سیپان حەمۆ: دانووستانەکان پێش نەکەوتوون و مەترسی شەڕ لە ئارادایە؛ قامیشلو خۆی بۆ رووبەڕوو بوونەوەی دیمەشق ئامادە دەکات

لە کاتێکدا دانووستانەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) و حکومەتی کاتی سوریا گەیشتووەتە بنبەست، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی قەسەدە دەڵێت قامیشلو خۆی بۆ ئەگەری هەر جۆرە پێکدادانێک ئامادە کردووە.

سیپان حەمۆ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەمریکی «ئەلمانیتۆر» جەختی کردەوە کە «هیچ هەنگاوێکی جددی بۆ یەکگرتن نەنراوە» و دیمەشق بەدوای «تواندنەوەی ناسنامەی ئەوانی تر لە ناسمانەی خۆیدا»یە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند مانگێک لە ڕێککەوتنی ١٠ی مارسی ٢٠٢٥ لە نێوان ژەنەڕاڵ مەزلووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتی سوریا، پرۆسەی یەکگرتنی هێزە سەربازییەکان و دامەزراوەکانی هەردوو لا وەستاوە. سیپان حەمۆ، فەرماندە باڵای هێزەکانی سوریا دیموکراتیک، لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا هۆشداری دا کە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ئەگەری روودانی شەڕ لە نێوان هێزەکانی سوریا دیموکراتیک و هێزەکانی حکومەتی کاتی زیاد دەکات.

حەمۆ گوتی کە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، بە کردەوە هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی هەڵنەهێنراوەتەوە و حکومەتی کاتی لە کاتێکدا کوردەکان بە «کات بەفیڕۆدان» تۆمەتبار دەکات کە خۆی «بە شێوەیەکی تاک لایەنە» بڕیار دەدات و کوردەکان لە پرۆسە سیاسی و یاسادانان دوور دەخاتەوە. ئەو دەڵێت: «حکومەتی کاتی یەکگرتن بە مانای نکۆڵیکردن لە ناسانەمە و تواندنەوەی ئەوی تردا لە خۆیدا دەزانێت، بەڵام لە ڕوانگەی ئێمەوە یەکگرتنی دیموکراتیک مانای پاراستنی ڕەنگ، ویست و ناسنامەی خۆمانە.»

ئەم فەرماندەی قەسەدە جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکی هێزەکانی سوریا دیموکراتیک «دیموکراتیزەکردنی سوریا و پێکهێنانی حکومەتێکی فرە نەتەوەیی»یە و لە درێژەدا وتی: «هەتا ئەو کاتەی دیمەشق پابەند نەبێت بە بەها دیموکراتیکەکانەوە، ماوە دیاریکردن بۆ یەکگرتن بێمانایە.»

ئەو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: «ئێمە هێزێکی بەرگریین. کاتێک لە لازقیە و سویدا خەڵک دەکرێنە ئامانج، سروشتییە کە ڕێوشوێنەکانی بەرگری خۆمان پەرە پێ بدەین. ئێمە نە هاندەرین و نە فەرمانی نهێنیمان پێ دەکرێ.»

حەمۆ بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پرۆسەی دانووستانەکاندا وتی کە لە هەندێک لە هەڵوێستەکانی واشنتۆن تێناگەن و ڕەخنەی گرت کە نوێنەری تایبەتی ئەمریکا، قەسەدە بە ناحەق بە بەرپرسیاری شکستی گفتوگۆکانی هاوینی ڕابردوو داناوە.

ئەو سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق گوتی: «تەنیا یەک کۆبوونەوە لە ئۆکتۆبەردا ئەنجام درا، کەشەکەی ئەرێنی بوو بەڵام هیچ ڕێککەوتنێکی نووسراو بەدەست نەهات. لە جیاتی ئەوە، هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر پێگەکانی ئێمە لە شێخ مەقسوود کرا و ئێستا ئەم ناوچەیە و ئەشرەفیە لە شاری حەڵەب لە گەمارۆدان.»

فەرماندەی قەسەدە ڕوونی کردەوە کە گەمارۆکان و داخستنی ڕێگاکانی پەیوەندی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، نیشانەی زیادبوونی گرژی و ئامادەکاری دیمەشق بۆ بژاردەی سەربازییە. ئەو گوتی: «ئێمە ئەزموونی زۆرمان لە شەڕدا هەیە و دەزانین کەی پێکدادان بە ڕێگەوەیە. سەرەڕای ئەوەش، هێشتا درێژە بەگفتوگۆکان دەدەین، چونکە دەمانەوێت داهاتووی سوریا لە ڕێگەی تێگەیشتن و یاساوە بونیات بنرێت، نەک لە ڕێگەی شەڕەوە.»

بە وتەی حەمۆ، حکومەتی کاتی هێشتا کۆنتڕۆڵی تەواوی وڵاتەکەی بەدەست نەگرتووە و ناوچە جیاوازەکانی سوریا لە دەستی گرووپە خۆجێییەکاندان. ئەو دەڵێت: «لەم دۆخەدا، تۆمەتبارکردنی کوردەکان بە ئاستەنگ درووسترکردن بێبنەمایە. بەرگری ئێمە لە خۆمان، تەنیا بۆ کوردەکان نییە، بەڵکو بۆ هەموو خەڵکی سوریایە و ئەم تێکۆشانە بەردەوام دەبێت.»

Live
Hide picture