
ئەحمەد ئەلشەرع، کە بە ئەبومەحمەد ئەلجولانی ناسراوە و سەرۆکی حکوومەتی کاتی سوریایە، لە دوایین هەڵوێستی خۆیدا سەبارەت بە دانووستانەکانی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕایگەیاند کە ئەم دانووستانانە لەوانەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا بە ئەنجام بگەن، بەڵام بابەتی «ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان» لە ئێستادا لەسەر مێز نییە.
ئەلشەرع ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥ لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز وتی: «واشنتۆن هیچ گوشارێکی بۆ سەر دیمەشق بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل نەهێناوە. ئەگەر ڕێککەوتنی ئەمنی بکریت، ئەگەری ڕێککەوتنی دیکەش هەیە، بەڵام ئاشتی و ئاساییکردنەوە لە ئەجێنداماندا نییە.» ئەو هەروەها جەختی کردەوە کە «هەر ڕێککەوتنێک دەبێت رێز لە ئاسمانی سوریا و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە بگرێت.»
ئەم قسانە لە کاتێکدایە کە ماڵپەڕی ئەمریکی «ئاکسیۆس» ڕۆژی سێشەممە بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار ڕایگەیاند کە ئیسرائیل پێشنیارێکی وردی نوێی بۆ ڕێککەوتنی ئەمنی پێشکەشی حکوومەتی کاتی سوریا کردووە. ئەم پێشنیارە نەخشەی ئەو ناوچە پێشنیارکراوانە لەخۆدەگرێت کە لە باشووری ڕۆژئاوای دیمەشقەوە تا سنوورەکانی ئیسرائیل درێژ دەبنەوە. بە وتەی سەرچاوەکان، گفتوگۆکان پێشکەوتنی هەبووە، بەڵام گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەم قۆناغەدا وێناچێت روو بدات.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، چوار سەرچاوەی ئاگادار بە ڕۆیتەرزیان وتووە کە واشنتۆن هەوڵ دەدات پێش کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی مانگی داهاتوودا، سوریا و ئیسرائیلدا رێککەوتن بکەن. بە باوەڕی ئەم سەرچاوانە، تەنانەت گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی مامناوەندیش دەتوانێت بۆ واشنتون دەستکەوتێکی گرنگ بێت.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکانیش بە ڕۆیتەرزیان ڕایانگەیاندووە کە ئامانجی سەرەکی دیمەشق لە چوونە ناو ئەم گفتوگۆیانە، ئەوەیە کە ئیسرائیل والێبکات کە لەو ناوچانەی لەم مانگانەی دواییدا داگیری کردوون، بکێشێتەوە.
ڕۆژنامەی «ئەلشەرق ئەلاوسەت» بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی سووری نزیک لە دەسەڵاتی دیمەشقەوە نووسیویەتی کە چارەسەری ئەم پرسە بۆ داهاتوو دواخراوە و وێناچێ ئیسرائیل ئیمتیازی گەورە بە سوریا بدات. هەروەها بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئەم ڕۆژنامەیە جەختی کردووەتەوە کە واشنتۆن لە پشتگیریکردنی هەر هەوڵێک بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتییەکی بەردەوام لە نێوان سوریا و ئیسرائیلدا بەردەوام دەبێت.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دەسەڵاتگرتنی ئەحمەد ئەلشەرع، ئیسرائیل دەیان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر خاڵە سەربازییەکانی سوریا ئەنجامداوە. ئیسرائیل دەڵێت کە ئامانجی ئەم هێرشانە، ڕێگریکردنە لە دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی چەکی سوپای بەعس لەلایەن حکومەتی کاتی سوریاوە. ئیسرائیل و سوریا لە ساڵی ١٩٤٨ەوە تاکوو ئێستا پێوەندی فەرمیان نییە، بەڵام لەم مانگانەی دواییدا بە نێوەندگیری ئەمریکا کۆمەڵێک دیداریان پێکەوە هەبووە.
