
بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنی مێژوویی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری گەلی کورد، دوای ٢٨ ساڵ قەدەغەکردن و سانسۆر، بڵاوکرایەوە. ئەم چاوپێکەوتنە لە ساڵی ١٩٩٧ لەلایەن رۆژنامەنووس «فاتح ئاڵتایلی» لە شاری «بێرالیاس»ی لوبنان ئەنجام درابوو و ئەو کات تەنیا ڕێگە بە بڵاوکردنوەی بەشی دووەمی درابوو.
بەشی یەکەمی ئەم چاوپێکەوتنە، کە ماوەکەی ٣٠ خولەکە، لەدوای چەندین دەیە سانسۆر ئێستا لە رێگەی وێبسایتی «ئۆزگور دوشونجلەر» (ئەندێشە ئازادەکان) خراوەتە بەردەستی خەڵک.
بڵاوکردنەوەی ئەم چاوپێکەوتنە لە هەمان ساڵدا بەپێی مادەکانی ٨ و ٣٠ی «یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم» لە تورکیا قەدەغە کرابوو.
لە بەشی دووهەمی چاوپێکەوتنەکەدا، عەبدوڵڵا ئۆجالان رووداوی «سوسورلوک»ی ساڵی ١٩٩٦ بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی تورکیادا دادەنێت و بە ئاماژەدان بە پەیوەندی نێوان دامەزراوەکانی ناو دەوڵەت و تۆڕەکانی مافیا و قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەکان، قسە لە دیاردەیەک دەکات کە ناوی «دەوڵەتێک لە ناو دەوڵەتدای» لێ دەنێت.
ئۆجالان لە درێژەدا، ئاماژە بە چۆڵکردنی زۆرەملێی گوندەکان و کوشتنە گوماناوییەکانی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو دەکات و دەڵێت کە ئەم سیاسەتانە زیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی زۆری بە خەڵک، بەتایبەتی بە کوردەکان، گەیاند. ئەو دەڵێت: «لە پەیوەندی نێوان دەوڵەت و پارتە سیاسییەکان لەگەڵ تۆڕە نایاساییەکان، سیاسەت بووە بە ئامرازێک بە دەستی مافیاوە».
یەکێک لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانی چاوپێکەوتنە، بانگەوازی ئۆجالان بۆ دانووستان و چارەسەری ئاشتییانەی پرسەکانە. ئەو دەڵێت: «پارتی کرێکارانی کوردستان رێگری بەردەم ئاشتی نییە. سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وتی کە ئەگەر سوپای کۆماری ئیرلەندا چەکەکانی دابنێت، بۆ هەر جۆرە دانووستانێک ئامادەین. منیش رایدەگەیەنم: دانووستانەکان دەستپێبکەن، سبەینێ دەنگی هەموو چەکەکان کپ دەکەین».
ئۆجالان لە درێژەدا وێڕای رەخنەگرتن لە نەبوونی ئیرادەی سیاسی لە ناو دەسەڵاتدارانی تورکیادا، دەڵێت:
«دەڵێن من بکوژن، بەڵام لێگەڕێن با کەسێک لەم وڵاتەدا دەسەڵاتی بڕیاردانی هەبێت. ئەمڕۆ هیچ دەسەڵاتێکی مەرجەع و بڕیاردەر لە گۆڕیدا نییە؛ حکومەت بەرپرسیارێتی رادەستی پەرلەمان دەکات، پەرلەمان رادەستی سوپای دەکات، و لەم نێوەندەدا مافیاکان سەریان هەڵداوە. من دەڵێم وەرن تورکیا ئازاد بکەین، و کوردەکانیش ئازاد بکەین».
هەموو چاوپێکەوتنەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان لەگەڵ فاتح ئاڵتایلی لەدوای ٢٨ ساڵ سانسۆر، ئێستا بۆ یەکەمجار کەوتۆتە بەردەستی خەڵک و دەکرێت لێرە سەیری بکەن.
