سەجاد حائری، نووسەر و دەرهێنەری کورد، بە دوو ساڵ و نیو زیندان سزا درا

سەجاد حائری، نووسەر، دەرهێنەر و مامۆستای زمانی کوردی، لەلایەن دادگای شۆڕشی دماوندەوە بە تۆمەتی «پرووپاگەندە دژ بە رێژیم» و «شێواندنی رای گشتی لە رێگای بڵاوکردنەوەی درۆ»وە بە کۆی گشتی دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی تعزیری سزا درا. سەجاد حائری خەڵکی ئیلامە و نیشتەجێی شاری دماوندە.

بە گوێرەی ئەم حوکمە، ئەو هەروەها بە دوو ساڵ قەدەغەی ئەندامەتی لە حیزب، گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا سزا داروە.

سەجاد حائری پێشتر لە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٤ لەلایەن دەزگای هەواڵگریی سپای پاسداران لە ماڵی دایکی لە دماوند دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ١-ئەلفی دەزگای هەواڵگریی سپا لە تاران گوازرایەوە. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستگیرکردنیدا، دەستیان بەسەر مۆبایل، لاپتۆپ و زیاتر لە ١٠٠ کتێبی ئەودا گرت.
ئەو پاش ١٠ رۆژ لێپرسینەوە سەبارەت بە چالاکییەکانی لە بواری زمانی کوردی و پشتیوانی لە کەمپینی «سێشەممەکانی نا بە لەسێدارەدان»، لە لقی سێیەمی لێپرسینەوەی دادگای شۆڕشی دماوەند، بە کەفالەتی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

سەجاد حائری برا‌ی ئەحمەدرەزا حائری، زیندانی سیاسی کوردە کە سزای خۆی لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج تێپەڕدەکات.

ئێستا و بە گوێرەی ئەم حوکمە، سەجاد حائری دەبێت دوو ساڵ و نیو زیندانی تعزیری و دوو ساڵ بێبەشبوون لە چالاکی کۆمەڵایەتی بکێشێت؛ حوکمێک کە بە گوتەی چاودێرانی مافی مرۆڤ، لە درێژەی گوشارهێنانی ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکان بۆ سەر نووسەران و چالاکوانانی مەدەنی‌یە.

Live
Hide picture