بن

بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بێن شاپیرۆ، رۆژنامەنووس و چالاکوانی کۆنەپارێزی ئەمریکی لە بەرنامەی «دیلی وایر»، گوتی کە ئێران خەریکی پەرەپێدانی مووشەکی بالستیکی کیشوەربڕە و ئەم مووشەکانە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە. ئەو هۆشداری دا کە ئەم مووشەکانە دەتوانن شارە گەورەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک نیویۆرک، بۆستن، واشینگتۆن و مەیامی، بکەنە ئامانج.
نەتانیاهوو گوتی: «ئێران خەریکی سازکردنی کۆمەڵێک مووشەکە کە مەودای ٨ هەزار کیلۆمەتر دەبڕن، و ئەگەر ٣ هەزار کیلۆمەتری دیکە بە توانای مووشەکەکانی زیاد بکات، دەتوانێت کەنارەکانی رۆژهەڵاتی ئەمریکاش بکاتە ئامانج. ئەوان دەتوانن مەترسی بۆ سەر هەموو شارێکی ئەمریکی درووست بکەن.»
ئەو باسی لەوەش کرد کە ئەم بابەتە مەترسییەکی جدی بۆ ئاسایشی جیهانی ساز دەکات و گوتی: «ئێمە ناتوانین لەژێر هەڕەشەی چەکی ئەتۆمیی کەسانێکدا بین کە هێشتا درووشمی ‘مەرگ بۆ ئەمریکا’ دەڵێنەوە و ئاوەزمەندانە ناجووڵێنەوە. »
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا گوتی کە ئیسرائیل لە ناو قەیرانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا وەک «بەهێزترین هێزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست» هاتە دەرەوە. ئەو گوتی: «ئێمە حەماسمان تێکشکاند؛ هەرچەندە هێشتا بە تەواوی لەناو نەچووە، بەڵام لەناوی دەبەین. هەر ئەم کارەشمان لەگەڵ حیزبوڵڵا، سووریا و هەروەها پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران کرد و تێکمان شکاندن.»
نەتانیاهوو جەختی کردەوە کە ئیسرائیل «پێشکەوتووترین چەکە هێرشبەرەکانی جیهانی دروست کردووە و ئەم چەکانەی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش داوە». لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ گوتی: «پێوەندیم لەگەڵ ترەمپ زۆر دۆستانەیە، هەرچەندە لەسەر هەموو شتێک کۆک نین. ئەو گوتی کە دەبێت شەڕی غەزە کۆتایی بێت، و من هیوادارم بە یارمەتیی ئەو بەم ئامانجە بگەین.»
بە گوتەی نەتانیاهوو، کۆتاییهاتنی شەڕی غەزە تەنیا کاتێک دێتە دی کە بارمتەکان ئازاد بکرێن و «حکومەتی حەماس لە غەزە بە تەواوی لەناو ببرێت».
