ڕووسیا و ئێران ڕێککەوتننامەی دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمی‌یان واژۆ کرد


ڕووسیا و ئێران ڕۆژی چوارشەممە ڕێککەوتننامەیەکیان بۆ دروستکردنی کۆمەڵێک وێستگەی ئەتۆمی بچووک لە ئێران واژۆ کرد. کۆمپانیای دەوڵەتی ڕووسیا، “رووس‌ئەتۆم”، لە بەیاننامەیەکدا ئەم پڕۆژەیەی بە “ستراتیژیک” ناو برد.

ئەم ڕێککەوتنە لە کۆبوونەوەیەکدا لە مۆسکۆ لە نێوان ئەلێکسی لیخاچۆف، سەرۆکی رووس‌ئەتۆم، و محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی دامەزراوەی وزەی ئەتۆمی ئێران، واژوو کرا. ئیسلامی پێشتر بە میدیا ناوخۆیییەکانی ئێرانی گوتبوو کە تاران لە چوارچێوەی بەرنامەی گەشەپێدانی ئەتۆمیدا، لە پلانیدایە هەشت وێستگەی نوێ دروست بکات تا بەرھەمهێنانی کارەبای ئەتۆمی وڵات تا ساڵی ٢٠٤٠ بگاتە ٢٠ گیگاوات.

ئێران کە لەم ساڵانەی دواییدا لەگەڵ کەماسی کارەبا، بەتایبەتی لە مانگەکانی گەرمی ساڵدا، رووبەڕوو بووە، لە ئێستادا تەنیا یەک وێستگەی ئەتۆمی چالاکی لە شاری بووشەهر هەیە کە ئەمش بە هاوکاری ڕووسیا دروست کراوە و توانای بەرهەمهێنانی یەک گیگاواتە.

ڕووسیا و ئێران لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هاوکارییەکی بەرفراوانیان لە بواری ئەتۆمیدا هەبووە. مۆسکۆ لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار بەرگری لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کردووە و ھێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەم وڵاتەی سەرکۆنە کردووە.

ئەم ھێرشانە بە گوتەی واشنتن و تەلئەبیب بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن تارانەوە بووە، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی بەردەوام جەختیان کردۆتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان ئاشتی‌خوازانەیە و نیازی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییان نییە.

بە گوتەی شارەزایان، ئەم ڕێککەوتننامە تازەیە دەتوانێت بەستێن بۆ ئامادەبوونی فراوانتری ڕووسیا لە پڕۆژەکانی ئێراندا برەخسێنێت. هەرچەندە وردەکاری دارایی یان کاتی جێبەجێکردنی ئەم پلانانە ھێشتا بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی دەڵێن وەبەرهێنان لەم بوارەدا بۆ دابینکردنی وزەی وڵات “گرنگە”.

ئەم ڕێککەوتنە لە کاتێکدا واژوو دەکرێت کە گوشارەکانی ڕۆژئاوا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی ئێران زیادی کردووە و ئێرانیش بەدوای فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا و چینە.

Live
Hide picture