
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی ژن -هەپەژە، لە سێیەمین ساڵیادی شۆڕشی”ژن، ژیان، ئازادی”ـدا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی هەپەژە بەم شێوەیەیە:
“لە کەسێتی هەموو شەهیدانی شۆڕشدا، بەڕێزەوە یادی شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی” دەکەینەوە و سەری ڕێز بۆ هەموو شەهیدان دادەنەوێنین، دیسانەوە بەڵێنی سەرکەوتن دووپات دەکەینەوە.
ڕاستی مرۆڤایەتی کە ژنان ئافراندووییانە، سەرەڕای هەموو زەحمەتییەکان، بەشێوەیەکی ڕوون لەم خاکانەدا ئەزموون دەکرێت. لە ئاشکراکردنی ڕووی ڕاستەقینەی سیستەمی پیاوسالاریی و ڕاستی دەوڵەت_دەسەڵاتدا، بزووتنەوەکانی ئازادیی ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. هۆشیاریی ئازادی ژنان و ئەزموونەکانی تێکۆشانی ڕێکخراو، ڕێگەی دا بزووتنەوەکانی ژنان لە هەموو جیهاندا سەرهەڵبدەن و پێشەنگایەتی تێکۆشانی دژ بە سیستەم بکەن. ئەو پەیامە سەرەکیانەی کە ملیۆنان ژن لەم چالاکییەدا دەریاندەبڕی، ڕەتکردنەوەی ئەم سیستەم و ژیانەی ئێستا بوو.
ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر دەوڵەت و پیاوسالاری و سەرمایەداری، لەگەڵ گۆڕینی سیستەمی ئێستا، بژاردەی ئازادیی ژنانیان خستەڕوو. درووشمی “ژن ئایندەیە” گوزارشتە لەم ڕاستییە. ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرییانەی کە دوو سەد ساڵە لە هەرێمەکەدا باڵادەستن، لە چوارچێوەی ئەو سنوورەی دەوڵەت دایناون، تێکۆشانی ماف و ئازادیی ژنانیان گرتە دەست. تاک و ڕێکخراو و دامەزراوەکان کە لەو چوارچێوەیە دەرکەوتوون، ڕووبەڕووی کردەوە و فشاری جددی بوونەتەوە، و ڕێگەیان پێنەدراوە گەشە بکەن. خەباتی ژنان لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا گەشە دەکات. نموونەی ئەمەش لە هێرشی ١٣ـی ئەیلوول بۆ سەر کچە کورد ژینا ئەمینی و پێش ئەویش شلێر ڕەسوڵی دەبینین. بەو مافە سنووردارانەی کە زۆربەیان تەنها لەسەر کاغەز ماونەتەوە، هەوڵدراوە ژنان ببنە باشترین ژنی ناو ماڵ و خزمەت بە سیاسەتەکانی دەوڵەت_نەتەوە بکەن. لەناو ئەو سیستەمەی کە ڕێژیمی ئێران بەڕێوەی دەبات، پڕوپاگەندەی ئەوە دەکرێت کە هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە پرسی ژنان زۆرباشە.
لە سەدەی بیستەم خۆپاراستن لە بەرانبەر ئەم سیستەمەدا، بەتایبەت بۆ ژنان کە بوونەتە ئامانجی نەخشەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بووەتە پێویستییەکی ژیانیی حاشاهەڵنەگر. تەڤگەریی ئازادی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرەوپێشبردنی ئەم هۆشیارییەدا.
خۆپاراستن لە مانا بەرفراوانەکەیدا، واتە پاراستنی خۆت و بەها و شکۆ و دەسکەوتەکانت. بۆیە شۆڕشی ژنان پرسی هەبوونە. دەوڵەت و پیاوسالاری بە ڕێبازی توندوتیژیی جەستەیی و سایکۆلۆژیی و ڕەگەزی و ئابووری و زارەکی، هەوڵدەدەن ژنان بێ پاراستن بهێڵنەوە و ملکەچیان بکەن. هۆشیارکردنەوەی ژنان بەرانبەر پیاوسالاری و فاشیزم، لەگەڵ ئاشناکردنیان بە ستراتیژەکانی خۆپاراستن، بابەتێکی ژیانییە.
