
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بە هۆی مەرگی دوو زیندانی ژن لە زیندانی قەرچەک وەرامین، داوای داخستنی دەستبەجێی ئەم بەندیخانەیەی کرد. ئەم ناوەندە مافی مرۆڤییە بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک ئاشکرای کردووە کە باروودۆخی نامرۆیانەی ئەم بەندیخانەیە ژیانی سەدان زیندانی دیکەی خستۆتە مەترسییەوە و بەردەوامی کارکردنی ئەم بەندیخانەیە جێگای قەبووڵ کردن نییە.
بەگوێرەی راپۆرتەکان، زیندانی قەرچەک کێشەی قەرەباڵغی و نەبوونی پێداویستی پزیشکی هەیە، و زیندانییەکان چەندین جار سکاڵایان لە پشتکوێخستنی پزیشکی و هەڵسووکەوتی بێرێزانەی کادری پزیشکی کردووە.
بەپێی راپۆرتەکان، سومەیە رەشیدی، زیندانی سیاسی تەمەن ٤٢ ساڵ کە نەخۆشی فێی هەبووە، بەهۆی پشتگوێ خستنی بەردەوامی لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە، کەوتە کۆماوە و ژیانی لەدەست دا.
رەشیدی لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ بە تۆمەتی “پڕوپاگاندە دژی رژیم” دەستبەسەر کرا و پاش ماوەیەک مانەوە لە بەندیخانەی ئەوین، بۆ زیندانی قەرچەک گوازرایەوە. ئەو لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا چەندین جار تووشی هێرشی توندی فێ بوو، بەڵام بەرپرسانی زیندان رەدیان کردەوە کە بەپەلە بۆ نەخۆشخانەی بگوازنەوە.
دوایین هێرشی فێ پاش گەڕانەوەی لە پزیشکی یاسایی روویداوە. کاتێک سومەیە تووشی گرژی و شڵەژان بووە، لەبری گواستنەوەی راستەوخۆ بۆ نەخۆشخانە، سەرەتا بۆ گۆڕینی جلەکانی ناردیانەتەوە بۆ بەندەکەی و لەم نێوەدا دۆخی تەندروستی تێکچووە و کەوتۆتە کۆماوە. بنەماڵەکەی سومەیە لە ژێر گوشاردا بوون کە بڵێن هۆکاری مردنەکەی “هەڵەی پزیشکی نەخۆشخانە” بووە.
هەروەها جەمیلە عەزیزی و مەریەم شەهرەکی دوو زیندانی دیکە لە بەندیخانەکانی “قەرچەک” و “کەشوویی” پاش چەندین کاتژمێر پشتگوێ خستن لەلایەن بەرپرسانەوە، ژیانی خۆیان لەدەست دا. شایەتحاڵەکان دەڵێن کە زیندانیەکانی هاوبەندی جەمیلە عەزیزی بە گریان و ناڕەزایەتی داوای یارمەتییان کردووە، بەڵام هیچ هەنگاوێک هەڵنەگیراوەتەوە. ئەمە تەنیا بە ژنانەوە سنووردار نەبووە، پیاوانیش و یەک لەوان محەمەد مەنقەلی لە بەندیخانەی یەزد هەر بەم هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە کە مردنی لەمشێوە لە بەندیخانەی قەرچەک پێشینەی هەیە. بۆ وێنە “فەرزانە بیجەنیپور” لە بەفرانباری ١٤٠٣ لەم بەندیخانەیە ژیانی لەدەست دا؛ هۆکارەکەشی پشتگوێ خستنی بەردەوامی لە لایەن پزیشکی زیندان و نەگواستنەوە بۆ نەخۆشخانە بووە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بەندیخانەی “قەرچەکی” وەکوو “دۆزەخی ژنان و منداڵان” ناو بردووە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە بۆ داخستنی ئەم زیندانە هەنگاو بنێن.
ئەم رێکخراوە هەروەها داوای پێکهێنانی کۆمیتەیەکی سەربەخۆی دۆزینەوەی راستییەکانی کردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنی ئەم دوو زیندانییە بکات. ئەم رێکخراوە جەختی کردووەتەوە کە بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیان و تەندروستی زیندانیان لەسەر شانی رێکخراوی بەندیخانەکان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و لە کۆتاییدا سەرۆکی کۆماری ئێرانە.
