نارین بریار، یەکەم ژنی کوردی هەڵبژێردراو بۆ ئەنجوومەنی شارەوانیی بێلڤیووی ئەمریکا

نارین بریار، ژنی کوردستانی ئەمریکی، لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی شاری بێلڤیو (Bellevue) لە ویلایەتی واشنتۆنی ئەمریکا بە بەدەستهێنانی زیاتر لە ٥١ لە سەدی دەنگەکان، بە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی ئەم شارە هەڵبژێردرا و وەک یەکەم ژنی کورد لە پێکهاتەی جێبەجێکاری خۆجێیی ئەم ویلایەتە ناوی خۆی لە مێژوودا تۆمار کرد.

لە ماوەی هەڵبژاردنە ناوچەییەکانی ئەمریکادا کە لەگەڵ هەڵبژاردنە نیشتمانییەکان پێکەوە ئەنجام دران، نارین بریار بە سەرکەوتن بەسەر ڕکابەرە بەئەزموونەکەی «کۆنراد لی»دا توانی کورسی ئەنجومەنی شاری بێلڤیو بباتەوە. بەپێی ئەنجامە فەرمییەکان، نارین بریار ٥١.٢٧ لە سەدی دەنگەکانی بردەوە لە کاتێکدا ڕکابەرەکەی ٤٨.٤٥ لە سەدی دەنگەکانی بەدەست هێنا.

بێلڤیو یەکێکە لە شارە گرنگ و دەوڵەمەندەکانی ویلایەتی واشنتۆنە و بەشێکە لە گەورە شاری سیاتڵ. بوون لە ئەنجومەنی ئەم شارە مانای بەشداری لە بڕیاردان لەسەر داهاتووی یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی تەکنەلۆژیا و گەشەپێدانی شاری لە ئەمریکایە. ئەنجومەنی شاری بێلڤیو پێکهاتووە لە حەوت ئەندامی هەڵبژێردراو کە دوای دەستبەکاربوون، شاردار و جێگری شاردار لە نێو خۆیان هەڵدەبژێرن.

نارین بریار لە ویلایەتی تێکساس لە دایک و باوکێکی کورد لە دایک بووە و خوێندنی لە زانکۆی بۆستۆن (Boston University) تەواو کردووە. ئەو لە کەمپینی هەڵبژاردنەکەیدا سەرنجی خۆی خستە سەر سێ تەوەری سەرەکی: کارگێڕی زیرەکانەی گەشەی دانیشتووان، پاراستنی کوالیتی ژیانی شاری و خستنە بەردەستی خانوو و ماڵی گونجاو و هەرزان بۆ دانیشتوان .

بریار لە بەیاننامەی هەڵبژاردنەکەیدا گوتی: «دەمەوێت بۆ شارێک هەوڵ بدەم کە هەمووان خۆیانی تێدا ببیننەوە و هەست بە ئاسایش و هەبوونی دەرفەت بکەن — شارێک کە جیاوازییە کلتوورییەکەی بە سەرچاوەی هێز بزانێت، نەک لاوازی.»

ماڵپەڕی کەمپینەکەی ئەو هەروەها ئاماژەی بە پشتیوانی بەرفراوانی دانیشتووانی کۆچبەر، لەوانە ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوچەی سیاتڵ کردووە. زۆرێک لە چالاکوانانی کۆمەڵایەتی هەڵبژاردنی بریار وەک هێمایەک لە بەشداربوونی ژنان و کۆچبەران لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ناوخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبینن.

بە وتەی میدیای خۆجێیی Progressive Voters Guide، بێلڤیو لە دەیەی ڕابردوودا گەشەی دانیشتووانی کۆچبەر و گۆڕانی بەرچاوی پێکهاتەی دانیشتووانی بەخۆوە بینیوە و هەڵبژاردنی کەسانی وەک بریار دەتوانێت بڕیارەکانی شارەوانی بەرەو دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەشداری زیاتری کۆمەڵگە پەراوێزەکان ببات.

سەرکەوتنی نارین بریار تەنیا سەرکوتنێکی تاکەکەسی نییە. ئەم سەرکەوتنە ئاوێنەی باڵا نوێنی رەوتێکی بەرفراوانتر لە کۆمەڵگەی ئەمریکایە کە تێیدا، منداڵانی کۆچبەران و کەمینە نەتەوەییەکان ڕۆڵێکی بەرچاوتر لە سیاسەتی خۆجێیی و نیشتمانیدا دەگێڕن. بریار لە یەکەم پەیامی دوای سەرکەوتنەکەی گوتی: «ئەم دەنگانە تەنیا هی من نین؛ دەنگی هەموو ئەوانەیە کە بە ساڵان هەستیان کردووە پشکیان لە بڕیاردانە خۆجێیەکاندا نییە.»

Live
Hide picture