
دوای تێپەڕینی٣٣ ساڵ بەسەر کوشتنی رۆژنامەنووس و نووسەری کورد، مووسا عەنتەر (ئاپێ مووسا)، تاوانبارانی ئەم جینایەتە هێشتا دادگایی نەکراون. دۆسیەی ئاپێ مووسا کە بوو بە هێمای دەیەی تاریکی قەتڵە سیاسییەکان لە تورکیا، لە کۆتاییدا لە ساڵی ٢٠٢٢ بە بیانووی “تێپەڕبوونی کات” داخرا.
عەبدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری گەلی کورد، سەبارەت بە ئاپێ مووسا وتوویەتی:
«ئەو وڵاتپارێزێکی راستەقینە بوو. هەر بەم هۆیەشەوە لەلایەن کۆنتراکانەوە کوژرا. وەک پارتێکی سەربەخۆ کاری دەکرد؛ پارتییەکی دانەمەزراندبوو، بەڵام هەوڵیدا لە رێگەی ئەدەبیاتەوە ببێتە زمانی کوردان. ئەمە گەلێک بەنرخ بوو.»
ژیان و ساڵانی خوێندن
ئاپێ مووسا، کە ژیانی خۆی وەک «بیرەوەرییەکانی کورد و کوردستان» وەسف کردبوو، لە ساڵی ١٩٢٠ لە گوندی «سیتیلۆلی» سەر بە قەزای نسێبین لە پارێزگای ماردین لە دایک بوو. قۆناغی سەرەتایی لە زێدی خۆی و قۆناغی ئامادەیی لە ئەدانا تەواو کرد. هەر لەو ساڵانەدا بۆ یەکەمجار دەستگیر کرا و ١٥ رۆژ لە گرتووخانە مایەوە.
پاش تەواوکردنی ئامادەیی، چووە کۆلێژی ئەدەبیات لە ئیستانبوڵ، بەڵام ساڵێک دواتر چووە بەشی یاسا. سێ ساڵی یەکەمی بە پلەی یەکەم تەواو کرد، بەڵام لە ساڵی چوارەمدا بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە پلەکەی لێ سەندراوە و وازی لە خوێندن هێنا. لە ساڵی ١٩٤٤ ژیانی هاوبەشی پێکهێنا و بوو بە خاوەنی سێ منداڵ: ئەنتەر (١٩٤٥)، رەهشان (١٩٤٨) و دجلە (١٩٥٠).
دەستپێکردنی چالاکی سیاسی و رۆژنامەوانی
ئاپێ مووسا لە ساڵانی ١٩٥٠ەوە تەڤلی چالاکی سیاسیی بوو. لە کتێبی «بیرەوەرییەکانمدا»دا نووسیویەتی:
«هەرچەند زیاتر ئەشکەنجە و زۆڵمم لێ دەکرا، زۆر زیاتر بە بیروباوەرەکانمەوە گرێدرام.»
لە رۆژنامەکانی «شرق پۆستاسی» و «دجلە کایناعی» نووسی، و پاش گەڕانەوەی بۆ ئامەد، لەگەڵ یووسف عەزیزاوغلو و جانب ییلدیریم رۆژنامەی «ئیری یوڕت» بڵاوکردەوە. لە سەر بڵاوکردنەوەی شیعری «قیمیل»، دەستگیر کرا و لە «دۆسیەی ٤٩ کەس»دا هەڕەشەی لەسێدارەدانی لێ کرا، بەڵام پاش کودەتای ٢٧ی ئایاری ١٩٦٠ بەخشرا و ئازاد بوو.
ئاپە مووسا لە زیندان شانۆنامەی «برینا رەش» و فەرهەنگێکی کوردی-تورکی نووسی. پاش ئازادبوون، گۆڤاری «دەنگ»ی بڵاوکردەوە کە هەر زوو داخرا. پاشان لە گۆڤارەکانی «جهان سڵاو» و «یۆن» نووسی و جارێکی دیکە لەسەر ئەمانە زیندانی کرا.
بەرخۆدان و پێداگری
ئاپێ مووسا لە ساڵی ١٩٦٩ لەگەڵ محەممەد گوموش شاهین، گۆڤاری «دوغو»ی بڵاوکردەوە. دروشمی سەر ژمارەی دووهەم، «بژی برایەتی تورک و کورد»، بوو بە هۆی دەستگیرکردن و دادگاییکردنی. ئەو دواتر بوو بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەکانی چاندی شۆرشگێری رۆژهەڵات (DDKO) و پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا (T-KDP) و زیاتر لە ٣٢ مانگ لە زینداندا بوو.
