
بڕیارە هەفتەی داهاتوودا کۆنفرانسێکی هاوبەش بە بەشداریی نوێنەرانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ژمارەیەک کەسایەتیی دیاری ڕۆژهەڵاتی لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت ئامانجی کۆنفڕانسەکە، وەک ڕێکخەرانی ئاماژەیان پێ کردووە، پاڵپشتی و بەهێزکردنی “بزوتنەوەی ژینا – ژن، ژیان، ئازادی”ـە.
لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەرانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە- ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (KZK) بەشدار دەبن. نوێنەری ئەو لایەنانە بریتین لە: عادل ئەلیاسی، سیامەند موعینی، کۆیستان گادانی، بێهرووز مەلەکشا، جەمیلە ڕەحیمی، میلاد ئەفراز و شەماڵ پیران.
هەروەها ژمارەیەک کەسایەتیی دیار و سەربەخۆ لە نێویاندا عەزیز مامەلی، عوبەید سۆرخابی، ئازاد محەمەدیانی، سەحەر باقری، ڕەشید کرمانج و فەراز فیروزی بەشداریی کۆنفڕانسەکە دەکەن.
ڕێکخەرانی کۆنفڕانسەکە دەڵێن ئەم کۆنفرانسە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا هاوتەریب لەگەڵ ئامانجە هاوبەشەکانی بزوتنەوەی ژینا – ژن، ژیان، ئازادی. هەروەها بەهێزکردنی هاودەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پشتیوانی جەماوەری وەک ئامانجێکی دیکەی کۆنفڕانسەکە دیاری کراوە.
کۆنفڕانسەکە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سێپتەمبەر کاتژمێر ١٠ی بەیانی دەست پێدەکات و ڕێکخەرانی دەڵێن چاوەڕوان دەکرێت ڕۆڵێکی گرینگ بگێڕێت لە پێشخستنی ئایدیای ئازادیخوازی و دادپەروەری شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا.

