
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی دووشەممە هۆشداری دا کە ژنان لە سەرانسەری جیهاندا رووبەڕووی کۆمەڵێک “پێواژۆی مەترسیدار”ی وەکوو توندوتیژی، پێکدادان و دوورخستنەوەی کۆمەڵایەتی بوونەتەوە. بە گوتەی ئەو، ژمارەی ئەو ژنانەی کە لە نزیک ناوچەکانی پێکدادان و شەڕ دەژین، گەیشتووەتە برزترین ئاستی خۆی لە چەند دەیەی رابردوودا.
گوتێرێس لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە بۆنەی گفتوگۆی ساڵانەی “ژنان، ئاشتی و ئاسایش” رێکخرابوو، رایگەیاند کە ساڵی پار نزیکەی ٦٧٦ ملیۆن ژن لە دووری ٥٠ کیلۆمەتر لە شوێنی شەڕ و پێکدادان ژیاون و ئەم ژمارەیە لەم چەند دەیەی دواییەدا بێ وێنەیە.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها هۆشداری دا کە توندوتیژی سێکسی لە دژی کچان لە زیادبووندایە و ئەو کەیسانەی تۆمار کراون بە رێژەی ٣٥ لە سەد زیادی کردووە، بە جۆرێک کە لە هەندێک ناوچە کچان نزیکەی نیوەی کۆی قوربانیان پێک دەهێنن. ئەو جەختی کردەوە کە سەرەڕای پێشکەوتنی چەندین ساڵە، دەستکەوتە جیهانییەکان لە بواری بەشداری ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتی و ئاسایشدا “لەرزۆکن و بەداخەوە روو لە پاشەکشەن”.
گوتێرێس سەبارەت بە دۆخی ئەفغانستان وتی: “سڕینەوەی سیستماتیکی ژنان و کچان لە ژیانی کۆمەڵایەتی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. دەستراگەیشتن بە خوێندن، کار، خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و دادوەری هەتا دێ سنووردارتر دەبێتەوە و کەیسەکانی توندوتیژی سێکسی و مردنی دایکان پەرەی سەندووە”.
ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە خاکە داگیرکراوەکانی فەڵەستین، سوودان، ھایتی، میانمار و ناوچەکانی دیکە، ژنان و کچان رووبەڕووی مەترسیی گەورە و ئاستێکی بەرزی توندوتیژی دەبنەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە ئەو رێکخراوە ژنانەی کە پشتیوانییان لێ دەکەن، “لە سەرچاوە داراییەکان بێبەش کراون”.
گوتێرێس لە کۆتاییدا داوای لە وڵاتانی ئەندام کرد کە پابەندبوونی خۆیان بە چوارچێوەی بەرنامەی “ژنان، ئاشتی و ئاسایش” — هەر وەک چۆن لە “پەیمانی بۆ داھاتوو”دا بەڵێنیان داوە — راگەیەنن و بۆ جێبەجێ کردنی ئەم بەڵێنانە هەنگاوی خێرا هەڵێننەوە.
