
هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ڕاگەیاندراوێکدا و لە ٨٨هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی دێرسیمدا، بە ڕێزەوە سەید ڕەزا و هاوڕێکانی بیر هێنایەوە کە لە ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٣٧دا لە سێدارە دران.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “لە ١٥ـی تشرینی دووەمی ١٩٣٧دا ڕێبەری بەرخۆدانی دێرسیم سەید ڕەزا و هاوڕێکانی لە سێدارەدران. بەڕێزەوە جارێکی دیکە لە ساڵیادی لە سێدارەدانیاندا یادی سەید ڕەزا و هاوڕێکانی دەکەینەوە. لە کەسێتی سەید ڕەزا و هاوڕێکانیدا بەڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو هەڤاڵانی شەهیدی شۆڕشمان دەکەینەوە و لە ئاست یادەوەرییە بەنرخەکانیاندا بەژنمان دادەنەوێنینەوە.”
کەجەکە کۆمەڵکوژی دێرسیمی وەک یەکێک لە “دڕندەترین و بێ بەزەینانەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی” شەرمەزار کردووە و رایگەیاندووە: ” بە ڕێزدارییەوە یادی ئەو کەسانە دەکەینەوە کە لە کۆمەڵکوژییەکەدا گیانیان لە دەستداوە.”
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا، کەجەکە ئاماژەی بە ئازارەکانی گەلی کورد کرد و گوتی: “مەزنترین کۆمەڵکوژی بەسەر دێرسیمدا کرا و گەلی کورد ئازارێکی بێ ئەندازەی بەرکەوت. لە هەموو ڕوویەکەوە مێژووییەکی پڕ لە ئازار و لەبیرنەکراوە. هەمیشە وەک کۆمەڵکوژییەک زیندوو دەبێت کە تێیدا خوێن هاوشێوەی ڕووبار دەڕژا و تەنانەت ژنانی دووگیانیشی تێیدا دەکوژران.”
ڕاگەیاندراوەکە دەشڵێت: “کۆمەڵکوژی دێرسیم مێژوویەکە کە زۆر بە ڕوونی ڕاستی دەوڵەتێک نیشان دەدات کە چەندە نکۆڵیکار و قڕکەرە. هەروەها کۆمەڵکوژییەکەی قوڵایی و ئاستی دووژمنایەتی دەوڵەت بەرانبەر بە کوردان نیشان دەدات. بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵکوژی دێرسیم، نە پەڵەی تاریکی سەر مرۆڤایەتی دەڕەوێتەوە و نە گۆڕانی ڕاستەقینەش لە تورکیادا ڕوودەدات. چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا تەنیا بە ڕووبەڕووبوونەوەی رابردوو و بە تایبەت کۆمەڵکوژی دێرسیم بەدی دێت.”
کەجەکە ئاماژەی بە هەوڵەکانی سەید ڕەزا بۆ چارەسەری ئاشتیانە کرد و گوتی: “سەید ڕەزا ڕێبەری بەرخۆدانی دێرسیم، لە پێناو ئەوەی پرسێک بە ڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگ چارەسەر بکات، هەوڵی دا لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی تورک کۆببێتەوە. بەم مەبەستە بەڕێکەوت، بەڵام لە ڕێگەدا دەستگیردەکرێت و لە سێدارەیان دا. لە سێدارەدانی سەید ڕەزا و هاوڕێکانی ئامادەکاری و ئامانجی دەوڵەتی تورک دەردەخات. دەوڵەتی تورک بڕیاری کۆمەڵکوژی دابوو، لە پێناو ئەم ئامانجەیشیدا هەموو جۆرە پیلانگێڕییەکی پەیڕەو دەکرد. لەسێدارەدانی سەید ڕەزا و هاوڕێکانی لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکدا ئەنجام درا.”
ڕاگەیاندراوەکە دەشڵێت: “سەید ڕەزا لە ئاست کۆمەڵکوژییەکاندا سەری دانەنواند و میراتێکی بەهیزی بەرخۆدانی لە دوای خۆی بۆ گەلی کورد بەجێهێشت. کۆمەڵکوژی دێرسیم چەندە بە ئازار و مەزن بووە، هێندەش سەرهەڵدانی سەید ڕەزا مەزن و بەهێز بووە. لە کوردستان بەرخۆدانی گەلی کورد لە دژی کۆمەڵکوژیی و قڕکردن، لە سایەیی سەرهەڵدان و هەڵوێستی سەید ڕەزا و شێخ سەعیدەکانەوە شێوەگیر بوو.”
کەجەکە پەکەکە بە درێژەدەری ئەم میراتە دادەنێت و دەڵێت “پەکەکە کە بە تێکۆشانی بێ پچڕانی ٥٢ ساڵە، زیهنییەتی نکۆڵی و قڕکردنی تێکشاند و هەبوونی گەلی کوردی سەلماند، بێگومان لەم میراتە مێژووییەوە سەری هەڵداوە.”
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، کەجەکە جەخت دەکاتەوە کە “بێگومان قوربانی و ئازارەکانی گەلی کورد زیندووە، بێ ئەنجام نین. بە سەرکەوتنی پرۆسەی ‘ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک’ کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە، پرسی کورد چارەسەر دەبێت و تورکیا دیموکراتیک دەبێت و دواجار بەم شێوەیە ئازار و قوربانی لە مێژوودا دەمێنێتەوە. بەرپرسیارێتیمان لە بەرانبەر مێژوودا جێبەجێ دەکەین.”
