
بە پێی ڕاپۆرتی «ئەسۆشیەیتد پرێس»، دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوایی، کە بە مەرجی ئاشکرا نەکردنی ناوەکانیان لەگەڵ ئەم هەواڵنێرییە قسەیان کردووە، ڕایانگەیاندووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پشت پەردەی کۆبوونەوەی ساڵانەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی گوشارێکی زۆری هێناوە بۆ ئەوەی ڕێگە لە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک بگیرێت کە ئێران لەسەر قەدەغەی هێرشکردنە سەر شوێنە ئەتۆمییەکان ئامادەی کردبوو.
بە گوتەی ئەم دیپلۆماتکارانە، ئەمریکا هۆشداری دابوو کە ئەگەر بڕیارنامەکەی ئێران پەسەند بکرێت و ئاژانس مافەکانی ئیسرائیل سنووردار بکات، ئەوا لەوانەیە بودجەی ئاژانس کەم بکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشینەی راگرتنی یارمەتییە تەکنیکییەکانی ئاژانس بۆ ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨١، ئەو کاتەی کە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندی ئەتۆمی عێراق بە توندی مەحکووم کرا.
ئێران پاش ئەم گوشارانە، بڕیاری دا پێشنووسی بڕیارنامەکە وەرگرێتەوە. ڕەزا نەجەفی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنفرانسی گشتی ئاژانس لە رۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٤، ڕایگەیاند کە «بە نیازپاکی و لەسەر داوای چەند وڵاتێکی ئەندام»، پێشنووسەکە بۆ کۆنفرانسی ساڵی داهاتوو دواخراوە.
دەقی پێشنووسی ئێران بڕگەیەکی لەخۆگرتبوو کە «هێرشە دانستە و نایاساییەکانی حوزەیرانی ٢٠٢٥ی بۆ سەر بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران» بە توندی مەحکووم کردبوو و ئەم هێرشانەی بە «پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان» دانابوو. هەروەها جەختی کردبووە کە «هەموو وڵاتان پێویستە خۆیان لە هێرشکردن یان هەڕەشەی هێرشکردن بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتانی دیکە بپارێزن».
ئێران و پشتیوانانی دیکەی ئەم پێشنووسە، لەوانە کووبا، نیکاراگوا، وەنەزوێلا، بیلارووس و زیمبابوێ، ئامانجی خۆیان «ناردنی پەیامێکی یەکگرتوو و بێ پێچوپەنا» ڕاگەیاندبوو، و وتبوویان نایانەوێ دابەشبوون لە نێوان ئەندامانی ئاژانسەکەدا درووست بکەن.
محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ڕژێمی ئێران، وتی کە چاوەڕوان دەکات وڵاتانی ئەندامی ئاژانس «هەنگاوی گونجاو لە وەڵامی ئەم هێرشە نایاساییانەدا هەڵێننەوە» و وتی کە گوشاری سیاسی و هەڕەشەکانی ئەمریکا، جێگەی نیگەرانین.
هاوارد ساڵۆمۆن، کارداری کاتی نوێنەرایەتی ئەمریکا لە ڤییەنا، پێشنووسی بڕیارنامەی ئێرانی وەک «وێنەیەکی هەڵە لە رووداوەکانی ئەم دواییە، تێکچوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەڵبژاردنی لەگۆترە لە پەیڕەوی ئاژانس» وەسف کرد و وتی ئەگەر بخرابایەتە دەنگدانەوە، «بە توندی شکستی دەهێنا».
