پێشنیارەکانی کۆمیسیۆنی چارەسەری پرسی کورد لە یەکەمی ئۆکتۆبەردا پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا دەکرێت


کۆمیسیۆنی پەرلەمانی لە تورکیا، کە پاش بانگەوازی ڕیێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێکهات، راگەیاندووە کە لە سەرەتای دەستبەکار کارکردنی پەرلەمان لە یەکەمی ئۆکتۆبەر دا، راپۆرتێک پێشکەش دەکات؛ راپۆرتێک کە دەتوانێت رێگایەکی نوێ لەبەر چارەسەری پرسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا بکاتەوە.

کۆمیسیۆنی پەرلەمانی «یەکگرتوویی نیشتمانی، برایەتی-خۆشکایەتی و دیموکراسی» کە بە مەبەستی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا پێکهاتووە، راگەیاندووە کە راپۆرتی کۆتایی و پێشنیارەکانی خۆی هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی پەرلەمان لە یەکەمی ئۆکتۆبەردا پێشکەش دەکات.

ئەم کۆمیسیۆنە تا ئێستا ١١ کۆبوونەوەی ئەنجام داوە و لەم ماوەیەدا بۆچوون و پێشنیارەکانی کۆمەڵە جیاوازەکانی کورد و تورکی، لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا وەرگرتووە.

ئەم کۆمیسیۆنە پاش بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری گەلی کورد، لە ٢٧ی شوباتدا پێکهات و یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی لە ٥ی ئاب ئەنجامدا. بەپێی سەرچاوە پەرلەمانییەکان، بابەتی سەردان و جاوپێکەوتنی ئەندامانی کۆمیسیۆن لەگەڵ رێبەر ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالی هێشتا لەسەر مێزە.

ساروهان ئۆڵوچ، نوێنەری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) و ئەندامی کۆمیسیۆن، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیاکان وتی کە ئەم کۆمیسیۆنە بە جددییەتەوە کار دەکات و کەمتەرخەمی لە کارەکەیدا نییە. ئەو وتی: «ئەگەر کۆمیسیۆنەکە هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی پەرلەمان راپۆرتێک سەبارەت بەو یاساکانەی کە بۆ پرۆسەکە پێویستن و دەکرێت گۆڕانکاریان بەسەردا بێت، پێشکەش بکات، ئەمە نیشانەی پێشکەوتنی راستەقینەیە. ئەگەر ئەمانە نەکرێت، دەکرێ بگوترێت کە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی‌دا کەمتەرخەمی کردووە.»

ئۆڵوچ جەختی لە پێویستی دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەر ئۆجەلان کردەوە و وتی: «ئۆجەلان بناغەدانەری سەرەکی ئەم پرۆسەیە و یاریزانێکی سەرەکییەتی. بەبێ وەرگرتنی هەڵسەنگاندنەکان و پێشنیارەکانی ئەو، ناتوانرێت پرۆسەکە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و سەرکەوتوو ببرێتە پێشەوە. ئێمە هیوادارین لە هەفتەکانی داهاتوودا کۆمەڵێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆن لە ئیمرالی لەگەڵ ئەو کۆببنەوە.»

ئەو هەروەها ئاماژەی بە ڕەخنەکان سەبارەت بە نەگۆڕینی زمانی بەرپرسان و میدیاکانی نزیک لە حکومەت کرد و وتی: «ئەگەر ئەم قۆناغە، قۆناغێکی نوێ بۆ ئاشتی و دیموکراسی بێت، حکومەت و دەسەڵات پێویستە زمانی خۆیان بگۆڕن. بەداخەوە، هەندێک سیاسەتمدار و میدیا هێشتا هەمان زمانی کۆن و هێرشبەرانە بەکاردەهێنن. گۆڕینی زمان پێویستی بە گۆڕینی مێنتاڵیتە و بنەڕەتی سیاسەتە.»

ئەم ئەندامەی کۆمیسیۆنە لە درێژەدا سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو ڕوونکردنەوەی دا: «پاش کردنەوەی پەرلەمان، پێویستە چاکسازی یاسایی خێرا بکرێت؛ لەوانە لە بواری گەڕانەوەی ئەو کەسانەی کە چەکەکانیان داناوە و هەروەها دەبێت باروودۆخی زیندانیان باشتر بکرێت. جگە لەمانە، گۆڕانکاری لە یاسای سزای تورکیا و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم پێویستە. »

ئەو هەروەها وتی کە «بابەتی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی دەستبەسەرداگرتن و دیاریکردنی قەیوم بۆ شارەوانییەکان و چاکسازی لە یاسای بەڕێوەبردنی ناوخۆیی، پێویستە لە بەرنامەدا بێت. ئەمانە ئەو هەنگاوانەن کە کۆمیسیۆنەکە دەبێت بۆ پێشکەشکردنی راپۆرتەکەی بە پەرلەمان بیانهاوێژێت، هەرچەندە ئەمانە بەس نین و تەنها بەشێک لە رێگای چارەسەری پرسی کوردن.»

Live
Hide picture