تیرۆری چاڕلی کێرک، کەسایەتی کۆنەپارێز و راست‌ڕەوی لایەنگری ترەمپ


چاڕلی کێرک، ئینفلوئەنسەر، چالاکوانی راستڕەوی ئەمریکی و لە لایەنگرانی نزیک بە دۆناڵد ترەمپ، لە کاتی وتاردان‌دا لە شاری یوتا کەوتە بەر هێرشی چەکداری و کوژرا.

بە گویرەی میدیاکانی ئەمریکا، ئەم رووداوە لە حەوشەی زانکۆی “یوتا ولی” رووی داوە. کێرک، ٣١ ساڵە، لەم شوێنەدا و بۆ هەزاران بەشدار خەرێکی وتاردان بووە. سەرچاوەکان دەڵێن لە بینایەکی بەرامبەرییەوە کەسێکی نەناسراو تەقەی لە کێرک کردووە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، گیانی خۆی لە دەست داوە. کەسێک وەکوو تاوانبار دەستبەسەر کرا بەڵام دوای لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس ئازاد کرا. ئێف بی ئای رایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەکان هەروا بەردەوامن.

چارلی کێرک لە تەمەنی ١٨ ساڵی‌دا و بە دامەزراندنی ناوەندێكی خوێندکاری کۆنەپارێز بە ناوی (Turning Point USA) بە خێرایی بوو بە یەکێک لە ‌هێماکانی نەوەی نوێی کۆنەپارێز لە ئەمریکا. ئەو لە لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ بوو و بە ملوێنان بەردەنگی لە پۆدکاستی خۆی نە ناوی(The Charlie Kirk Show) هەبوو. کێرک هەروەها یەکێک لە لایەنگرانی شێلگیری هەڵگرتنی چەک لە ئەمریکا بوو.

دژکردەوەکان سەبارەت بە تیرۆری کێرک زۆر بوون. دۆناڵد ترەمپ ئەوی بە “ئەفسانە” دانا و بڕیاری دا کە ئاڵاکانی ئەمریکا تاکوو رۆژی یەکشەممە (١٤ی سێپتەمبەر) نیوە چەماوە بن. جی دی وەنس، جێگری ترەمپ، “ئارامییەکی ئەبەدی” بۆ بە هیوای خواست. لە لایەکەی دیکەوە، کەسایەتیگەلی وەکوو جۆ بایدن و باراک ئۆباما ئەم هێرەشەیان مەحکووم کرد و وتیان ئەم کارە پێچەوانەی بایخەکانی دیموکراسییە. پارێزگاری کالیفۆڕنیا، “گاڤین نیوسام”‌یش ئەم هێرشەی بە “قیزەون و جێگای شەرم” دانا.

تیرۆری کێرک لە کاتێکدا روو دەدات کە دۆخی سیاسی ئەمریکا بە تەواوی دووکەرت بووە و توندووتیژییەکانی پێوەندیدار بە چەکەیشەوە روو لە گەشەیە. ئەم رووداوە، تەقە لە “دۆناڵد ترەمپ”مان بیر دێنێتەوە کە لە کاتی کۆبوونەوەکانی هەڵبژاردندا فیشکی پێوە‌نرا و گۆی بریندا بوو.

 

Live
Hide picture