پەیامی ئۆجالان بۆ کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە ئەڵمانیا: ئاشتی نەک تەنیا بۆ کوردان، بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی هەرێمەکە هیوابەخش و بەنرخە

ئەمڕۆ لە شاری بۆنی ئەڵمانیا، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی «پێکەوە شێوەدان بە ژیان؛ پرۆسەی چارەسەریی و دیدگای داهاتوو» بە دەستپێشخەریی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی ئاشتی (QAD) دەستی پێکرد.

لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا پەیامێکی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد، بۆ ئامادەبووان خوێندرایەوە.

ئۆجالان لە پەیامەکەیدا ستایشی هەوڵەکانی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی ئاشتی بۆ چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی لە هەرێمەکەدا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئاشتی تەنیا بۆ کوردان نییە، بەڵکو هیوا بە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات.

لە پەیامەکەدا هەروەها هاتووە کە لەم قۆناغە مێژووییەدا دەرفەتێک مەزن بۆ تێپەڕین لە شەڕ و سەرکوتکاری بەوەو گۆڕانکارییەکی پۆزەتیڤ و ئاشتییانە لە ئارادیە، بەڵام ئەمە پێویستی بە دارستنەوەی یاساکانی تورکیا و دامەزراندنی سیاسەتێکی دیموکراتیکی ڕاستەقینە هەیە.

ئۆجالان لەم پەیامەدا داوا دەکات کە ڕەفتاری میزاجییانە کۆتایی بێت و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و پێوەرە یاساییە گشتییەکان بە خێرایی جێبەجێ بکرێن.

لە کۆنفرانسەکەدا ئەکادیمیستان، سیاسەتمەداران، لێکۆڵەران و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارن و گفتوگۆ لەسەر پرۆسەی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک» دەکەن.

کۆنفرانسەکە بۆ دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، چەندین پانێڵ و وتار لەسەر چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەخۆ دەگرێت.

دەقی تەواوی پەیامەکەی عەبدۆڵڵا ئۆجالان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

“بەشداربووان و دۆستانی هێژا

سڵاو لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە و هەموو ئەوانەی کە باوەڕ بە پرۆسەی بنیاتنانی کۆمەڵایەتی و ئاشتی دەکەن، کە هەمیشە ڕەنج و ئیرادەی پێویستە، دەکەم.

ڕێکخراوی (QAD) کە بۆ ئەم ئامانجە خەبات دەکات، هەوڵەکانی پەیوەست بە پرسی کورد و بەدیهێنان و پاراستنی ئاشتی، گرنگییەکی گەورەی هەیە. ئاشتی نەک تەنیا بۆ کوردان، بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی هەرێمەکە هیوابەخش و بەنرخە. ئەم هەوڵە هاریکارییەکی گرنگە بۆ پتەوکردنی لێکتێگەیشتنی نێوان گەلان، زەمینەی کۆمەڵایەتی بۆ پێکەوەژیانێکی شکۆمەند و ئاشتی دەڕەخسێنێت.

پێویستە ئەم کاروچالاکییانە زەمینەی تەندرووست بڕەخسێنێت کە ناسنامە و ئازار و خەونە جیاوازەکان بۆ داهاتوو، لە ئاسۆیەکی ئاشتی هاوبەشدا کۆبکاتەوە. ئاشتی لەهەمانکاتدا ئاشتەواییەکی کۆمەڵایەتییە کە دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی و ڕێزگرتن لە یەکتر دەچەسپێنێت.

ئەم قۆناغە مێژووییەی ئێستامان، کاریگەریی لەسەر چارەنووسی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگەی کورد دەبێت. لەم کاتەدا دەرفەتێک لەئارادایە، وا دەکات تێپەڕین لە پرۆسەی نێگەتیڤەوە بەرەو پرۆسەی گۆڕانی پۆزەتیڤ مومکین بێت؛ دەتوانرێت شەڕ و نادادی تێپەڕێنرێت. ئەم تێپەڕینە تەنها بژاردەیەکی یاسایی نییە، بەڵکوو بەرئەنجامی ڕاستینە مێژوویی و جیهانییەکانە.

بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی و چارەسەرێکی ڕاستەقینە، دەبێت سەرلەنوێ یاساکان دابڕێژرێنەوە و سیاسەتی دیموکراتیک بەدامەزراوەیی بکرێت، ئەمە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. لەم ڕووەوە، دەبێت ڕەفتاری میزاجییانە بەدوایی بێت، دەبێت پێوانە یاساییە گەردوونییەکان و بڕیاری دامەزراوە نێونەتەوەییەکان دەستبەجێ جێبەجێ بکرێن.

بەهیوام ئەم کۆنفرانسە ببێتە هەنگاوێک بۆ زیادکردنی دەرفەتەکانی ئاشتی و قووڵکردنەوەی ڕێگاچارەکان و داهاتووییەکی هاوبەش بۆ گەلان.

سڵاو دەنێرم بۆ هەموو ئەوانەی بۆ ئاشتی تێدەکۆشن و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

عەبدوڵا ئۆجالان

دوورگەی ئیمرالی”

Live
Hide picture