شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ رێبەر ئۆجالان کۆبووەوە؛ پێداگری لەسەر پێداویستییە سیاسی و یاساییەکانی پرۆسەی ئاشتی

ئەمڕۆ شەممە ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دوای دیداری رۆژی رابردوویان لەگەڵ رێبەر ئۆجالان، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا، شاندەکە دەڵێ کە دیدارەکەی دوێنێ، نزیکەی سێ کاتژمێر و نیو درێژەی کێشاوە. ئەوان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئۆجالان، وەک هەمیشە، مۆڕاڵێکی بەرز و تەندروستییەکی باش و متمانەیەکی زۆری بەخۆی هەبووە.

ئۆجالان لەم کۆبوونەوەیەدا جەختی لەسەر گرنگیی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کە ساڵی ڕابردوو دەستی پێکردووە، کردۆتەوە و رایگەیاندووە کە ئەم پرۆسەیە توانیویەتی شەڕ و ململانێکان لە تورکیا کەم بکاتەوە و ڕێگری لە مەترسی گەورە بکات. ئەو هەوڵی ئەو کەسانەی کە لەم پرۆسەیەدا بەشدار بوون بە “هەوڵ و رەنجێکی شەرافەتمەندانە” داناوە.

ڕێبەر ئۆجالان هەروەها گوتوویەتی کە لە دوای سێ سەدەی پڕ لە ململانێی وێرانکەر، شارستانیەت “دیموکراسیی دانووستانکار”ی وەک مۆدێلێکی گرنگی

چارەسەری پرسەکان پەرە پێداوە. ئەو پێشنیاری کرد کە ئەم شێوازە بنەمای چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی تورکیا بێت، و داوای پەرەپێدانی “دانووستانی دیموکراتیک”ی لە هەموو پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا کرد.

سەرۆکی گەلی کورد وێڕای بیرهێنانەوەی بانگەوازی ٢٧ی شووباتی ساڵی ڕابردووی، جەختی کردۆتەوە کە پەرەسەندنی پرۆسەی ئاشتی گرێدراوی جێبەجێکردنی پێداویستییە سیاسی و یاساییەکانی ئەو پرۆسەیە.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

“بۆ ڕای گشتیی و ڕۆژنامەوانان
لە ٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ـدا، ئێمە بۆ ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر و نیو لە زیندانی ئیمراڵی دیدارێکمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دا. بەڕێز ئۆجالان وەک هەمیشە مۆڕاڵێکی باش و تەندروست و متمانەیەکی بەرزی بەخۆی هەبوو.

بەڕێز ئۆجالان ڕایگەیاند کە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ساڵی ڕابردوو دەستی پێکرد شەڕ و ململانێکانی لە وڵاتدا ڕاگرتووە و ڕێگری لە زۆر مەترسی گەورە کردووە؛ هەر کەسێک لەمەدا ڕۆڵی هەبووە خاوەن ڕەنجێکی بەشکۆ و گەورەیە.

بەڕێز ئۆجالان وتی: “شارستانییەت دوای سێ سەدە لە ململانێی وێرانکەر و زیانی گەورە لە شەڕە جیهانییەکاندا، دیموکراسی دانوستانکاری وەک مۆدێلێکی چارەسەری گرنگ پەرە پێداوە، ئەم شێوازە دەبێت بنەما بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی تورکیا.”
بەڕێز ئۆجالان پێشنیاری کرد کە ‘دانوستانی دیموکراتیک’ لە هەموو پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا پەرەپێبدرێت.

بەڕێز ئۆجالان بانگەوازی ٢٧ـی شووباتی بەبیرهێنایەوە و وتی: “ئێمە لە پاڵ قسەکەی خۆماندا وەستاوین کە پەرەسەندنی ئەم پرۆسەیە پەیوەستە بە مەرجە سیاسی و یاساییەکانەوە” و ئاماژەی بەوەدا کە لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە مەرجە یاساییەکان بە تێڕوانینێکی دروست و یەکگرتوو دەستنیشان بکرێت و جێبەجێ بکرێت.

لە کۆتاییدا بەڕێز ئۆجەلان ئاماژەی بەوەدا، سەدەی نوێی کۆمار دەبێت لەسەر بنەمای یاسای ئاشتی و دیموکراسی بنیات بنرێت.

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی
٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥”

Live
Hide picture