ئاپێ مووسا پاش ئازادبوون، گەڕایەوە بۆ گوندەکەی، بەڵام گوشار و هەڕەشەکان هەر بەردەوام بوون. لە ساڵی ١٩٨٨ بەشداری لە دامەزراندنی پارتی کاری گەلەکان (HEP) کرد و لە سەرەتای ساڵانی ٩٠ لە دامەزرێنەرانی ناوەندی چاندی مێزۆپۆتامیا (MKM) و ئەنستیتۆی کوردی بوو. ئەو دەیان وتاری لە گۆڤارە جیاوازەکاندا نووسی و حەوت کتێب و فەرهەنگی کوردی-تورکی بڵاوکردەوە.
لە کتێبی «بیرەوەرییەکانمدا»دا سەبارەت بە بڕیاری نەمانەوە لە شاربەدەریدا نووسیویەتی:
«بەجێی ئەوەی ئێسکەکانم لە غوربەتەوە بۆ وڵاتەکەم بهێننەوە، با لە وڵاتی خۆمدا بمرم. »
کوشتنی لەلایەن “ژیتم”ەوە (JİTEM)
ئاپێ مووسا پاش کودەتای ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندەی کوردایەتی» دەستگیر کرا و بە کۆی گشتی ١١ ساڵ زیندانی کرا. لە کۆتاییدا لە ٢٠ی ئەیلوولی ١٩٩٢، کاتێک بۆ بەشداریکردن لە فیستیڤاڵێکی چاندی چووبوو بۆ ئامەد، لە گەڕەکی «سەیرانتەپە» لەلایەن ژیتمەوە کوژرا.
هەر وەک کوشتارە سیاسییەکانی دیکەی دەیەی ٩٠، دۆسیەکەی ئەویش بەبێ پێشکەوتن مایەوە. خێزانەکەی دۆسیەکەی بردە دەستەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و لە ساڵی ٢٠٠٦ ئەم دەستەیە، تورکیای بە «پێشێلکردنی مافی ژیان و بەڕێوەنەبردنی لێکۆڵینەوەی کاریگەر» سزا دا و وتی کە دەبێ دەوڵەت قەرەبوو بدات.
تاوانباران و پرۆسەی دادگا
ئەندامانی پێشووی ژیتم، لەوانە عەبدوڵقادر ئایگان، شایەتییان دا کە کوشتنەکە لەلایەن کەسانی وەک سەرهەنگ ئەحمەد جەم ئەرسێوەر، محەممەد ییلدیریم (کۆدی یەشیل)، موستەفا دەنیز، ساواش گێورەکچی، عەلی ئۆزانسۆی، حەمیت ییلدیریم و جەمیل ئیشیکەوە ئەنجام دراوە.
بە دەستگیرکردنی حەمیت ییلدیریم لە ساڵی ٢٠١٢دا، هیوای بەدواداچوونی دۆسییەکە زیندوو بووەوە و لە ٢٠١٣دا لە دژی چەند کەسێک داوانامە کراوە. بەڵام جگە لە ییلدیریم، هیچ کەسێکی دیکە دەستگیر نەکرا. ئەویش لە ٢٠١٧دا بە بیانووی «درێژەکێشانی دەستگیرکردن» ئازاد کرا.
ئەم دۆسیەیە لەگەڵ دۆسیەی سەرەکی ژیتم تێکەڵ کرا و پاش هێنانوبردنی یاسایی، لە کۆتاییدا لە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، دادگای ئەنقەرە بە پشتبەستن بە تێپەڕبوونی کات، دۆسیەی کوشتن و تیرۆرکردنی ئاپێ مووسای وەک داخراو راگەیاند.
ژیتم (JİTEM) کورتکراوەی «هەواڵگری و دژەتیرۆری ژاندارمەری»یە؛ دامەزراوەیەکی نافەرمی و نهێنی ئەمنی-سەربازی کە لە ساڵانی ١٩٨٠ لە تورکیا دروست بوو. ئەرکی سەرەکیی ئەوە بوو کە دژایەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بکات، بەڵام بەکردەوە بوو بە رێکخراوەیەکی نهێنی و نایاسایی کە لە کوشتارە سیاسییەکان، ونکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجە و ئۆپەراسیۆنە قیزەونەکان دژ بە چالاکوانانی کورد، رۆژنامەنووسان و دژبەرانی سیاسی لە باکوور کوردستان رۆڵی ڕاستەوخۆی هەبوو.
