ھێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر ئەو کەشتیانەی گومانی قاچاغی مادە ھۆشبەرەکانیان لەسەرە

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ھێزەکانی ئەم وڵاتە کەشتییەکی دیکەیان کە هەڵگری مادە ھۆشبەرەکان بووە، لە ئاوەکانی زەریای ھێمن بە ئامانج گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی پیت ھێگست، وەزیری جەنگی ئەمریکا، دوو کەس لە سەرنشینەکانی ئەم کەشتییە کوژراون و ھیچ زیانێکیش بە ھێزەکانی ئەمریکا نەگەیشتووە. کەشتییەکە پێشتر لەلایەن دەزگا ھەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە لە ژیر چاوەدێریدا بووە و بە سەر رێگەیەکی ناسراو بۆ قاچاغی مادە ھۆشبەرەکاندا تێپەڕیوە.

ئەم ھێرشە ھەشتەمین ھێرشی ئەمریکا لە ٥٠ رۆژی رابردوودا بۆ سەر ئەو کەشتییانەیە کە گومانی قاچاغی مادە ھۆشبەرەکانیان لی دەکرێت.

ئەو ڤیدیۆیانەی لەم ئۆپەراسیۆنە بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن کە کەشتییەکە بە خێراییەکی زۆر دەئاژوێ و لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەتەقێندرێتەوە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی «ئێکس»دا نووسیویەتی: «تیرۆریستەکانی مادە ھۆشبەرەکان کە بە نیازن ئەم مادانە بگەیەننە کەنارەکانی ئێمە، لە ھیچ شوێنێک پارێزراو نین. ھەر وەک چۆن ئەلقاعیدە دژی وڵاتەکەمان شەڕی کرد، ئەم کارتێلانەش دژی سنوورەکان و خەڵکەکەمان خەریکی شەڕن. »

بەپێی نووسراوەیەکی نھێنی کە بەم دواییانە بۆ یاسادانەرانی کۆنگرێس نێردراوە، کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ رێکخراوەکانی قاچاغی مادە ھۆشبەرەکان لە «پێکدادانێکی چەکداری نانێودەوڵەتیدا»یە. تا ئێستا بەلانی کەمەوە ٣٤ کەس لە ھێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەم کەشتیانە کوژراون. سەرەڕای ئەوە، دوو کەس لە ھێرشێکی ھەفتەی پێشوو بە ساغی دەستبەسەر و بۆ کۆلۆمبیا و ئیکوادۆر گەڕێندروانەتەوە؛ حکوومەتی ئیکوادۆر یەکێک لەوانەی ئازاد کردووە و ڕایگەیاندووە کە ھیچ بەڵگەیەک لە دژی ئەم کەسە بوونی نییە.

حکومەتی ئەمریکا ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە بەشێک لە تێکۆشانی خۆی لە دژی کارتێلەکانی مادە ھۆشبەرەکان دادەنێت . بەلام ئەم کردەوانە ئەمریکای لەگەڵ حکومەتەکانی کۆلۆمبیا و ئیکوادۆر تووشی کێشە کردووە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ، گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆلۆمبیای، بە «سەرکردەی نایاسایی مادە ھۆشبەرەکان» ناوبردووە و ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی چی دیکە یارمەتی دارایی بە کۆلۆمبیا نادات.

کۆلۆمبیا و ئیکوادۆر کە ھەردووکیان کەنارەی بەرفراوانیان لە زەریای ھێمن ھەیە بە رێگەی سەرەکی گواستنەوەی ماددە ھۆشبەرەکانە بۆ ئەمریکا دادەنرێن. بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن کە زۆربەی ئەو کۆکائینەی کە دەگاتە شارەکانی ئەمریکا، بە زەریای ھێمندا تێدەپەڕێت.

لە چوارچێوەی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، نزیکەی ١٠ ھەزار ھێزی ئەمریکی و دەیان فڕۆکە و کەشتییەکی سەربازی لە ناوچەی کارائیب بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رێگەکانی قاچاغی مادە ھۆشبەرەکان جێگیرکراون. بەرپرسانی ئەمریکی تا ئێستا زانیارییەکی وردیان سەبارەت بە ناسنامەی کەسە کوژراوەکان بڵاو نەکردۆتەوە.

Live
Hide picture