەنسوور بارزانییە، گوندەکەیان بە تەواوی گەمارۆ داوە. هاتووچۆ سنووردار کراوە، خاڵەکانی پشکنین دروست کراون و گواستنەوەی نەخۆشەکان بۆ نەخۆشخانە قەدەغە کراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان لەم خۆپیشاندانانەدا بە دەیان کەس کە زۆرینەیان گەنجن لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە قۆڵبەست کراون.
کۆمپانیای لاناز کە چەندین ساڵە لە گوندی لاجان چالاکە، بە هەڵاواردن لە دامەزراندندا تۆمەتبارە. دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن کرێکارە تورکەکان مانگانە ١٥٠٠ بۆ ٢٥٠٠ دۆلار وەردەگرن، لە کاتێکدا لاوانی کورد کە لە کۆمپانیاکەدا کار دەکەن تەنها ٥٠٠ دۆلاریان پێ دەدرێ. ئەوان هەروەها دەڵێن ئەم کۆمپانیایە لە جیاتی دامەزراندنی لاوانی ناوچەکە، هێزی کاری لە دەرەوە هێناوە.
سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن کە چالاکییەکانی کۆمپانیای لاناز بۆتە هۆکاری خراپکردنی ژینگە و زیادبوونی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، هەناسە و چاو لە ناوچەکەدا.
هەندێک لە شارەزایانی سیاسی پێیان وایە ئەم ئاڵۆزییانە بەشێکن لە کێشە کۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) لەگەڵ هۆزی هەرکی. شیکاران دەڵێن گەمارۆدانی لاجان هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی ئەم هۆزە و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بنەماڵەی بارزانی.
