
سیپان حەمۆ، ئەندامی سەرکردایەتی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و ئەندامی لێژنەی سەربازیی دانووستانکار لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق، جەختی کردەوە کە «قەسەدە» ئامادەیە بە سوپای نوێی سووریاوە پەیوەست بێت، بەڵام تەنیا بەو مەرجەی کە ئەم یەکخستنەوەیە لەسەر بنەماکانی ڕێز لە ناسنامە و خەباتی ئەم هێزە بێت و مافەکانی هەموو پێکهاتە و چینەکانی سووریا مسۆگەر بکات. ئەو هۆشداری دا کە هەنگاوەکانی داهاتووی حکوومەتی کاتی دیمەشق دیاری دەکات کە ئایا پرۆسەی یەکخستنەوە خێراتر دەبێت، خاو دەبێتەوە، یان بە تەواوی دەوەستێت.
لە گفتوگۆیەکی ورد لەگەڵ ناوەندی میدیایی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، سیپان حەمۆ بۆچوونی گشتی قەسەدەی سەبارەت بە پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق، ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥، و پێداویستییەکانی دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانی نوێی لە سووریا خستەڕوو.
حەمۆ سڵاوی بۆ هەموو بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتیکی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا/رۆژئاوا و سەرتاسەری وڵات نارد و گوتی: «لە نێوان ئێمە و حکومەتی دیمەشق زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ لە ئارادایە. لە کاتی رێککەوتنی ١٠ی ئادارەوە، وشەی “یەکخستنەوە” کەوتە ناو ئەدەبیاتی دانووستانەکانەوە.»
ئەو ئەوەی بیری خستەوە کە: «قەسەدە لە سەرەتای دامەزراندنەوە بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراتیک خەباتی کردووە کە تێیدا هیچ گرووپێک لە مافەکانی بێبەش نەکرێت. هێزەکانمان لەم رێگەیەدا دژ بە داعش و هێزەکانی دیکەی داگیرکەر شەڕیان کردووە و قوربانییەکی زۆریان داوە.»
قەسەدە: پرۆژەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، نەک تەنها سەربازی
بە وتەی حەمۆ، قەسەدە تەنها هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکوو پرۆژەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە لە سەرەتاوە دژ بە دیکتاتۆری، پەڕواێزخستن و نادادپەروەری خەباتی کردووە. ئەو وتی: «ئەم خەباتە تا رووخاندنی ڕژێمی بەعس بەردەوام بوو. دواتر، حکوومەتێکی کاتی بە سەرپەرشتی “هەیئەت تەحریر ئەلشام” پێکهات و لە ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥ەوە رێککەوتنێکمان لەگەڵ ئەوان واژۆ کرد کە لەو کاتەوە دانووستانی راستەوخۆ بۆ جێبەجێکردنی دەستیپێکرد.»
یەکخستنەوە؛ پێداویستی بنەڕەتی دروستکردنی سوپایەکی نوێی نیشتمانی
حەمۆ گوتی: «ئێمە دەمانەوەێن لە سوپای نوێی سووریادا رێکبخرێین و پێمانوایە کە قەسەدە دەبێت بناغەی سەرەکی ئەم سوپا نیشتمانییە بێت. هیچ سوپایەکی نیشتمانی سووری ناتوانێت بەبێ ئامادەبوونی قەسەدە پێک بێت.»
ئەو دەنگۆی هەندێک لە لایەنەکان کە قەسەدە لە پرۆسەکەی پەکخستووە بە «بێ بنەما » ناو برد و جەختی کردەوە: «هەندێک لایەن بە مێنتاڵیتی ڕژێمی پێشوو دەیانەوێت ناسنامە و رۆڵی قەسەدە بسڕنەوە؛ بەڵام ئێمە ئەمە قبووڵ ناکەین. یەکخستنەوە دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە ناسنامەی قەسەدە و بەشداری یەکسان بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا – کورد، عەرەب، عەلەوی، درووزی و مەسیحی – بێت. ئەگەر مافەکانی تەنیا یەک گرووپیش لەبەرچاو نەگیرێ، ئەوە سووریا هەرگیز لە ستەمی مێژوویی خۆی ئازاد نابێت.»
کۆبوونەوەی ئەم دواییەی دیمەشق: ئەرێنی بەڵام بەبێ ئەنجامی دیار
بە وتەی حەمۆ، کۆبوونەوەی ئەم دواییەی دیمەشق کە نوێنەرانی قەسەدە، وەزارەتی بەرگری و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمریکی تێیدا بەشدار بوون، لە ژینگەیەکی ئەرێنیدا بەڕێوە چوو، بەڵام هیچ ئەنجامێکی دیاری بەدوادا نەهات. ئەو وتی: «کۆبوونەوەکە تەنها کۆمەڵێک بەڵێنی زارەکیی لەخۆ گرت و هیچ رێککەوتنێکی نووسراو پێک نەهات. ئێمە جەختمان لە پێویستی وەرگێڕانی ئەم ژینگەیە بۆ هەنگاوە کردارییەکان کردەوە.»
