
سامان غەزاڵی، ڕۆژنامەوان و چالاکوانی مەدەنی کورد، دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ پۆلیسی ئەمنییەتی گشتیی (فەراجا)ی شاری مەهاباد، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لێپرسینەوەی لێ کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم چالاکوانە کوردە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بانگهێشت کراوە و ڕۆژی سێشەممە، ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٣٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٥) سەردانی ناوەندە ئەمنییەکەی کردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکان هێزە ئەمنییەکان سەبارەت بە ساڵیادی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” و بڵاوکردنەوەی بابەتی سیاسیی لە لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا لێپرسینەوەیان لێ کردووە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رایگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان گوشاریان بۆ سامان هێناوە تا بەڵێننامەیەکی نووسراو بۆ وازهێنان لە چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی واژۆ بکات.
غەزاڵی پێشتر لە ساڵی ١٤٠١ (٢٠٢٢) بە هۆی چالاکییەکانیەوە دەستبەسەر و دوای دوو مانگ مانەوە لە زیندان، بە بارمتەی یەک میلیارد تمەن ئازاد کرابوو. هەروەها لە هەمان ساڵدا، بە تۆمەتی “پروپاگەندای دژ بە حکومەت” سزای ٣ مانگ زیندان و قەدەغەبوونی کاری ڕۆژنامەوانیی بەسەردا سەپابوو.
ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە لە ساڵی ١٣٩٩یش (٢٠٢٠) بە تۆمەتی “پروپاگەندە دژ بە حکومەت” و “هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی” سزای ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپابوو، کە پاش تێپەڕاندنی ٩ مانگ لەم سزایە لە زیندان ئازاد بوو.
