ترەمب پاش هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە لەگەڵ سەرۆک‌وەزیرانی قەتەر کۆدەبێتەوە

بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە دۆناڵد ترەمب، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ لە نیویۆرک لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک‌وەزیرانی قەتەر، کۆدەبێتەوە؛ ئەم کۆبوونەوەیە چەند ڕۆژێک دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە ئەنجام دەدرێت.

ئەم بەرپرسە ئەمریکییە هیچ وردەکارییەکی سەبارەت بە کات یان ڕۆژەڤی کۆبوونەوەکە نەخستووەتە ڕوو.

ئێسرائیل ڕۆژی سێشەممە لە هێرشێکدا بۆ سەر قەتەر هەوڵیدا سەرکردە سیاسییەکانی حەماس بکاتە ئامانج؛ هێرشێک کە بە وتەی چاودێران، دەتوانێت هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ نێوەندگیری ئاگربەست لە غەززە بخاتە مەترسییەوە.

ئەم هێرشە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا رەخنەی لێگیرا. رەخنەگران دەڵێن ئەم رووداوانە دەتوانێت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەی کە هەیە ئاڵۆزتر و ناسەقامگیرتر بکات.

ترەمب، لە کاتێکدا کە سەرکۆنەی هێرشەکەی کردووە، بەڵێنیداوە کە ئەم جۆرە ڕووداوانە “دووپات نەبێتەوە”، هەرچەندە جەختی کردۆتەوە کە کوشتنی سەرکردەکانی حەماس “ئامانجێکی بەنرخە”. حەماس دەڵێت سەرکردەکانی لەم هێرشەدا نەکوژراون.

بە پێی ڕاپۆرتی پۆلیتیکۆ، پاش ئەم هێرشە کەسانی نزیک لە ترەمب سەبارەت بە کارەکانی بینیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و وتوویانە کە ئەم کارانە پڕۆسەی گفتوگۆکانی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لاواز دەکات.

قەتەر یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی واشنتۆن لە کەنداوە و ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە نێوەندگیری گفتوگۆکانی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماس و ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل‌دا.

سەرۆک‌وەزیرانی قەتەر پێشتر ئیسرائیلی تۆمەتبار کردبوو کە دەیەوێت هەلی ئاشتی لەناو ببات، بەڵام رایگەیاندووە دەوحە لە ڕۆڵی نێوەندگیری خۆی دەست ناکێشێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە کە سەرۆک‌وەزیرانی قەتەر لە کاتی سەردانەکەیدا لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆدەبێتەوە.

Live
Hide picture