لەسێدارەدانی حەوت کەس لە خوزستان و کوردستان؛ نیگەرانییەکان سەبارەت بە پەرەسەندنی لەسێدارەدان لە ئێران

ئاژانسی هەواڵی میزان، سەر بە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران، هەواڵی لەسێدارەدانی شەش کەسی لە پارێزگای خوزستان بە تۆمەتی «هێرشی چەکداری، تەقينەوەی بۆمب و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل» بڵاو کردۆتەوە. هاوکات، زیندانییەکی سیاسی دیکەی خەڵکی شاری سنە، لە شاری کەرەج لەسێدارە دراوە. میدیاکانی سەر بە حکومەت تۆمەتی ئەوەیان «ئەندامەتی لە گرووپە تەکفیرییەکان»دا راگەیاندووە.

لە راپۆرتی ئەم هەوڵنێرییەدا ناوی ئەو کەسانەی لە خوزستان لەسێدارە دراون، ئاشکرا نەکراون، بەڵام وتراوە کە ئەمڕۆ، شەممە ١٢ی رەزبەر (٤ی ئۆکتۆبەر)، لەسێدارە دراون. دەزگای دادوەری بانگەشەی ئەوە کردووە کە ئەم کەسانە ئەندامی «گرووپێکی جیایی‌خواز» بوون و لە چەندین کردەوەی چەکداری لە ساڵانی ڕابردوودا لە خوزستان بەشدار بوون.

هاوکات و لە لەسێدارەدانێکی جیاوازدا، دەسەڵاتدارانی ئێرانی، سامان محەمەدی خيارە، زیندانییەکی سیاسی کورد و خەڵکی شاری سنەیان، بە تۆمەتی «محاربە» لەسێدارە داوە. میدیاکانی فەرمی وتویانە کە ئەو بەهۆی «ئەندامەتی لە گرووپە تەکفیرییەکان» و بەشداری لە کوشتنی مەلا محەمەد شێخولئیسلام، ئەندامی مەجلیسی خەبرگان، لە ساڵی ١٣٨٨دا بە سێدارە سزا درابوو.

بەپێی سەرچاوەکانی مافەکانی مرۆڤ، سامان محەمەدی کە لە ساڵی ١٣٩٢دا دەست‌بەسەر کرابوو و رۆژی شەممە پاش گواستنەوە بۆ ژووری تاکەکەسی لە زیندانی قەزڵحەسار لە کەرەج ئيعدام کرا.

شارەزایانى مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، چەند رۆژ پێش ئێستا، نیگەرانی خۆیان لە زیادبوونی زۆری لەسێدارەدانەکان لە ئێراندا دەربڕی. ئەوان وتيان کە زیاتر لە هەزار کەس لە نۆ مانگی سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٥دا لە ئێران لەسێدارە دراون؛ ئامارێک کە بە وتەی ئەوان «ترسناک»ە و نیشانەی پەرەسەندی سەرکوتکاری دادوەری لە ئێراندایە.

گرووپەکانی مافەکانی مرۆڤ، لە نێویاندا رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و گرووپی مافەکانی مرۆڤی ئێران، رايگەیاندووە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی سێپتەمبەر، بە لایەنی کەمەوە هەزار حاڵەتی لەسێدارەدان لە ئێران تۆمار کراوە.

Live
Hide picture