لە پاراستنی تاکەکەسییەوە تا پاراستنی ڕێکخراو، لە پاراستنی یاساییەوە تا نایاسایی، هەم وەک بەسوپابوون و هەم وەک یەکینەی خۆپاراستن، پێویستی بە بیرلێکردنەوە و ڕێکخستن و چالاککردنە. پەرەپێدانی ئیرادە و ڕێکخستنێک کە بەرانبەر توندوتیژی بووەستێتەوە، هەوێنی بنیاتنانی ناسنامەی ژنانە لەسەر بناغەی ئازادیی. لە ئەزموونی تەڤگەری ئازادیی ژنانی کوردستاندا، هەنگاوی یەکەم لەڕێگەی فیکر و چالاکیی ئازاد و ڕێکخستنی خۆسەر و بە سوپابوونی ژنانەوە، هاوێژرا. هێندەی بڵندکردنەوەی ئاستی ئازادیی ژنان، ئەوەندەش بە ژیان و چالاکییەکانیان پیاوسالارییان هەڵوەشاندەوە.
خۆپاراستن دەبێت ئامانجی ئەوە بێت کە ببێتە هێزێک بۆ پاراستنی شۆڕشی ژنان، هەروەها هێندەی تر خۆی ڕێکبخات و هەوڵبدات بۆ بەهێزبوون. دەبێت ژنان ئەزموونە تاقیکراوەکان ببینن، ئەو ئەزموونانەی پشتگیریان لێ دەکەن، زانیارییەکانی ئەزموونەکان لەنێو خۆیاندا هاوبەش بکەن، هەموو ئەمانە بکەنە ئامانجی خۆیان.
بەرخۆدانی ژنان کە لە زیلان پەپوولە و مادۆرا و شیرین ئەلمحولی ئاریەن ئارێ خۆی دەنواندەوە، لە چیاکان و زیندانەکان بەردەوامە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێبازەکانی شەڕی بەتایبەت دژی ژنان بەکاردەهێنرێن. لەگەڵ ئەمەشدا، پۆتانسێڵێکی بەهێزی ژنی شۆڕشگێڕ هەیە. بەهێزی پاراستنی هەپەژە، ڕێکخستنی ژنان لە بواری خۆپاراستندا، هەوڵدەدرێت ئەم پۆتانسێڵە زیاتر ڕێکخراو بکرێت.
ژنانی فارس و بەلووج و ئەفغان و ئازەری کە ڕووبەڕووی کێشەی سەخت و کۆمەڵکوژیی ژنان دەبنەوە، خاوەنداری لێ دەکەن و دەیپارێزن. خۆی لە خۆیدا ئەم پۆتانسێڵە لە شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی”دا دەرکەوت، هەمان ئەو شۆڕشەی مۆرکی خۆی لە ساڵی ٢٠٢٢ دا و بە سەراپای جیهاندا بڵاوبووییەوە. پێشکەوتنی شۆڕشەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە خاوەنی کولتوورێکی کۆمیناڵیزم و ژنی بەهێزە، لە ئاستی ڕاپەڕین و شۆڕشی ژناندا پەرەی سەند.
ئەو شۆڕشەی بە شلێر ڕەشیدی و ژینا ئەمینی دەستی پێ کرد، بە درووشمی ”ژن، ژیان، ئازادی” تەشەنەی سەند و کاریگەریی لەسەر هەموو جیهان دانا. لەگەڵ ئەو شۆڕشەی بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێ کرد، فۆرمەڵە ئەفسووناوییەکەی ڕێبەرێتی ”ژن، ژیان، ئازادی” وەک درووشم و فەلسەفەیەک بۆ شۆڕشی ژنان، لە تەواوی جیهان دەنگی دایەوە. هەرچەند زۆر لایەن ویستیان ئەم درووشمە بکەنە موڵکی خۆیان، هەندێکیش ویستیان لەبری ئەوە، درووشمی تر بەرزبکەنەوە، بەڵام هیچ کام لە هەوڵەکان سەرنەکەوتن. شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی” بۆ تەواوی جیهان بووە هیوای شۆڕش.
وەک هێزەکانی هەپەژە، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی ئەم شۆڕشە جێبەجێ دەکەین، وەک هێزێکی پێشەنگ خاوەنداری لە بەهاکانی شۆڕش دەکەین. دیسانەوە بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە دووپات دەکەینەوە، بانگەواز لە هەموو ژنان دەکەین بە درووشمی ”ژن، ژیان، ئازادی” بەرەو کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی هەنگاوبنێن و بەرخۆدانی ژنان بگۆڕن بۆ شۆڕشی ژنان.”
