بەرمیزە، گارە و گەڵاڵە لەگەڵ بورقە و مزگەوت و زانکۆی ئەمریکی؛ بۆچی بە سوتانی قورئان و ڕوخاندنی مزگەوت لەلایەن تورکیاوە ئەو گرووپانە نەهاتنە جواب؟

کاردانەوەی پەڕگیرانەی هەندێک گروپ بەرامبەر توڕدانی بورقە لە نمایشێکی گروپی “هونەرگەها ووڵات” لە زانکۆی ئەمریکی عێراق-سلێمانی، پرسیاری ڕژد لەسەر نیازی ئەو گروپە پەڕگیرانە دروست دەکات و بە بەراوردکردنی کۆمەڵێک ڕووداوی تر، لە ئاراستەکردن و ختوکەدانی هەستی دینی ئەو “باوەڕدارانە” تێدەگەین.

نووسەر: کامەران عوسمان،  ئەندامی ڕێکخراوەی سی پی تی ئەمریکی

ڕووداوی یەکەم: لە مانگی حوزەیرانی ساڵی (٢٠١٨) سوپای تورکیا بەفەرمی ئۆپەراسیۆنی خاکڕەوی لە هەرێمی کوردستاندا دەستپێکرد و یەکەم شوێنیش کە چوونە ناویەوە، مزگەوتی گوندی بەرمیزە بوو، لە ناوچەی برادۆست و هەر لەوێ سەربازانی تورکیا پشووی نیوەڕۆیان وەرگرت و نانی نیوەڕۆیان یاپراخ بوو بە سڵقی جوتیارانی ئەو ناوچەیە. سەربازەکان بە کلێتەی شین و ئاڵای تورکیا و پۆستاڵی سەربازییەوە چونە ناو مزگەوتەکە. جاڕدانی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ داگیرکردنی ناوچەی برادۆست بە قوڵایی ٤٠ کیلۆمەتر لە مزگەوتی گوندێکی ئەو ناوچەیە، کاردانەوەی ئەو گروپە پەڕگیرانەی لێنەکەوتەوە و پێیان وانەبوو، کە سوکایەتی بە مزگەوتی مسوڵمانان کراوە!

ڕووداوی دووەم: لە ئۆپەراسیۆنی تەواوکاری چنگی قوفڵی تورکیا بۆسەر گوندەکانی بەری گارە لە قەزای ئامێدی کە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا دەستیپێکرد، سوپای تورکیا دوو مزگەوتی گوندەکانی بەری گارێی بە ئامانج گرت و یەکێک لە مزگەوتەکان بەشێکی سوتا و مزگەوتێکی تریان دیوارێکی ڕووخا. بە ئامانج گرتنی مزگەوت و شوێنی نوێژ خوێنی مسوڵمانان، جارێکی تریش نەبووە بە جێگای سەرنجی ئەو گروپانە و باوەڕ و هەستی دینیان پێی بریندار نەبوو!

ڕووداوی سێیەم: لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٤، فڕۆکەیەکی جەنگی سوپای تورکیا ماڵی حاجی سەعید محەمەد لە دۆڵی شۆرە لە گوندی گەڵاڵەی ناوچەی شینکایەتی بۆردوومان دەکات و کوڕێکی حاجی سەعید بە ناوی محەمەد شەهید دەکەن. لەگەڵ کوشتنی محەمەددا، قورئانەکەشی دەسوتێت کە محەمەد قورئان خوێن بووە و کەسێکی باوەڕداربووە. جارێکی تر کوشتنی محەمەدی بێتاوان و سوتانی قورئانی مسوڵمانان هەستی دینی ئەو گروپانەی نەجوڵاند و بەیاننامەیان دەرنەکرد و سکاڵاشیان تۆمار نەکرد!

ڕووداوی چوارەم: کاتێک گروپێکی هونەری ڕۆژئاوای نیشتیمان، لە مانگی ئەیلوولدا، کۆڕێکی هونەری لە زانکۆی ئەمریکی دەگێڕن و بە گۆرانی و نمایش گوزارشت لە شادی و شیوەن و ئازار و سەرکەوتنی کورد و ئەم پارچەیەی نیشتیمان دەکەن، بە “هێزی مستۆ کەمال” ناوی سوپای تورکیا دەبەن و باس لە “لەرزینی قەسری ئەنکەرە” دەکەن، ئەوا باوەڕی دینی ئەو گروپانە بە جۆشدەهێندرێت و توڕدانی بورقە دەکەن بە بیانوو بۆ لێدان لەو گروپە و ڕێکخەرانی کۆڕەکە. بێ ئاگا لەوەی، لەچکە چیە و پەچە چیە و ڕووپۆش چیە و بورقە چیە؟!

زۆرینەی ئەوانەشی کە بە پەڕگیری و زمانێکی چوارچێوە بۆداندراوی پڕ لە جنێو کاردانەوەیان نواند، پیاو بوون و دەرفەتیان بەژنانی سەرپۆشی مسوڵمانی کوردەواریش نەدا قسەیەک بکەن و بڕوای خۆیان ڕوون بکەنەوە. هەر وەکو چۆن سوکانی ئەو شەپۆلە پەڕگیرییە لەدەست خۆیاندا نەبوو، سەوڵی بەلەمەکەشیان بە ژنە مسوڵمانەکان ڕەوا نەبینی و لەبری ئەوانیش قسەیان کرد.
لە بەراوردی ئەم ڕووداوانە دەردەکەوێت، کە تەوژمێکی ئیسلامی سیاسی (بە ئاگا یاخود بێ ئاگا، ڕێکخراو یاخود نا ڕێکخراو) لە کۆمەڵگەی کوردی ئامادەیی هەیە کە بورقەی پێ لە مزگەوت و قورئان بۆ مسوڵمانان پێ پیرۆزترە. قورئانە پیرۆزەکەی بسوتێندرێت و مزگەوتەکەی بڕوخێندرێت، نقە ناکات. بەڵام بورقەیەک کە ڕەگی لە کلتوری خۆی و دینەکەشیدانیە و لە ژێریدا، هەزاران کچ و ژنی کورد لەلایەن داعشەوە پێ دەستەمۆ و لاقە کران، پێ پیرۆزترە لە قورئان و مزگەوت. ئەوانەشی کە وەگەڕخێنەرانی ئەم ڕەوتە ئاراستە و پارەدار دەکەن و مسوڵمانی کوردی پێ دەخەنە تەڵەوە بۆ وەستانەوە لە دژی بەها و کلتورەکانی خۆی، نە لەخەمی خەڵکی ئێمەدابوون و نە لەخەمی باوەڕی کوردان. بەڵکو هەر ئەوان خوشک و ژن و کچی کوردیان بە داعش گورگان خواردکرد.

Live
Hide picture