ئازادکردنی سێسیل کۆلەر و ژاک پاریس، دو هاووڵاتی فەرەنسی، پاش سێ ساڵ دەستبەسەرکردن لە ئێران

پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان تاران و پاریس پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە و لە دەرەنجامدا، دوو هاووڵاتی فەرەنسی بە ناوەکانی سێسیل کۆلەر و ژاک پاریس پاش ١٢٧٧ ڕۆژ دەستبەسەرکردن لە ئێران، بە بڕیاری دادوەر و بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

کۆلەر و پاریس لە گەلاوێژی ١٤٠١ لە کاتی گەشتکردن بۆ ئێران و کۆبوونەوە لەگەڵ چالاکوانانی پیشەیی مامۆستایان و کرێکاران دەستبەسەر کران و بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە هەواڵگرییەکانی دەرەوە دادگایی کران.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، ئازادکردنی ئەم دوو هاووڵاتییەی پشتڕاست کردەوە و سوپاسی هەوڵەکانی دەزگای دیپلۆماسی وڵاتەکەی، بەتایبەتی باڵوێزخانەی فەرەنسا لە تارانی، کرد. بە وتەی وەزیری دەرەوەی فەرەنساش، کۆلەر و پاریس ئێستا لە شوێنی نیشتەجێبوونی باڵوێز لە تاران و لە دۆخێکی ئارامدان و خەریکن قۆناغە کۆتاییەکانی ئازادبوونی یەکجارییان دەبڕن.

پارێزەرانی ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە، ئازادکردنی ئەوانیان بە «کۆتایی هاتنی دەستبەسەرکردنێکی درێژ و نادادپەروەرانەی» داناوە. لە بەرامبەردا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئازادکردنی کۆلەر و پاریس مەرجدار و بە دانانی بارمتە بووە و ئەوان هێشتا لە ژێر چاودێری دادوەریدان.

ئەم پێشکەوتنە لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا مەهدیە ئەسفەندیاری، هاووڵاتی ئێرانی دەستبەسەرکراو لە فەرەنسا، بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد کرا. ئەسفەندیاری کە بە تۆمەتی بانگەشەی تیرۆر و ئەندامبوون لە گرووپە تاوانکارییەکان لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە، تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاکەی ڕێگەی پێ نادرێت خاکی فەرەنسا بەجێبهێڵێت.

پێشتر عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، باسی لە ڕێککەوتنێک بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە نێوان دوو وڵاتدا کردبوو. دەسەڵاتدارانی پاریسیش لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەگەری ئازادی و گەڕانەوەی کۆلەر و پاریسیان هێنابووە گۆرێ.

Live
Hide picture