پەژاک: بە کۆتایهێنان بە پیلانگێڕی نێودەولەتی ٩ی تشرینی یەکەم ، دەتوانرێت شەڕ و کۆمەڵکوژیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنبڕ بکرێت

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە ڕاگەیەندراوێکدا بە بۆنەی ٢٧ەمین ساڵیادی پیلانگێڕی ٩ی تشرینی یەکەمەوە لە دژی عەبدۆڵا ئۆجالان، رێبەری گەلی کورد، نووسیویەتی کە ” کۆتایی هێنان بەم پیلانگێڕیی‌یە بەواتای کۆتایی هێنان بە شەڕ و کۆمەڵکوژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.”

پەژاک لەم راگەیەندراوەدا، ئازادی ئۆجالانی بە مەرجی بنەرەتی هاتنە دی ئاشتی، دێمۆکراسی، و چارەسەری هەمیشەیی پرسی کورد، داناوە.

پێژاک بە ئاماژە کردن بە پیلانگێڕی ٩ی تەشرینی یەکەمەوە رایگەیاند کە ئەم پیلانگێڕییە نە تەنیا لە دژی ئۆجەلان و گەلی کورد بەڵکوو لە دژی ئاشتی و سەقامگری هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو.

لەم راگەیەندراوەدا هاتووە کە ” ئەم پیلانگێڕییە، کە پەڵەیەکی تاریکە بە ناوچاوانی دەوڵەتە پیلانگێڕەکانەوە و دەرئەنجامی زیاتر لە سەد ساڵ چارەسەر نەکردنی پرسی کوردە، لەلایەن هێزەکانی جیهانی سەرمایەدارییەوە ڕوویدا.”

پەژاک دەڵێت کە سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و دیمۆکراتیزە کردنی کۆمەڵگەی تورکیا، دەوڵەتی تورکیا هێشتا مل بەم پرۆسەیە نادات و خۆی لێ دەبویرێ.

پەژاک لە دێژەدا وێرای ئاماژە بە رۆلێ بەرچاوی سەرۆک ئاپۆ بۆ خستنەرووی رێگارگەلی ئاشتیخوازانە و خەڵک‌تەوەر بۆ چارەسەری پرسی کورد، رایگەیاندووە کە ” تا پرسی کورد چارەسەر نەکرێت، پرسی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش چارەسەر ناکرێت. پرسی کورد لە پرسی فەلەستین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بنەڕەتیتر، گەورەتر و هەمەلایەنەترە.”

ئەم پارتە رایگەیاندووە کە هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هۆکاری سەرەکی پێکهاتن و درێژەکێشانی پرسی کوردن و دەڵێت: ” ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری هەمیشەیی پرسی کورد مسۆگەریی دەخوڵقێنێت. ”

پەژاک لە درێژەدا ئاماژەی بە باروودۆخی هەنووکەیی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و ئەم دۆخەی بە دەرفەتێک بۆ گۆرانکاری پێکهاتەیی و دیموکراتیک لە قەڵەم داوە. ئەم پارتە هۆشداری داوە کە ” لەدەستدانی دەرفەتەکانی دیموکراتیزەکردن لەم کاتەدا مەرگی مێژوویی، کولتووری و سیاسی لێ دەکەوێتەوە.”

پەژاک هەرەها رایگەیاندووە کە گەلی کورد بە فەلسەفەی “ژن،ژیان، ئازادی” بۆ گەلانی بندەست لە تاریکخانەی رووداوەکانی ئێستای رۆژەڵاتی ناوەراستدا، بۆتە مۆمێکی داگیرساو و چرایەکی رووناک کەرەوە.

پەژاک لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا داوای لە هەموو گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە کە “بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ٩ی تەشرینی یەکەم” هەوڵ و تێکۆشانیان پەرە پێ بدەن و رایگەیاندووە کە تەنیا لە رێگای یەکگرتووی گەڵان و لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاستی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، ئازادی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نیوەڕاست وەدی دێت.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیەیە:

“بە کۆتایهێنان بە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم ، دەتوانرێت شەڕ و کۆمەڵکوژیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنبڕ بکرێت.

پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم دژی ڕێبەر ئاپۆ و گەلەکەمان ٢٧ ساڵی تێپەڕاند. ئەو پیلانەی کە گەلی کوردی کردە ئامانج، لە ڕاستیدا بنەماکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕووبەڕووی وێرانی کردووتەوە. ئەم پیلانگێڕییە، کە پەڵەیەکی شەرمەزارکەرە بە ناوچاوانی دەوڵەتە پیلانگێڕەکانەوە و دەرئەنجامی زیاتر لە سەد ساڵەی چارەسەر نەکردنی پرسی کوردە، لەلایەن هێزەکانی جیهانی سەرمایەدارییەوە ڕوویدا.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێبەر ئاپۆ بە هەموو هەوڵدانەکانی، لێهاتوویی و ڕاستگۆیی خۆیەوە دەستی بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کردووە و ڕایگەیاندووە کە پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) لە چوارچێوەی ئەم ئاشتییەدا چەکەکانی بێدەنگ دەکات، تورکیا هێشتا لە بەرەو پێشچوونی پڕۆسەی ئاشتیدا کات بەسەر دەبات. گومانی تێدا نییە هەنگاوە بەهێزەکانی ڕێبەر ئاپۆ گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی تورکیای خستووەتە بەردەم هەڵبژاردنی ئاشتی و پێداگری لەسەر شەڕ کردووتەوە. پڕۆسەی ئاشتی، کە بۆ کۆتاییهێنانە بە جینۆسایدی جەستەیی و کولتووریی کورد بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠٠ساڵە، هەناسەیەکی نوێ بەبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە و نیشانە ئەرێنییەکانی هەر لە ئێستاوە دیارن.

