
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا کە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بەردەوامی دەستبەسەرکردنی پەخشان عەزیزی، چالاکی سیاسی کوردی، ئیدانە کرد و داوای ئازادی خێرای ئەو و زیندانی سیاسی دیکەی کرد.
بەپێی ئەم راگەیەندراوە، عەزیزی لە ئابی ٢٠٢٣دا لەگەڵ بنەماڵەکەی دەستبەسەر کراوە و بۆ ماوەیەک لە ژووری تاکەکەسی بەندیخانەی ئەوین ڕاگیراوە.
هەروەها هاتووەکە عەزیزی بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و لە دادگایەکی “ناعادلانە”دا سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و مەترسی جێبەجێکردنی لەناکاوی سزایەکەی هەیە.
ئەم وەزارەتە دەڵێت کۆماری ئیسلامی لە سزای سێدارە وەکوو ئەمرازێکی سیاسی و بۆ سەرکوت کەڵک وەردەگرێت و ئەم کردەوەیەی مەحکووم کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە: «ئێمە داوا لە حکومەتی ئێران دەکەین کە دەستبەجێ سزای سێدارەی ئەو ڕابگرێت، ئەو و هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد بکات و کۆتایی بە سەرکوت و تۆقاندنی خەڵک بهێنێت.»
ویلایەتە یەکگرتووەکان هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ وەستاندنی شەپۆلی لەسێدارەدان لە ئێراندا هەنگاوی خێرا و بەپەلە بنێن.
پەخشان عەزیزی ساڵی ٢٠٢٣ لە تاران دەستبەسەر کرا و دواتر سزای لەسێدارەدانی لە لایەن دیوانی باڵای دادوەری رێژیمەوە پشتراست کراوە. عەزیزی ئێستا لەگەڵ وریشە مورادی، زیندانی سیاسی مەحکووم بە سێدارە، لە بەندیخانەی “قەرچەک” وەرامین زیندانی کراوە.
