ڕێبەر ئاپۆ : کوردانی ئەورووپا دەبێ بگەڕێنەوە و زمان، کولتوور و کۆمۆنەکانی خۆیان بونیادبنێن

ڕێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان، لە کۆتا دیداریدا لەگەڵ شاندی ئیمرالی داوای لە گەنجانی کۆچبەری ئەورووپا، کردووە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

ئەندامانی شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دوای ماوەیەکی درێژ لە ٢٨ـی ئاگۆست، لە زیندانی ئیمرالی لەگەڵ عەبدولڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد دیداریان ئەنجام دا.

بەپێی زانیاریی نوێ کە ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردۆتەوە، دیدارەکە ماوەی سێ کاتژمێری خایاندووە و گفتوگۆ لەسەر چەندین بابەتی گرنگ کراوە. لە دیدارەکەدا ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە کۆچی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات هەڵسەنگاندنی گرنگی کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوە داوە، ئەو کەسانەی ڕوویان لە ئەورووپا کردووە، دەبێ لە وڵاتی خۆیاندا ژیانیان بونیاد بنێن و لە خاکی خۆیان دوور نەکەونەوە.

ڕێبەر ئاپۆ ڕەخنەی لە دانیشتووانی ڕحا، ئاگری و ناوچەکانی دیکە گرتووە کە نایانەوێت لە ناوچەکانی خۆیان بمێننەوە و وتوویەتی: ئەمە دەرئەنجامی سیاسەتی دوورخستنەوەیە لە خاک.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە داوە، ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا جەختی لەسەر پێویستیی گفتوگۆیەکی قووڵ و هەمەلایەنە لەسەر هۆکارەکانی جێهێشتن و دوورکەوتنەوە لە وڵات کردۆتەوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا وتویەتی: «من ئیمرالیم پێ باشترە وەک لەوەی بچمە ئەورووپا. بە ڕوونی دەیڵێم، دەبێ قەرزی خۆیان بە خاک و کلتوور بدەنەوە. من هانیان دەدەم بۆ ئەمە. یەکێک لە ئامانجەکانم لەم پرۆسەیەدا گەڕانەوەی ئەو کەسانەیە لە دەربەدەرییەوە بۆ وڵات.»

ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەیدا بە پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە کە کوردانی ئەورووپا دەبێت زمان، کولتوور و کۆمۆنەکانی خۆیان بونیادبنێن.

Live
Hide picture