بە دڵنیاییەوە تا پرسی کورد چارەسەر نەکرێت، پرسی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش چارەسەر ناکرێت. پرسی کورد لە پرسی فەلەستین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بنەڕەتیتر، گەورەتر و هەمەلایەنەترە. بەردەوامبوونی ئەو شەڕانەی کە ئێستا لە کوردستان و فەلەستین بەردەوامن، بە دڵنیاییەوە تەنیا بە پشتبەستن بە پرۆسەی دیموکراتیزەکردن کۆتایی پێدەهێنرێت. ئەوەی ئەمڕۆ بەدی دەکرێت ئەوەیە کە تاکە گەل و بزووتنەوەیەک کە بەرنامەی ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی هەیە و هەوڵی دوورکەوتنەوەی لە شەڕ و خوێنڕشتنەکان دەدات، گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەکەیەتی. ئەمڕۆ سەلمێندراوە کە کۆتایی هێنان بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد بەواتای کۆتایی هاتنی شەڕ و کۆمەڵکوژییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها هێزە هەژموونخوازەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە هۆکاری یەکەمی دروستکردنی پرسی کوردن، پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەمیان دژی ڕێبەر ئاپۆ و گەلەکەمان دانا و جێبەجێیان کرد. بەڵام بە تێکۆشانی بەردەوام و گونجاوی گەلەکەمان ئەم پیلانگێڕییە تێکشکا و ئەمڕۆ سەرچاوەی سەرەکی ڕەوا بوونی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. ئەم پرۆسەیە نەک تەنها بۆ تورکیا بەڵکو بۆ هەر چوار بەشی کوردستانیش دیموکراسی بەدی دێنێت. بۆیە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری هەمیشەیی پرسی کورد مسۆگەریی دەخوڵقێنێت. ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد لە چوار بەشی کوردستاندا دەگاتە ئەنجام و بنەمای سەرەکی ئەمەش یەکگرتوویی و چڕ کردنەوەی تێکۆشانە.

کاتی درێژەدان بە جینۆسایدی جەستەیی و کولتووری کۆتایی هاتووە و تەنیا بە کۆتایی هێنان بە جینۆسایدە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانێت بچێتە قۆناغی دیموکراتیزەکردنەوە. لەم کاتەدا ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەبەردەم هەستیارترین وەرچەرخانی مێژووییدان. بۆیە لەدەستدانی دەرفەتەکانی دیموکراتیزەکردن لەم کاتەدا مەرگی مێژوویی، کولتووری و سیاسی لێ دەکەوێتەوە.

بۆیە بە دڵنیاییەوە بوونی گەلی کورد وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی دیموکراتیزەکردن، پەتێکە بۆ ئەوەی ئێران دەستی پێ بگرێت و خۆی ڕزگار بکات. بۆیە پرسی کورد بەدڵنیاییەوە پرسی کۆتایی هێنانە بە بەردەوامبوونی شەڕەکان، جینۆساید و پیلانگێڕییە. ڕەنگدانەوە و کاریگەری تێکۆشانی گەلی کورد لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە وڵاتانی ئێران، تورکیا، عێراق، سووریا، تەواو ڕوونە کە پرۆسەی پیلانگێڕیەکە تێکشکاوە. لە گەڵ ئەوەش ئێران چووەتە تاریکترین سەدەمی خۆیەوە و لە لایەکی دیکەشەوە دروشم و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی و پێشەنگایەتی کورد بووەتە مەشغەڵێکی ڕوون بۆ تێکۆشانی گەلان. بۆیە ڕەوا نییە رێبەر ئاپۆ بنیاتنەری ئاشتی و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی ئیتر لە زیندانی ئیمرالیدا ڕابگیردرێت، چونکوو مرۆڤایەتی جیتر ئەوەی پێ قبووڵ ناکرێت.

تاکو ئێستا گەلی کورد بە پاڵپشتی زۆربەی گەلانی بندەست و ئازادیخواز، تێکۆشانەکانی بۆ بێکاریگەرکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ٩ی تشرینی یەکەم سەرکەوتوو بووە، ڕێبەر ئاپۆ تا ئێستاش هەر رێبەرایەتی ئەم تێکۆشانە شکۆمەندە هاوچەرخە دەکات و پێگەی بەڕێزی وەک بنیاتنەری ئاشتی و ئازادی پاراستووە. بۆیە ئەوانەی پرسی کورد لەبەرچاو ناگرن و هێزە هەژموونخوازە ناوچەیی و جیهانییەکان زیانێکی قووڵیان بەر دەکەوێت. پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە بنیاتنەری ڕێبەر ئاپۆ دووایین دەرفەتە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئازادییەی کە گەلانی ناوچەکە هیواخوازین.

Live
Hide picture