
دامەزراوەی ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوە لە جەنگ (ISW) نەخشەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە ئامادەکارییە ئەمنییە پێشنیار کراوەکان لە باشووری سوریا پیشان دەدات؛ لە هەمان کاتدا، میدیاکانی ئیسرائیل و رۆژئاوا راپۆرتیان داوە کە رێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان دیمەشق و تەلئەبیب نزیکە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، ئەم رێککەوتنە وێدەچێ پێش کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ بکرێت. ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی حکومەتی راگوزەری سوریا، بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا دەکات.
بەپێی نەخشەی بڵاوکراوەی ISW، ناوچەی باشووری سووریا بەسەر سێ بەشدا دابەش دەبێت:
ناوچەی ١: ناوچەی ناوبڕی ئێستا لە نێوان ئیسرائیل و پارێزگای قنێترە کە دوو کیلۆمەتر بەرەو ناو خاکی سووریا دیتە ژوورەوە.
ناوچەی ٢: بازنەیەکی نزیک لە سنووری ئیسرائیل کە قەبارەی وردی هێشتا دیاری نەکراوە. لەم ناوچەیەدا هێزە سەربازییەکان و چەکە قورسەکانی سووریا قەدەغە دەبێت، بەڵام خزمەتگوزارییەکانی پۆلیس و ئاسایشی گشتی سووریا مۆڵەتی چالاکییان پێدەدرێت.
ناوچەی ٣: ناوچەیەک لە نێوان سنوورە نادیارەکانی ناوچەی ٢ و دیمەشق کە وەک ناوچەی دژە فڕین دیاری دەکرێت. هێشتا روون نییە کە ئایا هێزی سەربازی و چەکووچۆڵی قورس لەم ناوچەیە رێگەپێدراون یان نا.
پێشتر ماڵپەڕی هەواڵی ئاکسیۆس ڕاپۆرتی دابوو کە لە لەندەن خولێکی دانووستان لە نێوان سوریا و ئیسرائیل بەڕێوە چووە و ئیسرائیل پێشنیارێکی وردی بۆ دروستکردنی سێ ناوچەی ناسەربازی لە باشووری سووریا بە حکومەتی کاتی داوە. ئەگەر ئەم رێککەوتنە واژۆ بکرێت، جێگەی رێککەوتنی ساڵی ١٩٧٤ دەگرێتەوە و ناوچەیەکی دژە فڕین لە دیمەشقەوە تا سنوورەکانی ئیسرائیل دادەمەزرێنێ.
لەم پێوەندەیەدا، موشێ العاد، سەرھەنگی یەدەگی سوپای ئیسرائیل، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی «i24 News» رایگەیاندووە کە ئیسرائیل رێگە نادات سوپایەکی نوێ لە سوریا پێکبێت.
ئەو وتی: «بابەتی سوپای سوریا لە کاتی دانووستانەکاندا خرایە بەر باس و سورییەکان سەبارەت بە دروستکردنی سوپا پرسیاریان لە ئیسرائیل کرد. ئیسرائیل بە ئاشکرا وەڵامی دایەوە کە سوپایەک لە سوریا پێک نایەت و تەنها هێزێکی پۆلیسی بەهێز دروست دەبێت.»
العادلە جەخت کردەوە کە ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک دامەزراندنی سوپا لە سوریا قبووڵ ناکات، لەبەر ئەوەی ئەمە دەتوانێت لە داهاتوودا مەترسی بۆ تەلئەبیب دروست بکات. ئەو هەروەها ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە ئیسرائیل بە پێچەوانەی سوریا، بەهۆی رێککەوتنەکانی ئاشتییەوە، لەگەڵ سوپای ئوردن و میسر کێشەیەکی نییە.