ئاستەنگی سەرەکی: بێ متمانەیی
حەمۆ ڕوونی کردەوە: «لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەدا سەبارەت بە میکانیزمەکانی یەکخستنەوە و هۆکارەکانی دروستبوونی قەسەدە قسەمان کرد و گووتمان هەر ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە هۆی دروستبوونی قەسەدە هێشتا لە ئارادان. بۆ سەرکەوتنی یەکخستنەوە، پێویستە مەترسییە ئەمنییەکان دژ بە خەڵکی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا چارەسەر بکرێن.»
ئەو رەخنەی لە هەڵسووکەوتی حکومەتی کاتی گرت و گوتی: «ئەم حکومەتە هێشتا نەیتوانیوە هەستی ئەمنی و متمانە لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا دروست بکات. ئێمە شایەتی هەندێک حاڵەتی کوشتاری بەکۆمەڵ دژ بە عەلەوی و درووزییەکان بووین. ئەم کردارانە ئاستەنگن بۆ دروستکردنی متمانە و نیشانەی بێتوانایی حکومەت لە مسۆگەرکردنی ئاسایشدایە.»
هێرش بۆ سەر شێخ مەقسوود و نیگەرانییە نوێیەکان
سیپان حەمۆ ئاماژەی بە هێرشی سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود لە حەڵەب کرد و گوتی: «لە کاتێکدا کە سەبارەت بە یەکخستنەوە قسە دەکەین، هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق هێرشیان کردە سەر ئەم گەڕەکە. ئەم هێرشە لە دە قۆڵەوە ئەنجام درا و تەنیا بەرگری خەڵکەکە رێگری لە کارەساتێکی گەورەتر کرد.»
ئەو وتی: «ئەم جۆرە کردارە دژبەرانەیە بە تەواوی لەگەڵ دروشمە ئەرێنییەکانی دیمەشقدا ناکۆکە. بۆ دروستکردنی متمانە، دەبێت قسە ئەرێنییەکان ببن بە کردەوەی راستەقینە، نەک کێشە و پێکدادان.»
پەراوێزخستن لە دامەزراوە بڕیاردەرەکاندا
ئەندامی سەرکردایەتی قەسەدە رەخنەی لە دوورخستنەوەی خەڵکی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە کۆبوونەوە سیاسییەکان و پرۆسەی نووسینەوەی دەستوور گرت و گوتی: «لەبەرچاو نەگرتنی ئیرادەی کۆمەڵگا رێگری لە پێکهاتنی حکوومەتێکی راستەقینەی نیشتمانی دەکات. هیچ حکوومەت یان سوپایەک پشتگیری خەڵکەکەی نابێت مەگەر هەمووان بەشدار بکات. سووریا بەبێ ئامادەبوونی یەکسانی هەموو گرووپەکان، هەرگیز ناتوانێت ببێتە وڵاتێکی هاوبەش.»
یەکخستنەوەی قەسەدە؛ پێداویستی سەقامگیری و پاراستنی سووریا
حەمۆ جەختی کردەوە: «ئامادەبوونی قەسەدە لە سوپای نوێدا بۆ تێپەڕاندنی قەیران و مسۆگەرکردنی ئاسایشی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا پێداویستی بنەڕەتییە. بەڵام ئەم یەکخستنەوەیە دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دوولایەنە و هاوبەشییەکی راستەقینە بێت، نەک لەسەر بنەمای مێنتاڵیتی سڕینەوە و پاکسازی سیاسی کە هەندێک گرووپ لە دیمەشقدا هێشتا بەڕێوەی دەبن.»
ئەو وتی: «ئێمە بە بەرپرسانی دیمەشقمان گوتووە کە خێراکردنی پرۆسەی یەکخستنەوە گرێدراوی هەڵوێست و هەنگاوەکانی داهاتووی ئەوان سەبارەت بە مافەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگای سووریا و کردنەوەی دەرگای بەشداری نیشتمانییە. کردەوەی حکوومەت لە دۆسیەکانی وەک عەفرین پێوەری راستەقینەی سەرڕاستی ئەوانە.»
حەمۆ ڕوونی کردەوە: «گەڕانەوەی ئاوارەکانی عەفرین، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و دادگاییکردنی تاوانباران نیشانەی جددی بوونی حکوومەتە. ئەگەر دیمەشق سەبارەت بە عەفرین هەڵوێستێکی دادپەروەرانە پیشان بدات، دەتوانرێت بە چاوێکی جیاواز سەیری بکرێت؛ نەک تەنها بۆ عەفرین، بەڵکوو بۆ سەرتاسەری سووریا.»
قەسەدە؛ هێزێکی نیشتمانی و گشتگیر
ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە: «قەسەدە هێزێکی نیشتمانی و سوورییە کە توانای پەیوەندیکردنی لەگەڵ هەموو گرووپەکان و تەنانەت لەگەڵ حکوومەتی دیمەشقیش هەیە. ئێمە ئامادەین بناغەی سەرەکی سوپای نوێی سووریا بین و پرۆسەی سیاسی و سەربازی وڵاتەکە بەرەو رێگایەکی دروست بەرین.»
